وەزیری ناوخۆ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی بادن کۆبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا، لەگەڵ موحتەرەم ئاراز سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی بادن ڤیتنبێرگی ئەڵمانیا کۆبووەوە.

وەزیری ناوخۆ بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکوومەت و گەلی ئەلمانیای کرد بۆ هاوکاری مرۆیی و سەربازی لە شەری دژی داعش، بەتایبەت هەرێمی بادن ڤێتنبێرک، بەتایبەتی بۆ پشتگیری بەردەوامیان بۆ ئاوارە و پەنابەران و هێنانی ژمارەیەک لە ئافرەت و منداڵی لێقەوماوانی ئیزیدی لە کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا.

لەبەرامبەریشدا سەرۆکی پەرلەمان سوپاس و ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بەرامبەر پێشکەشکردنی هاوکاری و حەواندنەوی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەران و داکۆکیکردن لە چەسپاندنی بەهاكانی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە ھەرێمی کوردستان.

بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەنێوان هەردوو هەرێم لە رووی ئەمنی و کولتووری و گرینگیی بەردەوامی هاوکاری مرۆیی و هەوڵی هاوبەش بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.

ھەواڵی زیاتر