هاوکارییەکە ئەو هاووڵاتییە ئێزدییایە دەگرێتەوە کە لە دەستی داعش ڕزگار کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھاوکاریی دارایی بەسەر سێ ھەزار و پێنج سەد و حەفتا و شەش ھاووڵاتیی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش، دابەشدەکرێت. سەرۆکی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش، دەڵێت: سەرۆکوەزیران بەردەوام پاڵپشتیی لە ئێزدییەکانی کردووە و ھەوڵی دەستبەرکردنی مافەکانی داوە و لە ماوەیەکی نزیکدا سەنتەرێکی پشتگیری کۆمەڵایەتی و چارەسەری دەروونی دەکرێتەوە.

سەعید جردۆ، سەرۆکی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ھاوکارییە داراییەکە ھەموو ئەو ھاووڵاتییە ئێزدییایە دەگرێتەوە کە لە دەستی داعش ڕزگار کراون، تەنانەت ئەوانەی دوای ئازادکردنیان چوونەتە دەرەوەی وڵات.
سەعید جردۆ، ڕوونیشی کردەوە، ئەو ھاووڵاتییە ئێزدییانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، دەتوانن بە ئۆنلاین فۆرمێک پڕ بکەنەوە کە لەلایەن بنکەی لالشەوە بڵاو کراوەتەوە و بەردەستە.
سەرۆکی بنکەی لالش، سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێدانی ئەو ھاوکارییە داراییە و جەختیشی لەوە کردەوە، سەرۆکوەزیران بەردەوام پاڵپشتیی لە ئێزدییەکانی کردووە و ھەوڵی دەستبەرکردنی مافەکانی داوە.
ڕوونیشیکردەوە: کات و شوێنی دابەشکردنی ھاوکارییە داراییەکە دیاری کراوە، بۆ نموونە دوێنێ لە شاریا دەستمان پێ کرد، ئەمڕۆ لە خانکێ، سبەی لە شێخان، چوار شەممەش لە دێرەبوون دابەشدەکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی تایبەتمەند پێکھێندراوە.
سەعید جردۆ، سەرۆکی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش، ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران بۆ ھاوکاریی ماددیی کچان و خوشکانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش، یەکەم ھەنگاو نییە و پێشتریش سەرۆکوەزیران، ھەرکات پێویست بووبێت ھاوکاریی ئێزدییەکانی کردووە، پاڵپشتی دارایی مانگانەی مەسرور بارزانی، بۆ کچان و ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش، ھەنگاوێکی گرنگە، چونکە لەم قۆناغەدا زۆربەی ئێزدییەکان ئاوارەن و لە کەمپەکاندا دەژین، بۆیە ھاوکاریکردنیان لەم قۆناغە جێگای سوپاس و پێزانینی زۆرە و سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەین.
سەرۆکی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش، ئاشکراشی کرد: ئەو ھەنگاوەی سەرۆکی حکوومەت وا دەکات چی دیکە ئێزدییەکان بۆ دەرەوەی وڵات کۆچ نەکەن، لە ھەمان کاتدا لە ماوەیەکی نزیکدا سەرۆکی حکوومەت ھەنگاوی باشتر دەنێت بۆ پشتگیریکردنی ئێزدییەکان، ھەر بە ڕێنمایی سەرۆکی حکوومەت لە ماوەیەکی نزیکدا سەنتەرێکی پشتگیری کۆمەڵایەتی و چارەسەری دەروونی، بۆ گرنگیدان بە ڕزگاربووانی داعش و دابینکردنی دەرفەتی کار بۆیان دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی خزمەتی ڕزگاربووان و قوربانیانی دەستی داعش بکات.
ھەر لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێزدییەکان، ڕۆژی پێنج شەممە، ١٨-٧-٢٠٢٤، بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا، ڕزگاربووانی شاڵاوی تیرۆرستانی داعش کە ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمارکراوە و لە خوێندن دابڕاون، تەواوی ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکو دەست بە خوێندن بکەنەوە.
لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەم فەرمانە وەزارییە دەرکراوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان خۆیان سەرپەرشتیی لیژنەیەکی تایبەتمەند دەکەن بۆ ئەو بوارە، بە تایبەت لە پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەو پێیەی زۆرینەی ڕزگاربووان لەو سنوورە نیشتەجێن، تەواوی دەستەڵاتەکان بۆ بەدەرکردن لە مەرجەکانی تەمەن، دەبەخشرێتە بەڕێوەبەری گشتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان بۆ بابەتی ئاماژە پێ کراو بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ڕزگاربووان بۆ سەر خوێندن، ھەموو ئەو ڕزگاربووانەی پۆلی ٩ـی بنەڕەتییان تەواو کردووە، بەڵام دواتر کەوتوونەتە دەستی داعش، لە خوێندن دابڕاون و دوای ئازادکردنیان تەمەنی یاساییان تێپەڕیوە، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، ھەموویان لە مەرجەکان دەبەخشرێن و دەتوانن لە ھەر پەیمانگەیەکی حکوومی کە بیانەوێت بخوێنن، ھەروەھا ھەموو ڕزگاربووانی دەستی داعش ئەوانەی ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمار کراوە و دەرچوونی پۆلی ٩ـی بنەڕەتی بن، مافیان ھەیە لە ھەموو پەیمانگە ئەھلییەکان بخوێنن بەبێ بەرامبەر بۆ ھەر پێنج ساڵی خوێندن.

ھەواڵی زیاتر