هەولێر.. 19ساڵەی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەکی ژینگەیی بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ یەکشەممە 4-8-2024 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و مووسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندرووستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمێک بۆ نۆزدە ساڵەی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەچوو.

لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا، پڕۆژەیەکی ژینگەیی لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕاگەیەندرا، کە بریتی بوو لە چیتر بەکار نەهێنانی بووتڵی پلاستیکی ئاو و بەکارهێنانی مەتارەی ستیل و فافۆن وەک هەنگاوی سەرەتا لەنێو ئیدارەی دەزگا و هەوڵدان بۆ گواستنەوەی بیرۆکەکە بۆ سەرجەم دامودەزگاکی دیکە.

لە گوتەیەکدا مووسا ئەحمەد، وێڕای پیرۆزبایی نۆزدە ساڵەی دامەزراندنی دەزگا لە مەسروور بارزانی سەرۆکی بۆردی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تەواوی کارمەندانی، ڕایگەیاند، هەر لە کۆنەوە روئیا و دنیابینیی بارزانی نەمر جەختکردنەوە بووە لە پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان.
ئەوەشی خستەڕوو، دەزگای خێرخوازی بارزانی باوەشی بۆهەزاران ئاوارەی دەستی داعش کردەوە و شوێنی مانەوەو خواردنی بەردەوامی بەهەماهەنگی و هاوکاری دەزگامرۆییە ناوەخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ دابینکردن.

پاشان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد، تێیدا ڕۆڵی کاریگەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناوەوە و دەرەوە بۆ بەهانای لێقەوماوانەوە روونکردەوە و جەختیشی کردەوە، دەزگای خێرخوازی بارزانی دەزگایەکی گەورەی خێرخوازیی نیشتمانییە، دیوەکەی تری پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە هاوشانی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

پارێزگاری هەولێر هەروەها ڕاشیگەیاند، ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەکی ژینگەیی لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی، زیندووڕاگرتنی رێبازی پیرۆزی بارزانی نەمرە، وێڕای خەباتی سیاسی، جەخت لە پاراستنی ژینگەی کوردستان دەکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر