نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:هه‌میشه‌ پشتیوانی و به‌رگری له‌ مافه‌كانی ئێزدییان ده‌كه‌ین

به‌يانيى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2024/8/3 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى يادى ده‌ ساڵه‌ى جينۆسايدى ئێزديدا كرد كه‌ له‌ له‌ لايه‌ن زانكۆى كوردستان هه‌ولێر و نووسينگه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێنراوانى ئێزدييه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر ساز كرا.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان نوێنه‌رى سه‌ركۆمارى عێراق، نوێنه‌رى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، ميرى ئێزدييان و بابه‌شێخ و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى حكوومى و حزبيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ديپلۆماتكاران و چه‌ندين چين و توێژى ئێزدى و ميوانان ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وتارێكى پێشكه‌ش كر، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى:

جه‌نابى ميرى ئێزدييان، مير حازم ته‌حسين به‌گ،

جه‌نابى بابه‌شێخ،

خوشك و برایێن خۆشەویست یێن ئێزدی،

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..

به‌يانيتان باش..

هه‌موو لايه‌كتان به‌ خێر بێن بۆ ڕێوڕه‌سمى يادى به‌ئازارى ده‌ ساڵه‌ى جينۆسايدى ئێزدييان. يادى يه‌كێك له‌ تاوانه هه‌ره‌ دڕنده‌كانى مێژوو، كه‌ ئه‌مڕۆ دواى ده‌ ساڵ، هێشتا برينێكى كراوه‌يه‌ و تا ئێستا هاووڵاتييانى ئێزديمان به‌ ده‌ست لێكه‌وته‌كانييه‌وه‌‌ ده‌ناڵێنن. يادى تاوانكارييه‌كى ديكه‌ى ترسناك كه‌ چووه‌ ڕيزى كيمياباران و ئه‌نفال و ڕاگواستن و زينده‌به‌چاڵكردن، وێرانكردن و هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ گه‌ل و خاكى كوردستان كروان.

شه‌هيدبوونى زياتر له ‌(5,000) كه‌س كه‌ سه‌تانيان پێكه‌وه‌ گولله‌باران كران و له‌ نزيكه‌ى (100) گۆڕى به‌كۆمه‌ڵدا خرانه‌ ژێر خاك، ڕفاندنى زياتر له‌ (6,417) كچ و ژن و منداڵى ئێزدى، به‌سه‌بيكردن و كڕين و فرۆشتنيان له‌ بازاڕه‌كاندا كه‌ به‌داخه‌وه‌ هێشتا چاره‌نووسى (2,596)يان نادياره‌، وێرانبوونى شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى، ده‌ربه‌‌ده‌ربوونى سه‌تان هه‌زار خه‌ڵكى شه‌نگال و ناوچه‌كه‌، ئازار و حه‌سره‌تى هه‌موو ئه‌مانه‌، نه‌ له‌ (10) ساڵدا، هه‌تاهەتايه‌ له‌بير ناكرێن!

جينۆسايدى ئێزدييان له‌ سه‌رده‌مى جيهانى مۆدێرن و پشكه‌وتندا، شۆكێكى گه‌وره‌ى باوه‌ڕنه‌كراو بوو كه ته‌واوى مرۆڤايه‌تى لە جیهاندا هه‌ژاند. بوو به‌ خاڵێكى وه‌رچه‌رخان له‌ مێژووى كوردستان و عێراق كه‌ ده‌بووايه‌ زۆر جدديتر هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر بكرێت و هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى پێكه‌وه‌ كار بكات بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رگيز و هەرگیز له‌ شوێنێكى ديكه‌ ئەم تاوانە دووباره‌ نه‌كرێتەوە. هه‌موو هه‌وڵێك بخرێته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى تاوانكاران به‌ سزاى خۆيان بگه‌ن، دادپه‌روه‌ر‌ى بۆ قوربانييان جێبه‌جێ ببێت‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك قوربانییان قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌! له‌م ياده‌دا به‌وپه‌ڕى شكۆدارييه‌وه‌ يادى قوربانييان ده‌كه‌ينه‌وه‌. له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا سه‌ر داده‌نوێنين. ئه‌وان بۆ هه‌ميشه‌ له‌ يادى هه‌موو كوردستانييه‌ك و هه‌ر مرۆڤێكى به‌ويژداندا ده‌مێننه‌وه‌.

سڵاو و ڕێز بۆ ماڵبات و كه‌سوكارى دڵبرينى قوربانييان. له‌ نزيكه‌وه‌ هه‌ست به‌ ژان و ئازاريان ده‌كه‌ين. ئاگادارين و ده‌زانين به‌رده‌وام له‌ چ حه‌سره‌ت و ئاهـ و خه‌مگينييه‌كدا ڕۆژ و شه‌وانيان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. هاوسۆز و هاوخه‌م و هه‌ميشه‌ پشتيوانيانين.

به‌ڕێزان،

هه‌ستانه‌وه‌ له‌ جينۆسايد، ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ ژيان، دروستكردنه‌وه‌ى ئومێد و هيوا به‌ داهاتوو بۆ‌ ئێزدييان له‌ دۆخ و سه‌رده‌م و جوگرافياى ئاوادا، كارێكى ئاسان نییە و بەڵكو زۆریش سه‌خته‌‌، به‌ڵام خۆڕاگرى و ئيراده‌يان بۆ ژيان و مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامى، وا ده‌كات ئێزدى چۆن له‌ ڕابردوودا به ده‌يان فه‌رمانى نه‌هێشتن و قڕكردن له‌ناو نه‌چوون‌، ئاوها ئه‌مجاره‌ش له‌سه‌ر سووتماك و نه‌هامه‌تييه‌كانى ئه‌و جينۆسايده‌، هه‌ستنه‌وه‌ سه‌رپێ و ده‌ست پێبكه‌نه‌وه‌.

ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى كراوه‌ بۆ داننان به‌ جينۆسايدى ئێزدييان، هاوكاريى نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌وه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان و لە عێراق بۆ خزمه‌تى ئێزدييان كراوه‌ له‌ دانانى ياساى (ڕزگاربووانى ئێزدى و پێكهاته‌كانى دیكە له‌ مه‌سيحى و توركمان و شه‌به‌ك)، بڕينه‌وه‌ى يارمه‌تيى مانگانه‌ له‌ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و هەروەها پشتیوانی لەلایەن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانەوە كە بۆ يارمه‌تيدانى ئاواره‌ ئێزدييه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شه‌نگال و چه‌ندين هه‌نگاوى ديكه‌ش، جێى ڕێز و پێزانين و ده‌ستخۆشين، به‌ڵام به‌ دڵنيايييه‌وه‌ هيچێك له‌وانه‌ به‌س نين و هێشتا زۆر ماوه‌ كه‌ ده‌بێ بۆ گەلی خۆرشەویستی ئێزدیپیان بكرێت. كه‌مكردنه‌وه‌ى لێكه‌وته‌كانى جينۆسايد، ئه‌رك و به‌ر‌پرسياريه‌تيى هاوبه‌شى هه‌مووانه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ته‌نانه‌ت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش. چاره‌سه‌ركردنى لێكه‌وته‌ى ده‌روونى، كۆمه‌ڵايه‌تى، مرۆيى، ئابوورى و ژينگه‌ييى جينۆسايد، ئه‌ركێكى قورس و درێژخايه‌نه‌ كه‌ توانا و پسپۆڕى و پێويستيى زۆرى ده‌وێت. ئێمه‌ هه‌موومان جگه‌ له‌ به‌رده‌وامى و سه‌رخستنى ئه‌و ئه‌ركه‌، هيچ ڕێگه‌يه‌كى ديكه‌مان له‌پێش نييه‌ و ده‌بێ بيكه‌ين. ده‌بێ چاره‌نووسى ونبووان ئاشكرا بكرێت و كه‌سوكاريان له‌ ئازارى به‌رده‌وامى چاوه‌ڕوانى ڕزگار بكه‌ين.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌موو خوشك و برايانى ئێزدى دڵنيا ده‌كه‌ینەوە‌ هه‌تا تاقه‌ ڕفێندراوێك مابێت، كارى تيمه‌كانى‌ نووسينگه‌ بۆ ڕزگاركردنى ڕفێندراوانى ئێزدى به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌ هه‌زاران قوربانى بۆ ماوه‌يه‌كى درێژخايه‌ن پێويستييان به‌ چاره‌سه‌رى ده‌روونى و چاودێريى تايبه‌تی هه‌يه‌، ده‌بێ بۆيان مسۆگه‌ر بكرێت و يارمه‌تییان بدرێت بۆ گێڕانه‌وه‌يان بۆ ژيانى ئاسايى. شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى، پێويستی به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارى و مسۆگه‌ركردنى ئارامى و سه‌قامگيرى هه‌يه‌. بۆيه‌ پێويسته‌ حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هاوكارى بكات بۆ جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنامەی شەنگال و ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخەكەی.

پێويسته‌ خزمه‌تكردنى خه‌ڵكى شه‌نگال و پێكهاته‌ى ئێزدى، كارى له‌پێشينه‌ى هه‌موومان بێت. هه‌موو پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى چيتر شه‌نگال و ئێزدى نه‌بنه‌ گيرۆده‌ى ئه‌جێنداى حزبى و سياسى و بارمته‌ى ده‌ستى هاوكێشه‌ و هێزه‌ ناوچه‌يييه‌كان. شه‌نگالييه‌كان ده‌بێ خۆيان كارو‌بارى خۆيان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و چيتر ديلى ده‌ستى هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى سنوور نه‌بن. بۆيه‌ PKK و هه‌ر هێزێكى ناياسايى، ده‌بێ شه‌نگال بەجێبهێڵن تاكو هه‌مووان پێكه‌وه‌ بتوانن ئاسايش، ژيان، ئاوه‌دانى، ئومێد و هيوا بگێڕينه‌وه‌ بۆ شه‌نگال. له‌ عێراقى فره‌ئايين و نه‌ته‌وه‌دا، بوونى كاراى دامه‌زراوه‌كان و جێبه‌جێكردنى ده‌ستوور، گه‌ره‌نتيى پاراستنى هه‌موو پێكهاته‌كان و ماف و ئێستا و داهاتوويانه. كليلى ئارامى و سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتنى وڵاته‌، بۆيه‌ ده‌بێ هه‌موومان كار بكه‌ين بۆ جێبه‌جێكردنى ده‌ستووری هەمیشەیيی عێراق.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..

ئێزدياتى، ئايينى ژياندۆستى، مرۆڤدۆستى و يه‌كترقبووڵكردنه‌، كێشه‌ى له‌گه‌ڵ هيچ ئايين و باوه‌ڕێكى ديكه‌دا نييه‌. ئێزدى به‌ سروشتى خۆيان خه‌ڵكێكن زۆر حه‌ز ده‌كه‌ن به‌ خۆشى و ئاشتييانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا بژين، بۆيه‌ كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى تا بڵێى حه‌ز به‌ ئاشتى و ئارامى و سه‌قامگيرين. له‌گه‌ڵ وڵات و گه‌ل و ده‌ر و دراوسێدا زۆر دڵسۆز و مرۆڤپه‌روه‌رن، بۆيه‌ ئێزدى بنه‌مايه‌كى گرنگى كولتوورى ده‌وڵه‌مه‌ندى فره‌يى و پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يين له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى و عێراق.

به‌ جينۆسايدكردنى ئێزدييان، داعش ويستى دوژمندارى و لێكترازان و ناكۆكى بخاته‌ نێوان پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ و كولتوورى پێكه‌وه‌ژيانمان تێك بدات. به‌ داخه‌وه‌ له‌ شه‌نگال و لە هه‌ندێ ناوچه‌ى ديكه‌، ئێزدى له‌ خه‌و هه‌ستان و بينييان كه‌ درواسێ و كريڤى چه‌ندين ساڵه‌، به‌رگ و بيرى ڕه‌شى داعشيان پۆشيوه‌ و ده‌ست له‌ هيچييان ناپارێزن. ئه‌وه‌ به‌ ڕاستى جێى ئازارێكى قووڵ و ژانێكى گه‌وره‌يه‌. بۆيه‌ خه‌ڵكى ئێزديمان ئێستا دواى (10) ساڵ له‌ جينۆسايد و مه‌ينه‌تييه‌كانى‌، له‌ هه‌موو شتێك زياتر پێويستييان به‌ دروستكردنه‌وه‌ و بنياتنانه‌وه‌ى متمانه‌يه‌. ئه‌ركى هه‌موومانه‌، له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ هه‌رچى پێويسته‌ بيكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى دڵنيايى، متمانه‌، هيوا و ئومێد به‌ داهاتوويه‌كى گه‌ش و پارێزراو، به‌ ئێزدييان ببه‌خشين. ڕێگه‌يه‌ك بدۆزينه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى به‌ سه‌ر ئه‌واندا هاتووه‌، ئيتر بۆ هه‌ميشه‌ ببێته هۆكارى پاراستن و هه‌رگيز ڕۆژى ڕه‌شى وا نه‌بيننه‌وه‌. جگه‌ له‌و هه‌موو ئه‌ركانه‌ى ده‌كه‌وێتە سه‌ر شانى حكوومه‌ت و لايه‌نه‌ سياسى و په‌يوه‌نديداره‌كان بۆ خزمه‌تكردنى ئێزدييان، دەمەوێت ئاماژە بەو ڕۆڵە گرنگەش بکەم کە زانکۆکان دەتوانن بیگێڕن. زۆر گرنگە دامەزراوە ئەکادیمییەکانمان توێژینەوەی زانستی و تێزى ئەکادیمی بە زمانى جیاواز تەرخان بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ئێزدییەکان كە چۆن ئایین و کولتوور و نەریت و زمانی خۆیان پاراستووە؟

بۆيه‌ داوا لە زانکۆکانمان دەکەم بەشێک لە تێزی ماستەرنامە و دکتۆراکانیان بۆ پرسی ئێزدیيان تەرخان بکەن كه‌ هەموو کایەکانی ژیانيان لەخۆ بگرێت. بەم کارە سەکۆیەک بۆ ئێزدیيان دەڕەخسێنین بۆ دەربڕین و بەرگریکردن لە کەیسەکەیان، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی و میراتيان، تا ببێتە سەرچاوەیەکی بەڵگەنامە و دیکۆمێنت و له‌ سه‌رچاوه‌ جیهانییەکاندا.

له‌ كۆتاييدا به‌وپه‌ڕى‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ يادى ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌ سه‌ركردايه‌تيى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى له‌ ئۆپه‌راسيۆنى ڕزگاركردنى شه‌نگال گيانيان به‌خشى. دروود بۆ گيانى پاكيان، ياديان هه‌ميشه‌ به‌ خێر بێت. سڵاو بۆ خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان ده‌نێرين. سوپاس بۆ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ بۆ تێكشكاندنى داعش يارمه‌تيى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان دا. چۆن پێكه‌وه‌ داعشمان تێكشاند، ئاواش پێكه‌وه‌ به‌ هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، بيرى تاريكى تيرۆر و توندڕه‌وى و توندوتيژى له‌ناو ده‌به‌ين. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌بێ به‌رده‌وام له‌ كار و هه‌وڵ و كۆششدا بين، چونكه‌ داعش بە بۆچوونی ئێمە هێشتا مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌كات‌. ده‌ستخۆشى له‌ زانكۆى كوردستان هه‌ولێر و نووسينگه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێندراوانى ئێزدى ده‌كه‌م بۆ ڕێكخستنى ئه‌م ياده‌.

هه‌ر به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ به‌ ناوى خۆم و ئێوه‌شه‌وه‌، به‌ گه‌رمى ده‌ستخۆشى له‌ به‌رپرسان و تيمه‌كانى نووسينگه‌‌ ده‌كه‌م بۆ ڕزگاركردنى ڕفێندراوان. ڕزگاركردن و گه‌ڕانه‌وه‌ى (3,579) ڕفێندراو كارێكى مه‌زن و مايه‌ى سوپاس و پێزانينێكى زۆره‌، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوام‌. خوشك و برايانى ئێزدى دڵنيا ده‌كه‌مه‌وه‌ كه بۆ هه‌ميشه پشتيوانيان ده‌بين و به‌رگرى له‌ مافه‌كانيان ده‌كه‌ين. له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ به‌پارێزگاكردنى شه‌نگال و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى به‌رده‌وام ده‌بين. كار ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى و نوێنه‌رايه‌تيكردنى سياسى و كارگێڕيى ئێزدييان و هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ داموده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان وه‌ك پێويست و پارێزراو بێت. به‌رده‌وام ده‌بين تا به‌ شێوه‌يه‌كى فراونتر جينۆسايدى ئێزدييان له جيهان بناسرێت و قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌.

ده‌ستخۆشى له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌كه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ر شوێنيك ئه‌م ياده‌ خه‌مگينه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌. سوپاس و ڕێز و پێزانين بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ ساتى يه‌كه‌مى جينۆسايده‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خوشك و برايانى ئێزدى و خه‌ڵكى شه‌نگالدا وه‌ستان، به‌تايبه‌تى خه‌ڵكى دڵسۆز و ميوانپه‌روه‌رى دهۆك و بادينان به‌گشتى كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك باوه‌شيان بۆ لێقه‌وماوانى شه‌نگال كرده‌وه‌. مرۆڤپه‌روه‌ر‌ى و جوامێريى ئه‌وان هه‌رگيز له‌بير ناچێته‌وه‌.

لە كۆتاییدا سڵاو له‌ ياد و گيانى پاكى جه‌نه‌رالى فڕۆكه‌وانى عێراقى (ماجد عبدالسلام التميمي) كه‌ له‌ كاتى يارمه‌تيدانى لێقه‌وماوانى شه‌نگالدا گيانى له‌ده‌ستدا و شه‌هيد بوو. سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەو دەنێرین و هەر لێرەوە سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیمان بۆ بنەماڵەكەی دووپات دەكەینەوە.

دیسانەوە‌ هه‌موو لايه‌كتان به‌ خێر بێن.

زۆر سوپاس..