نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جه‌نه‌ر‌اڵ ڤاول ده‌كات

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 3ـی ئابی 2024، سەرۆکایەتیی هەرێم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی، پێشوازیی له‌ جه‌نه‌راڵ جۆول ڤاول، فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا كرد.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، نێچيرڤان بارزانى، لە دیدارەکەدا سوپاس و پێزانينى بۆ خزمه‌تى جه‌نه‌راڵ ڤاول، له‌ ميانى ئه‌ركه‌كه‌يدا ده‌ربڕى و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى نوێدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها ستايشى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاوكارى و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ تێكشكاندنى داعش دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ جه‌نه‌رال ڤاول، وێڕاى نيشاندانى خۆشحاڵى به‌ كاركردنى له‌ عێراق و سووريا، سوپاس و پێزانينى بۆ هاوكارى و پشتگيريى هه‌رێمى كوردستان له‌ ماوه‌ى ئه‌ركيدا ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.

له‌ ديداره‌كه‌دا، سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسان له‌ هه‌ردوولا ئاماده‌ بوون، هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هێشتا داعش مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ ده‌كات.

جموجووڵه‌كانى داعش و دۆخى عێراق و سووريا و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.