بەم نزیكانە هاوكارییەكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ دوكاندارانی بازاڕی قەیسەری رادەگەیەنرێت

پارێزگاری هەولێر ئاشكرای كرد كە بەم نزیكانە هاوكارییەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دوكاندارانی بازاڕی قەیسەری هەولێر رادەگەیەنرێت و سەرجەم زیانلێكەوتووانی بازاڕەكە هاوكاری دەكرێن.

‎‎ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ری له‌سه‌ر فه‌رمانی مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت زۆر به‌په‌له‌ ده‌ستی پێ كردووە، بڕی پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌ خەرج ده‌كرێت، پرۆسەكە زووتر له ‌ماوه‌ی دیاریكراوی خۆیدا ته‌واو ده‌بێت، بۆ ئەم مەبەستەش دوو كۆمپانیا به ‌به‌رده‌وام و به ‌چه‌ند شه‌فتێك كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

‎راشیگەیاند: دووكاندارانی بازاڕی قەیسەری بۆ ساڵی 2023 له‌ %50ی باج بەخشراون، هەروەها بۆ ساڵی 2024 له‌ %100ی باج ده‌به‌خشرێن، جگە لەوەی له‌ كرێی خاشاك و پاره‌ی كاره‌با و لۆگۆ به‌خشراون، ئه‌وانەشی كرێچیی حكوومه‌تن له ‌به‌شێكی كرێیەكانیان ده‌به‌خشرێن.

ئومێد خۆشناو گوتیشی: بۆ بابه‌تی هاوكاریكردنی دوكاندارانی بازاڕی قەیسەر، سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه‌ و له‌م نزیكانه‌دا هاوكاریی ئه‌م خه‌ڵكه‌ ده‌كرێت.

‎پارێزگاری هەولێر جەختی كردەوە كە جگه‌ له‌و كارانه‌ی بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی دووكانەكان و بازاڕەكە كراوە، سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه‌ تاوەكو هاوكارییان بكرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئێمە وەك پارێزگار و حكوومه‌ت، ئه‌وانه‌ كه‌سوكاری ئێمه‌ن، چییان پێویست بێت له‌ خزمه‌تین.

بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر یەكێكە لەو دەیان بازاڕەی هەولێر و كەركووك و دهۆك كە لەلایەن باندێكی سەر بە پەكەكە و یەكێتییەوە لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا سوتێنران و بەهۆیەوە سەدان دوكاندار زەرەرمەند بوون