لە ٦ مانگی ڕابردوودا هەشتا هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە کراوە

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ٦ مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا زیاتر لە هەشتا هەزار ئۆتۆمبێل و دووسەد و حەفتا و یەک هەزار تۆن کەلوپەلی دیکە هاوردە کراوە.

ئامارەکانی وەزارەتی بازارگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ٦ مانگی ڕابردووی ئەمساڵ بڵاو کرایەوە و تیایدا هاتووە:

بەڕێوەبەرایەتیی پێشانگە و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکان، بەرپرسیارە لە پێدانی مۆڵەتی هاوردە و هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستان کە لە ڕێگەی دەروازە سنورییەکانی، ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، پەروێزخان، باشماخ و هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە ئاڵوگۆڕ کراون.

کۆی گشتیی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو (80.399) ئۆتۆمبیل لەڕێی پێدانی (457) مۆڵەتەوە هاتووە.
هەروەها کۆی گشتیی کەلوپەل و کاڵای تر (271.378) تۆن و (7.531.049) کغم بوە بە بەهای (3.220.060.000) دۆلار هاوردەکراون لە ڕێی (1.802) مۆڵەتەوە.
کۆی گشتیی کەلوپەلی هەناردەکراو (55.672) تۆن و (52.994) کغم بووە لەڕێی (96) مۆڵەتی هەناردەکردن نێردراون.

ئەوەش خراوەتەڕوو؛بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، ئیدارەسەربەخۆکان لەڕێگەی تیمی مەیدانی چاودێریی نرخی کاڵاو دۆخی بازاڕ و پرۆژەبازرگانییەکان دەکات.

کۆی گشتیی سەردانەکان (26.249) سەردان. سەرپێچی تۆمارکراو(1.728) سەرپێچی تۆمارکراوە و سزای (143) شوێنکار دراوە هەروەها (106) شوێن کاریش داخراون. بڕی (267.197) تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەرداگیراوە. بڕی پارەی پسوولەی سزاکانیش بریتیەلە (227.436.200) دینار.
لە ئامارەکەدا ئەوەش هاتووە :بەڕێوەبەرایەتیی دروستکراوی دانەوێڵە، لە شارەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی کارەکانی بریتییە لە وەرگرتنی گەنم لەکۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە و دروستکردنی ئارد و دابەشکردنی بەسەر نزیکەی (3000) بریکار کە لەم ساڵدا پێنج بەشە ئارد دابەشکراوە و هەروەها پێدانی مۆڵەت بەنانەواخانە و سەمونخانەکان کە:

پێدانی مۆڵەتی سەموونخانە (18)

مۆڵەتی نانەواخانە (62)

هەروەها کۆی گشتی سەمونخانەی تۆمارکراو (1798) سەمونخانەیە و نانەواخانەکان (2.855) و شوێنکاری شیرینەمەنی (337) شیرینیخانەیە کە مۆڵەتیان پێدراوە و تۆمارن.
جگە لەوانەش چەندین ئاماری دیکەی ٦ مانگی ڕابردووی ئەمساڵ لە ئامارەکەی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خراوەتەڕوو.

ھەواڵی زیاتر