هەولێر: چیڕۆکی تراژیدیای ئافرەتێکی ڕزگاربووی ئەنفالی بارزانییەکان دەخاتە ڕوو

ڕووخسار و جلەکانی نیشاندەری چیڕۆکێکی خۆشەویستی و ژیانێکی کورتی ھاوبەشییە، لە قەزای ھەریر چیڕۆکی زێڕین نەبی، دوای ٤١ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر تاوانی ئەنفالی بارزانییەکان باس دەکەین، کە ئەو کات تەمەنی تەنیا ١٨ ساڵ و بووکی سێ مانگ بوو کە باوک و ھاوسەرەکەی و ٢٥ کەسی دیکەی ئەنفالکران، بۆ پەیامنێرمان بە چاوی پڕ فرمێسکەوە باسی ڕەشپۆشی ئەو خەونانە دەکات کە ھیچ کات بەدی نەھاتوونە.

زێڕین لەو شەوەی کە ھێرشکرایە سەر کۆمەڵگەی ھەریر برا ١٩ ساڵانەکەی دەشارێتەوە، بەڵام باوک و ھاوسەرەکەی دەستگیر دەکرێن و دەبەن، تەنیا شتێکیش کە بۆ مابێتەوە وێنە و بیرەوەرییەکانی ئەوانن، دەڵێ ئەوان بێ تاوان بوون، بارزانی بوون قوربانی دەوێت.
ژنانی بارزانی دوای ئەنفال و بێسەروشوێنکردنی پیاوان یەکەم قوربانی ئەو کارەساتە بوون، شاڵاوێکی گەورەی قڕکردنی کورد و جینۆسایدکردنی ھەشت ھەزار بارزانی بووە مێژوویی نەتەوەیەک کە ئێستاش لە پشت ڕەشپۆشی دایکان و ژنان و کچانی بارزانی دەیان چیڕۆک و نەھامەتی پڕ تراژیدیا بەدی دەکرێت.
٣١ی تەمووزی ساڵی ١٩٨٣ شاڵاوێک بۆ نەھێشتنی بارزانییەکان بە گەورە و بچووک دەستپێکێک بۆ لەناو بردن و قرکردنی کورد لە بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە قیژە و پاڕانەوەی ژنان و دایکان و کچانی بارزانی ڕق و کینەی سەربازانی ڕژێمی بەعسی کەم نەکردەوە و بە ھەزاران خێزانیان ڕەش پۆش کرد.
زێڕین نەبی، ڕاگەیاند، لە ساڵی ١٩٨٣ بەیانییەکی زوو بوو کاتێک لە خەو ھەستاینەوە بۆ ئەوەی ھاوسەر و باوک و براکانم بچنە سەر کار، جارێک ھەر ھەندەمان بینی سەربازانی ڕژێمی بەعس دەوروبەری کۆمەڵگەکەیان گرتووە، پاش ماوەیەکی کەم بەناو خانووەکان کەوتن و ئەوەی توخمی نێرینە بوو ھەموویان سواری پاسەکان کران و بردیان، ئێمەش وەکو ئافرەتانی کۆمەڵگەکە بە پێیان بەدوای پاسەکان کەوتین، بەڵام بێ سوود بوو.
زێڕین نەبی، زیاتر بۆمان باس لەو چیڕۆکە تراژیدیایە دەکات و دەڵێت: سەربازانی ڕژێمی بەعس ھەر بەوەش نەوەستان، بەڵکو ئازاری ئافرەتەکانیشی دەدا و بە قۆنداغەتفەنگ لێیان دەدا، دەیان گوت بەدوای کەسوکاری خۆتان نەھێن، ئەگەرنا ئێوەش وەکو ئەوان دەستگیر دەکەین و دەبەین، باوکیشم ھەر ئەوەندەی بە من گوت بڕۆنە ژوورەوە و نەھێنە دەرەوە، چونکە ئەگەر ئێوە بریندار و شەھید بکرێن کەس نییە چاودێری منداڵەکان بکات.
دوای گرتنی کەسوکاری ئێمە چەندین ئافرەت تووشی نەخۆشی بوون، کاتێک کە ئافرەتێک مردبایە دەبوایە ئافرەتان چووبانە سەر گۆڕستان و گۆڕیان لێ دابایە و جەنازەیان شاردبایەوە، ئافرەتانی کۆمەڵگەکە ھەموو بەو کولک و کەسەرە چوون، حەفتا و حەفت ئافرەت لەو کۆمەڵگەیە بوون، ئێستا تەنیا دە ئافرەت ماون.
زێڕین، باسی دوای کارەساتەکە دەکات و دەڵێ: دوای گرتنی کەسوکاری ئێمە کەس نەبوو بۆ ئێمە کار بکات، ھەموو ڕۆژێک چواری بەیانی تا ئێوارەیەکی درەنگ بە دوو دینار دەچووینە کرێکاری، منداڵەکانی خۆمان لەناو خانوودا بەجێ دەھێشت و یەک نەبوو نان و ئاویان بداتێ، کارەکەشمان کۆکردنەوەی پیاز و دوورینەوەی گەنم و جۆ بوو، ژیانمان ھەموو دەردەسەری و ناخۆشی بوو، شەوانیش حەرەسیمان لە خۆ دەگرت، چونکە ھیچ پیاوێک نەما بوو و لەوە دەترساین سەربازانی عێراق بێن ئێمەش ببەن، ئەمڕۆش ئازادین، ئەوەش بۆمان ھەموو شتێکە، با سەرۆک بارزانی بۆ ئێمە ساغ بێت ھیچی دیکەمان ناوێت.

ھەواڵی زیاتر