شه‌قامه‌ نوێیه‌ خۆڵییه‌كانی شه‌قڵاوەش‌ كۆنكرێت ده‌كرێت

چواس خالید – هه‌ولێر

به‌ بڕیاری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشكه‌شكردنی پڕۆژە خزمه‌تگوزارییەکان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، كۆنكرێتكردنی شه‌قامه‌كانی ناوخۆی گه‌ڕه‌كی ئازادی له‌ شه‌قڵاوه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و هه‌ردوو پردی پیروه‌رمان نۆژه‌نكرایه‌وه‌، هاوكات خزمه‌تگوزاری گه‌یه‌ندرایه‌ زه‌وییه‌كانی قه‌ره‌بووی ڕه‌شكین.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ دانیشتوانی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ڕۆژانه‌ لێره‌وله‌وێ به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری داده‌نرێت، یه‌كێك له‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌، پڕۆژه‌ی كۆنكرێتكردنی شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كانی گه‌ڕه‌كی ئازادییه‌ له‌ شه‌قڵاوه‌.
له‌ چوارچێوه‌ی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌ پێویستییه‌كان به‌و جێگه‌ و شوێنانه‌ی پێویست ده‌كات ئاوڕی زیادتریان لێ بدرێته‌وه‌، له‌سه‌‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگا له‌ سنووری قه‌زایی شه‌قڵاوه‌، ده‌ستكرا به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی كۆنكرێتكردنی شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كانی گه‌ڕه‌كی ئازادی، له‌لایه‌ن تیمه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی قه‌زاكه‌.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و پارێزگاری هه‌ولێر، له‌سه‌ر داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر، ده‌ستكرا به‌ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری بۆ زه‌وییه‌كانی قه‌ره‌بووی ڕه‌شكین، كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێوان شه‌قامی تێرمیناڵ و شه‌قامی كۆڕنیش.
جیا له‌وانه‌ و هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ٢٩ی ته‌مووزی ٢٠٢٤، هه‌ردوو پردی ئاسنی یه‌ك و دووی پیوه‌رمان، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕێگای سه‌ره‌كی شێخ تورابی سه‌ر به‌ قه‌زای هه‌ریر.
پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو پردی ئاسنی یه‌ك و دووی پیوه‌رمان، له‌لایه‌ن تیمه‌كانی چاككردنه‌وه‌ و پاراستنی ڕێگاوبانی هه‌ولێر نۆژه‌نكرایه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌، كه‌ له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی ده‌كات، به‌پێی ئاماری كاره‌كانی چوار ساڵی سه‌ره‌تای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و ماوه‌یه‌دا سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی جیا جیا، به‌ گوژمه‌ی دوازده‌ ترلیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و هه‌شت ملیار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كردووه‌، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ له‌ كوردستان نموونه‌ییه‌، كه‌ به‌پێی ئاماره‌كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا به‌ به‌رده‌وامی و هه‌موو ڕۆژێك دوو پڕۆژه‌ و نیوی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكراوه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ دنیادا كه‌م وێنه‌یه‌.
پێشكه‌شكردن و جێبه‌جێكردنی ئه‌و ژماره‌ زۆری پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتێكدایه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، به‌ بیانووی جۆراوجۆر، ماوه‌ی ١٠ ساڵه‌ به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌.