تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە ناوی لەخۆی نابوو “عەنتەر”

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر تۆمەتبارێکی بە ناوی (ا. خ. ج) دەستگیركرد کە ناوی لە خۆی ناوە (عەنتەر) و بە ڕەگەز عەرەب لەدایکبووی 1992ـە، ئەو تۆمەتبارە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە و هەڵساوە بە بریندارکردنی هاووڵاتییەکی ئاوارەی عەرەب کە دانیشتووی کۆمەڵگای کانی قرژاڵە بووە لە سنووری پارێزگای هەولێر و هەروەها هەڕەشەی لە چەندین ماڵیش کردبوو، جگە لەوەش بە چەقۆ لە دادخوازی دابوو.

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: دوای ئەنجامدانی ئەم تاوانە، تۆمەتباری ناوبراو هەڵاتبوو بۆ پارێزگای مووسڵ و لەوێ رۆژانە لە رێگای سۆشیال میدیا بە چەک خۆی نمایش دەکرد و هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد، دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان و پاش کۆکردنەوەی زانیاری، توانرا تۆمەتباری ناوبراو دەستگیر بکرێت.

راشیگەیاند: تۆمەتبارەكە دانی ناوە بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە و ئامادەی پێش دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە، دادوەریش بڕیاریداوە بە راگرتنی تۆمەتباری ناوبراو بەپێی ماددەی 405 بڕگەی 31 لە یاسای سزادانی عێراقی.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا كە تۆمەتباری ئامەژەپێکراو، هەڕەشەی لە زیاتر لە 15 ماڵی عەرەبی ئاوارە کردبوو لە کۆمەڵگای کانی گڕژاڵە، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبار، سەرجەم ماڵەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان