هەر شوفێرێكی تەكسی لۆگۆی ناو شاری هەبێت و لە دەرەوەی شار كار بكات سزا دەدرێت

لێپرسراوی لۆگۆی تەكسی لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بەپێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و وەزارەتی ناوخۆ، هەر شوفێرێكی تەكسی لۆگۆی كاركردنی ناو شاری هەبێت و لە دەرەوەی شار كار بكات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت و سزا دەدرێت.

كازم ئەحمەد لێپرسراوی لۆگۆی تەكسی لە سلێمانی رایگەیاند: تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەكی گشتی 26 هەزار و 732 لۆگۆ لە ئۆتۆمبێلەكانی تەكسی دراون.

راشیگەیاند: لەو ژمارەیەی سەرەوەدا، 17 هەزار و 590 تاكسییان لە ناو شار كار دەكەن، لەگەڵ 2 هەزار و 330 تاكسی دیكە كە لە دەرەوەی شار كار دەكەن.

هەروەها رایگەیاند: بەدەستخۆشییەوە ئێستا لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی ناو شار و بازگەكان ئیجرائات لەگەڵ هەموو ئەو تەكسییانە دەكرێت كە كاری تەكسی دەكەن لەنێو شار و دەرەوەی شاردا.

لێپرسراوی لۆگۆی تەكسی لە سنووری پارێزگای سلێمانی جەختیشی كردەوە كە بەپێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و وەزارەتی ناوخۆ، هەر شوفێرێكی تەكسی ناو شار لە دەرەوەی شار كار بكات لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت و سزا دەدرێت، بەپێچەوانەشەوە تەكسی دەرەوەی شار لە كاركردن لە ناوەوەی شار سزا دەدرێت