هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی لە دڵەڕاوکێدا دەژین

پەیامنێری هەولێر

سلێمانی لە مێژووی خۆیدا، زۆر سەردەمی تاریک و ڕەشی بەڕێکردووە و بۆ هەمیشەش ئەو ڕۆژانە لە بیرەوەری خەڵکەکەیدا دەمێنێتەوە، دوای ڕزگاربوونی عێراق لەژێر ستەمی حزبی بەعسی فاشیدا، عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ئاهێکیان بە بەردا هاتەوە و ئارامی و ئاشتی و سەقامگیرییەکی پچڕ پچڕ باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشا و بەراورد بە پێشوو دۆخەکە لە هەموو ڕوویەکەوە گۆڕا.

دەست پێکردنی چیرۆکەکە
دوای هەندێک گۆڕنکاریی سیاسی و حزبی لەم ساڵانەی دواییدا “کە کاری ڕاپۆرتەکەی ئێمە نییە” دۆخی سلێمانی لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک ناجێگرتر دەبوو، کار بەوە گەیشتبوو هیچ بەرپرسێکی حزبی و حکوومی لەو پارێزگایە لە ژیان و سەروماڵی خۆی ئەمین نەبوو، چونکە هێزە ئەمنییەکانی ئەو پارێزگایە لەژێر سیستم و دەزگادا نەمابوون و بوونە هێزی کەسی و بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی کەسی بەکار دەهاتن لەو بارودۆخەشدا کۆنتڕۆڵ کردنی دۆخەکە ئاسان نییە، هەر بۆیە خەڵکی کوردستان و پارێزگای سلێمانی لە ماوەی ڕابردوودا شاهێدی زنجیرە کوشتارێک بوون لە دەڤەرەکە و تەنانەت هەندێک ڕووداوی کوشتن پەڕییەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی کوردستانیش وەک شەهید کردنی هاوکار جاف لە هەولێر لەلایەن تاخمێکی سەر بە هێزەکانی سلێمانییەوە. تا ئێرە بەربەرەکانێ و ململانێی کەسی بووە لەسەر پۆست و پلە و تەسفیە کردنی حزبی بوو، بەڵام چیرۆکەکە لەوێوە دەستی پێکرد هێزە ئەمنییەکانی ئەو سنوورە لەژێر ڕکێف دەرچوون و بە شێوەیەکی نەشیاو مامەڵەیان لەگەڵ هاووڵاتیان و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان دەکرد، تا کوژرانی محەمەد شەریفی ١٧ ساڵان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی نووسینی کۆمێنتی نەشیاو، کە ئەوەیان وەک دەستپێکی چیرۆکی شڵەژانی دەروونی هاووڵاتیانی دەڤەرەکە دەکرێت لە قەڵەم بدرێت.

کوشتنی ئاری چایچی و ڕووداوەکانی دواتر
دوای ڕووداوی کوژرانی گەنجێکی کاسب و بێ تاوانی تەمەن ٣٠ ساڵ بە ناوی ئاری لە گەڕەکی ڕاپەرینی شاری سلێمانی لەلایەن ئەندامێکی هێزەکانی کۆماندۆ، دەنگدانەوە و ناڕەزایی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە لە هەمان گەڕەک و لە شوێنەکانی دیکەی سلێمانیش خەڵکی شاهێدی کوژران و لێدانی هاووڵاتیان بوون لەلایەن هەمان هێزەوە، هەر بۆیە زۆرترین کاردانەوەی بەدوادا هات و چەندین کەسایەتی حزبی لەو بابەتە هاتنە دەنگ، لای خۆیەوە لاهور شێخ جەنگی تاڵەبانی، کە پێشتر هاوسەرۆکی یەکێتی بووە و لە ئێستادا سەرۆکایەتیی لیستێک دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، لە چەندین لێدوانی جیاوازدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، نەیتوانی ئەوە بشارێتەوە کە سلێمانی و هێزە چەکدارەکانی بە دۆخێکی یەکجار خراپدا تێدەپەڕن و ئەو باس لەوە دەکات، ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت جێگەی قبووڵ کردن نییە و بەهۆی ئەو دۆخەی لە سلێمانی دروستیان کردووە، زۆربەی وەبەرهێنەرەکان چوونەتە بەغدا و دوبەی و شارەکانی دیکە.
دەشڵێت؛ هێزی کۆماندۆ کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە مافی ئەوەی نییە بەپێی یاسا خەڵک دەستگیر بکات، ئەمە کاری پۆلیس و ئاسایشە بەڵام نازانم داواکاری گشتی چۆن ئەمە قبووڵ دەکات کە ئەو هێزە بەبێ فەرمانی دادوەر بێت خەڵک دەستگیر بکات.
لاهور شێخ جەنگی باسی لە بێزاریی هاووڵاتییان کرد و ئاشکرای کرد: بەرگی پرتەقاڵییان لە بەری 45 وەبەرهێنی شارەکە کردووە بۆیە ئێستا زۆربەی وەبەرهێنەرەکانی سلێمانی پارەکانیان بردووە و چوونە بۆ بەغدا و دوبەی و شارەکانی دیکە.

بریندار کردنی ٣ هاووڵاتی دیکە
ئەو ڕووداوانەی کە دەدرێنە پاڵ ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و لە ناویاندا ناوی هێزەکانی کۆماندۆ دەهێنرێت، ڕۆژانە یەکجار زۆرن، بە پیی زانیارییەکان شەوی پێرێ ئەندامێکی ئەو هێزە قاچی کرێکارێک دەشکێنێت، ڕووداوەکەش تەنیا هۆکاری ئەوە بووە ئەو چەکدارە داوای لەو کرێکارە کردووە باغداری بۆ بکات و کرێکارەکەش نەیتوانیوە بەو کارە هەڵبسێت هەر بۆیە قاچی کرێکارەکە دەشکێنێت.
هەر ڕۆژی دوێنێش ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە چەمچەماڵ، هەرەمەکی تەقەی کردووە و ٢ هاوولاتی بریندار کردووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و تەقەکەرەکەش هەڵاتووە و ئەگەرچی وێنەی تەقەکەرەکە و ناسنامەکەی ئاشکرا کراوە، بەڵام هیچ هەواڵیک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە نییە کە دەستگیر کرابێت.

هاووڵاتیانی سلێمانی لە دڵەڕاوکێدا دەژین
بەپێی وتەی چەند هاووڵاتیەکی شاری سلێمانی، کە بۆ “هەولێر” قسەیان کرددووە، دۆخی ئەمنی سلێمانی جێگیر نییە و هیچ کەسێک ناتوانێت بە ئاسودەیی و ئارامی بۆ ماوەی شەو و ڕۆژێک لە ماڵەکەی بچێتە دەرەوە، بەهۆی زۆربوونی دیاردەی چەکداری لە شارەکە کە هەر یەکێکیان فەرمان و ڕێگە پێدانی کەسایەتییەکی حزبی و ئیداری هەیە و ئازاد کراوە لەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ خەڵکیدا دەکات. هاووڵاتیەک دەگێڕێتەوە و دەڵێت؛ شەوانە لە هەموو جێگایەک سودفەی کەسانێک دەکەی کە بە ئاشکرا خۆیان دەردەخەن چەکدارن و سەرخۆشانە مامەڵە دەکەن و دەبێت هەمووکات خۆت لێیان بپارێزیت ئەگەر نا زۆر لایان ئاساییە بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانت بهێنن.

مێگزەمینی ئاسیش پڕ لە بتڵە وێسکی بوو
هاووڵاتیەکی دیکە چیرۆکێکی خۆی لەگەڵ ئەو چەکدارانە دەگێڕێتەوە و دەڵێت؛ ویستم ئۆتۆمبێلەکەم بفرۆشم لە ڕێگای ئۆنلاینەوە، ئێوارەیەک کەسێک پەیوەندی کرد و ڕێکەوتین یەک ببینین. نزیکی کاتی مەوعیدەکە تەلەفۆنی کرد وتی چۆن یەک ببینین؟ وتم سەیارەکەم لە بەختیارییە و خۆشم لە سەرچنارم. وتی زۆر باشە منیش نزیکی سەرچنارم و دێم بە دواتا و پێکەوە ئەڕۆین. کە هات مێگزەمینییەکی ڕەشی دەبڵ کابینەی پێبوو کە ڕەقەمی ئاسایش یا کۆماندۆی لێبەسترابوو. سەرکەوتم و دوو کەسی تری لەگەڵ بوو. ناو سەیارەکە پڕبوو لە بتڵی بەتاڵی ویسکی و بیرە. وتم دەوامتان لە کوێیە؟ وتی لە شوێنێکین. وتم شوێن کوێیە؟ وتی ئەوە کەی مەوزوعە! وتم ئەی چۆن سەیارەی ئەمنی دەرئەکەن و ئاوا بە ئیسراحەت پێی ئەگەڕێن و ئەخۆنەوە؟ کەشف بن عقوبە نادرێن؟ وتی نابابە، لەسەر شتی بەسیت عاجزمان ناکەن. وتم وەڵا برا ئێوە پاشان!
لە بەینی خۆیانا قسەیان ئەکرد وەک ئەوەی منی لێنەبم یا لە پێڕی خۆیان بم. مەوزوعیان سێ نوقتە بوو؛ مەشروب و ئافرەتبازی و شەقوەشاندن!

میدیا عەرەبیەکانیش هاتنە دەنگ
دوو ڕۆژنامەی بەناوبانگ و پڕ فرۆشی عەرەبی لەبارەی کوژرانی ئاری تەمەن ٣٠ ساڵەوە لە سلێمانی هاتنە دەنگ و بە کارەسات و ڕووداوێکی دڵتەزێنی لە قەڵەم دەدەن. ڕۆژنامەی عەرەب باس لەوە دەکات بکوژرانی ئەو گەنجە هەمان ئەو تارماییە بوو کە لە تونس بینرا دوای ئەوەی گەنجێک بەهۆی هێزە ئەنییەکانەوە خۆی سووتان. ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەتیش ناڕەزایی و نیگەرانی هاووڵاتیانی خستووەتە ڕاپۆرتێکەوە و باس لەوە دەکات هاووڵاتیانی سلێمانی لە هێزە ئەمنییەکان نیگەرانن.

ھەواڵی زیاتر