٤١ ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانیدا تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ ٤١ ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی ھەشت ھەزار بارزانی تێدەپەڕێت، لە دەرگای ھەر ماڵێکی ئەنفالکراو بدەی ئەلبوومێک ھەیە کە ھەر وێنەیەک زیاتر لە بیرەوەریەکی ئەو تراژیدیایە لەخۆ دەگرێت. لە ڕاپۆرتێکماندا کە کەسوکاری ئەنفالکراوانی بەسەرکردووەتەوە، دەڵێن: دوای ئەنفالکردنی کەسوکارمان توشی ژیانێکی زۆر ناخۆش بووین، ئێستاش گێڕانەوەی ئەو ڕۆژە بۆ ئێمە ئەستەمە، بە دەردەسەری و نەبوونی و لەژێر حوکمی زاڵمانەی بەعسدا منداڵەکانی خۆمان پەروەردە کردووە، ئێستاش کاتێک ئەو ڕۆژانەمان بیر دێتەوە پێمان سەیرە چۆن بێ باوک منداڵەکانی خۆمان بەخێو کردووە، بەڵام ئەو مامەڵە باشەی خەڵکی ھەولێر لەگەڵ ئێمە، کەمێک لە خەمە گەورەکەی ئێمەی سووک کرد، بۆیە چاکە و مەردایەتی خەڵکی ھەولێر ھیچ کاتێک لە بیر ناکەین و خۆمان بە قەرزداری ئەوان دەزانین.

مەرگەساتەکە
پیلانی ئەنفالی بارزانییەکان، دەستپێکی ھەوڵێک بوو بۆ قڕکردنی میللەتێک کە دەویست بە ئارامی و ئاشتی لەسەر خاکەکەی بژیت، بۆ ئەم مەبەستە دوژمنان مەڵبەندی تێکۆشانیان لە بارزان کردە ئامانج، ئەنفالی بارزانییەکان بە ڕاگواستن دەستی پێکرد، بارزانییەکان لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان ڕاگوێزران بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و دەستکرا بەوێرانکردنی دێھاتەکانیان و سووتاندنی دار و زەوییە چێنراوەکان و تێکدانی ژینگە و تاڵانکردنی مەڕوماڵات و بەرھەمە کشتوکاڵییەکانیان، بارزانییەکان بەرلەوەی بەر ھەڵمەتی ئەنفال بکەون لە ساڵانی حەفتاکان بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزرابوون و دواتریش لە ساڵی ١٩٨٠ ھێنرانەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی قوشتەپە، بەحرکە، ھەریر و دیانا، لە ھەردوو کۆمەڵگەی قودس و قادسیە نیشتەجێکران، پاش تەواوبوونی قۆناغی یەکەم، لە قۆناغی دووەمدا گرتن و کۆکردنەوە و ڕاپێچکردن دەستی پێکرد، لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١/٧/١٩٨٣ بە پیلانێکی پێشتر بەرنامە بۆ داڕێژراو حکوومەتی ئەو کاتی بەعس بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حوسێن و قیادەی بەناو شۆڕش لەڕێگەی ئەمنی شیمالەوە ھەڵمەتی ڕەشبگیری بارزانییەکان دەستی پێ کرد و لە ھەریەک لە کۆمەڵگەکانی قوشتەپە، بەحرکە، ھەریر و دیانا ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانی جینۆساید کران، سەدام حوسێن، سەرۆکی گۆڕبەگۆڕی ڕژێمی بەعس خۆی ددانی بەوەدانا کە تاوانی بەرامبەر بارزانییەکان ئەنجام داوە و ئەوەش بەڵگەیەکی مێژووییە لەسەر دڕندەیی بەعس بەرامبەر بە گەلی کورد.
دایکە فاتما حەسەن، باوک، ھاوسەر بە دەیان خزم و کەسی دیکەی ئەنفالن، دەڵێت: لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا کاتژمێر ٤ـی بەیانی بوو ھەر ئەوەندەمان دیت سوپای عێراق دەوروبەری کۆمەڵگەی قوشتەپەیان گرتووە، نەخۆش، پیرەمێرد، پەککەوتە ھەموویان بردن و ئەنفالکران، ئێمەش بە دوایدا چووین بۆ ئەوەی بزانین بابەتەکە چییە، بینیمان برای سەدام حوسێن، بارزان و وەلید ئەلحاشی لەگەڵ سوپاکەدان، دەیان گوت، بە منداڵ و پیر و ئافرەتەوە ھەمووتان دەبەین ئەوە فەرمانی سەدامە، پیاوەکان گوتیان ئێمە ببەن بەس ماڵ و منداڵەکانمان ھیچ لێ نەکەن، ئەوەی ڕەگەزی نێرینە بوو ھەموویان بردن، سواری ئۆتۆمبێلی سەربازیی کران و بردیانە بەردەرگای ناحیەی قوشتەپە، دوای کاتژمێرێک مانەوە ئۆتۆمبێلەکان بەرەو کەرکووک بەڕێکەوتن، وێرای ئەوەی کە ھەموو ژن و منداڵی بارزانییەکان بەدوای ئۆتۆمبێلەکان کەوتن و داوایان کرد پیاوەکان ئازاد بکەن، بەڵام بێھیوا بووین و بە چاوی پڕ فرمێسکەوە گەڕاینەوە.
سافیا ئیبراھیم، ھاوسەرەکەی، خەزوور، برا و مام و چەندین کەسی دیکەی بنەماڵەکەیان ئەنفالن، ڕاگەیاند، لە باشووری عێراق گوازراینەوە بۆ کۆمەڵگەی قوشتەپە و خانوومان بۆ خۆ دروست کرد و سێ ساڵ لەوێ نیشتەجێ بووین، کاتێک ھاوسەرەکەم دەستگیر کرا، بەرەبەیانییەکی زوو بوو، ھاوسەرەکەم دەیویست وەکو ھەر ھاووڵاتییەکی دیکە بچێتە سەر کار، بەڵام ھێزەکانی ڕژێمی بەعس دەوروبەری کۆمەڵگەی قوشتەپەیان گرت و، ھەرچی ڕەگەزی نێرینە ھەبوو لە نێوان دە بۆ نەوەد ساڵی، لەگەڵ خۆیان ڕاپێچیان کردن و بە ئۆتۆمبێلی سەربازی گوازرانەوە بۆ خوارووی عێراق و لەوێ ئەنفالکران.
چیڕۆکی تاقانەیەکی ئەنفال لە زاری خۆیەوە
ئێحسان مەردان، یەکێک لەو بارزانیانەیە کە باوکی بەر ھەڵمەتی جینۆسایدی بارزانییەکان کەوتووە، گوتی: کاتێک باوکم ئەنفالکرا سێ مانگ بوو لەگەڵ دایکم پڕۆسەی ھاوسەرگیری پێکھێنا بوو، حەوت مانگ پاش ئەنفالکردنی باوکم من لە دایکبوومە، واتە پاش بابم، لە کۆمەڵگەی قوشتەبە باوکم ئەنفالکرا، کە بە سەردان چووبووە ئەو کۆمەڵگەیە ئەگەرنا ماڵی ئێمە لە کۆمەڵگەی ھەریر بوو، ئێستاش ھەر لەوێ نیشتەجێین.
ئێحسان، لە نەبوونی باوک و باپیرەکانیدا، مامەکانی دەبنە کەس و پشتیوانی، سەرەڕای کێشە و کۆسپەکانی سەر ڕێگەی، بە حەزەوە قۆناخەکانی خوێندن تێدەپەڕێنێت و دەبێتە مامۆستا، ئەو تاقانەیە، دەشڵێ: پێش ئەوەی ژیانی ھاوسەرگیری پێکبھێنم و منداڵمان ھەبێت، وشەی باوک، وشەیەکی نامۆ بوو لای ئێمە، بێ باوکی دەردێکی ناخۆش و گرانە، لە سۆز و خۆشەویستیی باوک، برا و خوشک بێبەشم، بەڵام من ھەمیشە دەڵێم تاقانەکانی ئەنفال کە پاش باوک لە دایکبوونە جا بارزانی بێت، گەرمیانی، ھەڵەبجەیی و فەیلی بە خوشک و برای خۆمیان دەزانم، چونکە ئێمە ھەموومان یەک کێشە و نەخۆشیمان ھەیە.
دوای ئەنفال ژیانمان زۆر ناخۆش بوو
قومریە ڕەسووڵ، ئافرەتێکی دیکەیە، ئاشکرای کرد: دوای گرتنی کەسوکاری ئێمە، بۆ ماوەی ھەفتەیەک ھیچمان نەخوارد و ھیچ کارێکمان نەکرد و ھەر یەکێک لە ئێمە لە بەردەرگای ماڵەکەی خۆی دانیشت، بۆ ئەوەی بزانین چارەنووسی کەسوکاری ئێمە چی بەسەر دێت، سوپای عێراقیش بەردەوام ئێمەیان ئازار دەدا و بە قۆنداغەتفەنگ لە ئێمەیان دەدا و بەردەوام تەقەیان لە ئێمە دەکرد، ھەر بەو ھۆیەوە چەندین ئافرەت شەھید و بریندار بوون، جگە لەوەی ئاو و کارەبایان لە ئێمە بڕی و ڕێگەیان نەدەدا کەس یارمەتی ئێمە بدات، ھەندێک جار بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ئێمە و منداڵەکانمان ھیچمان نەدەخوارد، ئێستاشی لەگەڵدا بێت ھەر کاتێک دەبێتەوە ئەو ڕۆژە، وا ھەست دەکەین کە ئێستا کەسوکاری ئێمە ئەنفالکراون، ھەموو پێنج شەممەیەک و ساڵیادی ڕۆژی ئەنفالکردنی بارزانییەکان، سەردانی گۆڕستانی ئەنفالی بارزانییەکان دەکەین و کەمێک لە خەمەکانمان دەڕەوێنینەوە، دواتریش بە چاوی پڕ فرمێسکەوە دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە.
بارودۆخی نالەباری دەروونی کەسوکاری ئەنفالکراوان
ئەوانەی ئەنفالکراون تاوانی ئەوان تەنیا ئەوەبوو کە کورد بوون و بارزانی بوون، دوای ئەو کارەساتە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان ھەموویان لە بارودۆخێکی نالەباری دەروونی زۆر خراپدابوون، بۆ گوزەرانی ژیانیشیان زەحمەتێکی زۆریان بینی، وەکو خۆیان، دەڵێن، بە دەردەسەری و نەبوونی و لەژێر حوکمی زاڵمانەی بەعسدا منداڵەکانی خۆمان پەروەردە و بەخێو کردووە، ئێستاش کاتێک ئەو ڕۆژانە دێنینەوە بەرچاوی خۆمان سەیرمان پێ دێت کە چۆن بێ باوک منداڵەکانی خۆمان بەخێو کردووە، بەڵام تا ماوین چاکە و مەردایەتیی خەڵکی ھەولێر لەبیر ناکەین و قەرزداری ئەوانین، چونکە خەڵکی ھەولێر ھەمیشە ھەلی کاریان بۆ ئێمە وەکو کەسوکاری ئەنفالە بارزانییەکان دەدۆزییەوە و کاتی کارکردنی ئێمەشیان کەم کردبوویەوە، لە ھەمان کاتدا ڕۆژانەیەکی زیاتریشیان بە ئێمە دەدا، بەس بۆ ئەوەی بتوانین منداڵەکانی خۆمان بەخێو بکەین.
حکوومەتی عێراق ئامادەنییە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان قەرەبوو بکاتەوە
کوردستانیان و کورد، سەرگۆزەشتەی زۆر تاڵیان لەگەڵ دڵڕەقی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و لە پێش ھەموویانەوە ڕژێمی بەعس ھەیە، چیرۆک و گێڕانەوەی ئەو سەرگوزەشتانە بە کۆتا نایەت، ڕۆژ دوای ڕۆژیش بەڵگە و دیکۆمێنتی نوێ لەم بارەیەوە بەردەست دەکەون، لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٠٤ یەکەم دانیشتنی کەیسی دادگەکردنی سەرانی ڕژێمی بەعس لەبارەی تاوانی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان دەستی پێ کرد، کە تێیدا ٤١ دانیشتنی دادگە بەڕێوەچوون و زیاتر لە ھەشتا سکاڵاکار و شارەزا بەشدارییان کرد، چەندین بەڵگەنامە لەسەر تاوانی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە خرانە بەردەم دادگە و لە ئەنجامدا لە مانگی پێنجی ساڵی ٢٠١١ دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان دەرکرد، بڕیارەکەی دادگە چەند بەشێک لەخۆ دەگرێت و تێیدا ھاتووە، ناساندنی کەیسی ئەنفالی بارزانییەکان بە تاوانی جینۆساید، ھێنانەوەی ڕووفاتەکان بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەویش لە لایەن دەستەی مافی مرۆڤی عێراقەوە، یەکێک لە خاڵەکانی دیکەی نێو بڕیارەکە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری جینۆسایدکراوەکانە، بەڵام حکوومەتی عێراق ھیچ کام لەو بڕیارانەی جێبەجێ نەکردووە، لە دەستووری عێراقدا ھاتووە، حکوومەتی نوێ کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پێکھێنراوە، دەبێت قەرەبووی کەسوکاری شەھیدان، زیندانیانی سیاسیی و زیانلێکەوتوانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە، بەڵام ھێشتا بەغدا قەرەبووی نەکردوونەتەوە. کەسوکاری ئەنفالکراوانیش، داواکارن لە حکوومەتی عێراق ھەرچی زووە قەرەبووی زیانە ماددی و مەعنەوییەکانی ئەوان بکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر