پارێزگاری دهۆک: حکوومەت هەموو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی بازرگانیی بە مرۆڤ دەدات

پارێزگاری دهۆک جەخت لەوە دەکاتەوە، حکوومەتی هەریمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ تاوەکوو بازرگانی بە مرۆڤ بۆ کەمترین ئاست کەم بکاتەوە.

سێشەممە، 30-7-2024، بە چاودێریی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ لقی دهۆکی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوانە ڕێکخراوەکان، دیداری “بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی لەبارەی تاوانی بازرگانی بە مرۆڤ وەک تاوانێکی ڕێکخراو” ساز کرد.

 پارێزگاری دهۆک لە گوتارێکدا باسی لەوە کرد “ئێستا بەشێکی زۆری قاچاخچییەکان گەنجانی وڵاتەکەمان هەڵدەخەڵەتێنن و وەکو کەرستەیەکی بازرگانی بەکاریان دەهێن، چونکە پێیان دەڵێن، دەتانبەینە وڵاتێکی ئەوروپی و گەرەنتی گەیشتنیان پێ دەدەن، کەچی بەداخەوە زۆرینەیان لە ڕێگەی گەیشتن بە ئەورووپا دەخنکێن”.

پارێزگاری دهۆک ئەوەشی خستە ڕوو “بەدرێژایی مێژوو بازرگانی بە مرۆڤ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە و ئێستاش بنبڕ نەکراوە. پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هاوئاهەنگی باشتر لەنێوان وڵاتاندا هەبێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی بازرگانی بە مرۆڤ”.

د. عەلی تەتەر جەختی لەوە کردەوە، “ئێمە وەکوو حکوومەتی هەریمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین تاوەکو بازرگانی بە مرۆڤ بۆ کەمترین ڕادە کەم بکەینەوە، لە هیچ وڵاتێک نەتوانراوە و ناتوانرێت ئەو دیاردەیە بنبڕ بکرێت، بەڵام دەتوانین بۆ کەمترین ئاست کەمی بکەینەوە”.

ھەواڵی زیاتر