سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، دەڵێت: بەغدا بەبێ کێشە مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی دەنێرێت، هاوکات کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی سەربازیش تا ڕادەیەکی باش چارە کراوە. جەختی لەوەش کردەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خۆی لە هەموو کەس بە خەمخۆرتر دەزانێت بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و داوای کردووە بۆ خزمەتگوزاری پیش بخرێن.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: “دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی کرد و لە دیوانی پاریزگاکە لەگەڵ پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و بەرپرسی یەکە ئیدارییەکان کۆبووەوە، گوێی لە هەمووی لە خواست و داواکارییەکان گرت، ئێمەی ڕاسپارد کە لە خزمەت ئەو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆییانە دابین، لە ماوەی یەک مانگدا توانیمان داواکارییەکانیان جێبەجی بکەین.”
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خۆی لە هەموو کەس بە خەمخۆرتر دەزانێت بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هاوکات دەڵێت: “جەنابیان ئێمەی ڕاسپاردووە کە دەبێت سلێمانی، هەڵەبجە ڕاپەڕین و گەرمیان بۆ خزمەتگوزاری پێشبخرێن و، هەرکاتێک دەرفەت هەبێت ئامادەین بۆ خزمەتکردنیان.”
لەبارەی پرسی مووچەوە، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ئاماژەی بەوە کرد: بەغدا بەبێ کێشە مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی دەنێرێت، هاوکات کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی سەربازیش تا ڕادەیەکی باش چارە کراوە.