مەحما خەلیل: دامەزراندن و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی شنگال بازرگانییان پێوە دەکرێت

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری کوردستان ڕەخنەی لە حکوومەتی عێراق گرت و ڕایگەیاند “ئەو بەڵێنانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوە، ئاساییکردنەوە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی شنگال دابووی، جێبەجێ ناکرێن و بازرگانیی بە چەند پرۆژەیەکەوە دەکرێت”.

مەحما خەلیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوەی فەرمانگەکانی شنگال، بە سستی و لاوازیی بەڕێوە دەچن و بازرگانی بە پرۆژەکانەوە دەکرێت؛ تاوەکوو ئێستا هیچ پرۆژەیەک جێبەجێ نەکراوە، هەروەک چۆن لە پارێزگای نەینەوا و وەزارەتی ناوخۆی عێراق بازرگانی بە دامەزراندنی پلە وەزیفییەکانی پۆلیس کرا، لە کاتێکدا بە گوێرەی ڕێککەوتنی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال دەبوایە 2500 پۆلیس لە خەڵکی ڕەسەنی شارەکە دامەزرێن، بەڵام بازرگانی پێوە کراوە.

گوتیشی: هەموو ئەو کەمتەرخەمیانەی لە ئاست جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاسایی نەکردنەوەی دۆخی شارەکە، بوونەتە هۆی نەمانی متمانە، هەربۆیە وەک نوێنەرانی خەڵکی شنگال و کۆمەڵگەی ئێزدی بڕیارمان داوە لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، سکاڵا تۆمار بکەین و پەیام و داواکارییەکانیشمان بگەیەنینە نێردە نێودەوڵەتییەکان، ئەگەر نا، دەچینە دادگا نێودەوڵەتییەکان، چونکە هەڕەشەی گرووپە چەکدارە نا یاساییەکان لە شنگال هەر بەردەوامن.

مەحما خەلیل دەڵێ: دەپرسم بۆ چی تا ئێستا حکوومەتی عێراق لە هۆی نەگەڕانەوەی هەموو خەڵکی شنگال ناپرسێتەوە و نایەوێت هۆکەی بزانێت؟ هەربۆیە داوا دەکەین چاودێریی نێودوڵەتی بچنە شنگال ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی و چاودێریی پرۆسەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بکەن.

ھەواڵی زیاتر