ڕائیب جادر – هەولێر
نازم ھەرکی، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: دوای ئەوەی لەلایەن پەکەکەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان، ژمارەیەکی زۆر داعش ئازاد کران، جارێکی دیکە ئێزیدییەکان لە شنگال ئاوارە دەبنەوە، چونکە دەترسن داعش سەرھەڵبداتەوە و ھەمان جینۆسایدیان بەسەریاندا دووبارە بکاتەوە. دەشڵێ: جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال وا دەکات کە ئەو گرووپانە لە شارەکە نەمێنن و بارودۆخی شارەکە ئاسایی ببێتەوە و خەڵک جارێکی دیکە دەست بە ژیانێکی نوێ بکەنەوە.
محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داخستنی سەرجەم کەمپی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان بۆ کاتێکی نادیار دواخست، ئەمەش لە کاتێکدایە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕۆژی ٣١ی تەممووزی وەک دوا وادە دەستنیشانکردبوو بۆ داخستنی سەرجەم کەمپی ئاوارەکان، ھاوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە مەرج پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان دەکات و دەڵێ، نابێت ھیچ ئاوارەیەک بە زۆرەمڵی بگەڕێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی دوو ملیار دینار بۆ دابینکردنی خواردنی ڕۆژانە، کارەبا، ئاو، کۆکردنەوەی خاشاک و خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و تەندروستی بۆ ئاوارەکان خەرج دەکات.
بەگوێرەی ئامارەکان، %٨٠ـی ژێرخان و %٧٠ـی خانوو لە شارۆچکەی شنگال بەھۆی شەڕی داعشەوە وێران بوونە و قەرەبوو نەکراونەتەوە، بەجۆرێک بەشی زۆری ئاوارەکانی شنگال، پێویستییان بە ھاوکاریی دارایی ھەیە بۆ ئەوەی ناوچەکانیان ئاوەدان بکەنەوە، دوای حەوت ساڵ لە نەمانی داعش، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ھەزاران خێزانی شنگال لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستاندا دەژین و، پێویستییان بە ھاوکاریی ڕۆژانە ھەیە.
- بۆچی خەڵکی شنگال نایانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان؟
- بارودۆخی ئەمنی لە شنگال لەبار نییە، خزمەتگوزارییەکانیش سفرن، گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بوونەتە ھەڕەشە بۆ سەر خەڵک، لە ھەمان کاتدا دەترسن جارێکی دیکە داعش سەر ھەڵبداتەوە، لەبەر ئەوەیە ئەو خەڵکەی کە گەڕاوەتەوە جارێکی دیکە ھەوڵ دەدەن ئاوارەی ھەرێمی کوردستان ببنەوە، لە ھەمان کاتیشدا خەڵک کە دەبینێت لە کەمپەکان حکوومەتی ھەرێم ئەوەی پێویستە بۆ ئەوان دابین دەکات، ئەمن و ئەمان ھەیە حەزناکەن بگەڕێنەوە ناوچەیەک کە ژیان تێدا زەحمەتە.
- کێ ڕێگرە لە ئاسایی بوونەوەی دۆخی شنگال؟
- بارودۆخی شنگال پەیوەندی بەو ڕێککەوتنەوە ھەیە کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەو ڕێککەوتنە لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق و لایەنی سێیەم ئیمزا کراوە، جێبەجێنەکردنیشی ھەموو لایەک پێی ئاگادارە، کە دەستی سیاسیی لەدواوە بووە و نەھێڵدراوە جێبەجێ بکرێت، ئەو ڕێککەوتنە تا ئێستا لەسەر ئەرزی واقع نەکەوتووتە واری جێبەجێ کردنەوە، ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، ئەو بڕگە و بابەتانەی کە لەناو ڕێککەوتنەکەدا ھەنە ئەگەر وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن، ئەمنیەت بۆ شارەکە دەگەڕێتەوە، دەست بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکرێت و دامەزراندن دەست پێ دەکاتەوە، ھەموو ئەوانە یەکلاکەرەوەنە، لە ھەمان کاتدا ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت دەبێتە دەرگایەک بۆ گەڕانەوەی خەڵک و چی دیکە لە کەمپەکان نامێنەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا یەک خاڵ لە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
- پێتوایە گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان ڕێگرن لەوەی کە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت؟
- لە ھەر شوێنێک بارودۆخ خراپ بێت، پەکەکە و گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بەرپرسن، پەکەکە خۆی سەپاندووە و دەستەڵاتی بەسەر ئەو ناوچەیەدا ھەیە، بێگومان لەو بارودۆخە خراپە بەرپرسیارە و ئەو ڕۆلە خراپەی ھەر ماوە، کە گێڕاویەتی، زۆر لایەنی سیاسی ڕێگرن کە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە گرووپە چەکدارەکان سوود لەو بارودۆخەی شنگال دەبینن، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال وا دەکات کە ئەو گرووپانە لە شارەکە نەمێنن و بارودۆخی شارەکە ئاسایی ببێتەوە و خەڵک جارێکی دیکە دەست بە ژیانێکی نوێ بکەنەوە.
- وەکو لقی ١٧ـی پارتی بۆ ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی شنگال چیتان کردووە؟
- حکوومەتی ھەرێم بەردەوام جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکاتەوە، تەئکید لەگەڵ ئەو لایەنانە دەکاتەوە کە لەگەڵ بوونە و ڕێککەوتنیان ئیمزا کردووە، چونکە بە بڕوای ئێمە وەکو پارتی تەنیا ڕێککەوتنی شنگال ئەمن و ئەمانەت بۆ شارەکە دەگەڕێنێتەوە.
- پێتوایە ئەو داعشانەی ئازاد کراون جارێکی دیکە دەبنەوە ھەڕەشە بۆ سەر شنگال و دەوروبەری؟
- بێگومان ئازادکردنی تیرۆریستانی داعش کاریگەری خراپ لەسەر عێراق و سووریا، بەتایبەتیش لەسەر پارێزگای نەینەوا دەبێت، چونکە ئازادکردنی زیاتر لە ھەزار و پێنج سەد ئەندامی داعش دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی جارێکی دیکە داعش سەر ھەڵبداتەوە، ئەگەر تەماشای خەڵکی نەینەوا بکەین ھەر لە ئێستاوە تووشی دڵەڕاوکێ بوونە و لەو بڕوایەدانە کە جارێکی دیکە داعش سەر ھەڵداتەوە، تێکەڵبوونی ئەو داعشانەی کە ئێستا ئازاد کراون لەگەڵ شانە نووستووەکانی داعش وا دەکات کە ھاووڵاتییان ھەست بە دڵەڕاوکێ بکەنەوە و ئەمن و ئەمانەت لە مووسڵ و دەوروبەری نەمێنێت، لە ھەمان کاتدا مەترسی ھەیە کە جارێکی دیکە داعش سەرھەڵبداتەوە، بێگومان لەو دۆخەدا خەڵکی شنگال و ئێزیدییەکان مافی خۆیانە بترسێن، چونکە ھەمووان دەزانن ئەوانە چییان بەو خەڵکە کردووە، خەڵک دەترسێ جارێکی دیکە داعش سەرھەڵبداتەوە و ھەمان جینۆسایدیان بەسەردا دووبارە بکاتەوە.
*بۆچی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەیەوێت کەمپەکان دابخات و ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟
- وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وەکو پێویست ھاوکاری ئاوارەکانی نەکردووە، ھەموو ئەو کەلوپەلانەی کە بۆ ئاوارەکان ڕەوانە دەکات ماوەیان بەسەر چووە، جگە لەوە ھیچ شتێکی دیکەی بۆ ئاوارەکان نەکردووە، عێراق ھیچ شتێک بۆ خەڵکەکەی ناکات، وەزارەتی کۆچبەران بە سیاسی کراوە، ئەگەرنا لە ھیچ ڕوویەکەوە دۆخی شنگال بەو شێوەیە نییە کە خەڵک بۆی بگەڕێتەوە، بەداخەوە ھەموو پەلە پەلەکە بۆ ئەوەیە کە بە دنیا بگوترێ ھیچ ئاوارەمان نییە، بۆ ئەوەش وەزارەتی کۆچبەران فشار لە ئاوارەکان دەکات، ڕۆژێک دەڵێ کەمپ دادەخەم و ڕۆژێکی دیکە قسەی دیکە دەکات، واتە ھەموو بابەتە مرۆڤایەتییەکان بەلاوە نراون و پرسەکە بووەتە بابەتێکی پڕوپاگەندەی سیاسی، ئەگەر دەیەوێ ئاوارە نەمێنێن و کەمپەکان بەشێوەیەکی ڕێکخراو دابخرێن، دەبوایە فشار بکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال، نەک ئەو پەلە پەلەکردنە و موزایەدە بە ئاوارەکانەوە بکات.