محەمەدی حاجی مەحموود، سەرۆكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان: من خۆم بە سیاسی نازانم و پێشمەرگە و جووتیارم

مەزهەر كەریم – سلێمانى

محەمەدی حاجی مەحموود سەرۆكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان جیاواز لە گفتوگۆكانی دیكەی لەم دیدارەدا، باسی ژیانی تایبەتی خۆی بۆ “هەولێر” دەكات و دەڵێت” من جووتیار و پێشمەرگەم و سیاسی نیم. دەشلێت” ئەگەر پێشمەرگە نەبوومایە تەنها كاری جووتیاریم دەكرد لەو گوندەی لێی نیشتەجێم”

  • وەك سكرتێری پارتی سۆسیالیست دیموكرات چی دەڵێیت لەبارەی دیموكراسیەوە ؟
  • ئەوە باس دەكەم جارێكیان وەفدێكی هۆڵەندی هاتن بۆلام و پێموتن كە بەس بۆنی دیموكراسیمان كردووە، چونكە لەعێراقدا وەزیر و بەرپرسێكی خانەنشینمان نیە ئەوەی لەپۆستەكەی دوورخراوەتەوە بە زەبری هێز بووە بۆیە هێشتا ماومانە بۆ دیموكراسی.
  • باس لەوە دەكرێت زۆرجار حیزبەكەت باجی قسەكانی ئێوەدەدات ؟
  • قسەكانی من ڕاست و حەقن بەڵام كەسانێك و لایەنێك پێیان هەزم ناكرێت، بەڵام من بەڵێن دەدەم هەتا لە ژیاندابم بە حەق بڵێم حه ق و بەناحەقیش بڵێم نا، ئیتر چی دەبێت با ببێت ئەوەشی وتوومە لێی پەشیمان نیم.
  • بۆچی زۆركات لەسەر نووسین و قسەکان بۆچوونی جیاواز دەوترێت ؟
  • زۆربەی كات كە دەنووسم خەڵكی پێمدەڵێن زەمەنی ئێستا چی ڕوویداوە ئەوە بنووسنەوە، بەڵام كاتێك ڕاستیەكان دەنووسم پێمدەڵێن ئەوەی نووسیوتە ئێستا كاتی نییە. منیش دەڵێم بۆ كاتی نییە باسی كەسانێكم كردووە زۆرینەیان لە ژیاندا ماون و لە بازاڕ پیاسە دەكەن ئەگەر ئەوەی من نووسیومە وانییە، بابێن و بڵێن وانییە بەڵام تا ئێستا كەس نەهاتوە وەها بڵێ.
  • بۆچی یەكەم كتێبت ئەو هەموو دەنگدانەوەیەی هەبوو؟
  • ئەوكات من یەكەم كەس بووم لەكتێبەكەمدا ناوی ئەو كەسانەم هێنا كە چیانكردووە و پەیوەندیان لەگەڵ كێ و چی لایەنێك هەبووە، بەو هۆیەوە خەڵكێكی زۆر سەردانیان كردم، باسی ئەوەیان دەكرد كە نەدەبوو ناوبەرم بەڵام من گوێم بەو قسانە نەدا و پاش من نووسەرەكانی دیكەش بەهەمان شێوازی نووسینەكانی من، دەیانوسیی و دەنووسن.
  • لەسەر زمانی كوردی چی دەڵێیت؟
  • زمانی كوردی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام بەداخەوە وەك كورد نەمانتوانیوە كۆی بكەینەوە و شی بكەینەوە، بەنموونە هەر ناوێک وەرگرین چەندین ناوی دیکەی هەیە و پیویستە ئەو دەوڵەمەندییە بپارێزرێت لە زمانی کوردیدا.
  • زۆركات باسی قاسمی سولەیمانی دەكەیت بۆچی پێی کاریگەری؟
  • حاجی قاسم ماوەی سی ساڵ بوو دەمناسی و وەك چارەسەری كێشەكان باسی دەكەم . هەموو حیزبەكانی كوردستان دەیانناسی ئەگەر ئەو بمایە چارەسەری كێشەكانی باشتر دەكرد هەرچەندە ئیسماعیل قائانیش دەناسم، بەڵام دروستكردنەوەی پیاوێكی وەك قاسم سولەیمانی مەحاڵە.
  • خۆت بەسیاسی دەزانی ؟
  • من خۆم بەسیاسی نازانم، چونكە كەسی سیاسی ئەو كەسانەن نەتیجەیەكی باش بۆ وڵاتەكەیان بەدەستدەهێنن من تائێستا ئەوەم پێنەكراوە، من وەك خۆم جووتیارم لەگوندی گوڵەخانە كاری جووتیاری خۆم دەكەم، ئەگەر پێشمەرگە نەبوومایە هەر تەنیا جووتیاری خۆم دەكرد لەگوندەكەم.
  • ئێستا بەنووسینەوەی کتێبی نوێ سەرقاڵی ؟
  • لەئێستادا بەرگی شەشی كتێبەكەمم تەواوبووە كە لە 2005 بۆ 2009 لەچاپمداوە كە لە هەزار لاپەڕە پێكهاتووە ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە، كە بەشێكی زۆری نوسینەكانم بەڵگەو نامەی وەسایقی زۆری تێدایە.
ھەواڵی زیاتر