لە سلێمانی کاسبکارێکی تەمەن ٣٠ ساڵ لە شوێنی کارەکەیدا کوژرا

ئاری چایچی کە گەنجێکی تەمەن ٣٠ ساڵ بووە، بە گەنجێکی کاسبکار و خۆشەویست بەناوبانگ بووە، بۆ پەیداکردنی پارووێک نان رۆیشتووە بۆ چایخانەکەی، بەڵام نەیانهێشت بڕواتەوە باوەشی دایکی و لەلایەن کەسێکەوە بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی دەهێنرێت.

چیرۆکی ڕووداوەکە
شەوی ٢٧ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٩ و ٣٠ خولەک، لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی، لە کاتێکدا ئاری ڕزگار وەک شەوانی دیکە پێشوازیی لە کڕیارەکانی دەکات و لە شوێنی کارەکەیدا کە چایچیە خەمی بژێوی سبەینێی خۆی دەخوات، کەسێک بە توڕەیی و جنێودانەوە خۆی بە شوێنەکەدا دەکات و هاوڕێیەکی دیکەشی لەگەڵ دەبێت کە بە گوتەی ئاسایشی سلێمانی سەر بە هێزەکانی کۆماندۆ بووە، بێ باکانە دەست بە تەقەکردن دەکات و خەونە گەنجەکانی ئاری و چیرۆکی ژیانی ئاری بە فیشەکێک کۆتایی پێدێنێت و هەر بەوەش ناوەستێت قاچی هاوکارێکی دیکەی ئاریش دەشکێنێت. کوژرانی ئاری کۆسپێکی لەبن نەهاتووی خانەوادە و کەسوکار و هاوڕێێیانییەتی و تا بەرە بەیان لەبەردەم دادی پزیشکی سلێمانی لە پێشوازی تەرمەکەی وەستابوون و دواتر بەرەو سپاردنی خاک بەڕێیان کرد.

شاهێدحاڵەکانی ڕووداوەکە
بە پێی وتەی ئەوکەسانەی لە شوێنی ڕووداوەکە بوون، هیچ شتێکی ئەوتۆ لە پشت هۆکاری تەقەکردنی بکوژەکەوە نەبووە. هەرەمەکی تەقەی کردووە بەسەر خەڵکیدا و لەو کاتەدا ئاری چایچی فیشەکێکی بەرکەوتووە. بەهۆی ئەوەی فیشەکەکە بەر سەری کەوتووە هەر لەوێ گیانی لەدەستداوە. بە وتەی یەکێک لە کەسوکارانی ئاری، ئاری ٥ ساڵ دەبێت لەو جێگایە کار دەکات و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە. بە وتەی یەکێک لە هاوکارانی ئاری کە لە هەمان شوێندا کار دەکات، تەقەکەرە پێشتر لەو شوێنە نەبینراوە و نەیانناسیووە، لەناکاو هاتووە و دەستڕێژی گوللەی کردووە ئاری کوشتووە و کەسێکی دیکەشی بریندار کردووە کە ئەویان دۆخی تەندروستی جێگرە. بە وەتەی ئەو شاهێد حاڵە، هەوڵی ئەوەشیان داوە بە ڕێگای جیاواز تەقەکەرەکە دووربخەنەوە و بەرگری لە خۆیان بکەن، بەڵام هیچ سودی نەبووە و گوێی پێ نەداون و دواتر پەیوەندیان بە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسەوە کردووە و گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە. بەڵام شاهێد حاڵەکان بە گشتی جەخت لەوە دەکەنەوە، کە هیچ هۆکارێک لە پشت تەقەکردنی ئەو چەکدارەوە نەبووە و هەمووان خەریکی کاری خۆیان بوونە، لەناکاو بە دەم جنێودان و قسەی ناشرینەوە کەوتووەتە تەقەکە کردن. کەسوکاری کوژراوەکەش جەخت لەوە دەکەنەوە هیچ کێشەیەک لەگەڵ بکوژەکەدا نییە و ئاری هەر نەناسیووە.

هێزە ئەمنییەکان
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیێندراوێکدا لەسەر ڕووداوەکە ئاماژە بەوە دەکات، پاش ئەوەی کاژێر 9:30ـی شەوی شەممە، لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی دروست دەبێت، بەداخەوە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی كاسبكاريك.” دەشڵێن؛ راستەوخۆ هێزەکانی ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تۆمەتبار دەستگیرکرا، “هاوەڵەکەشی لەلایەن هێزەکانی کۆماندۆی كوردستانەوه بەتۆمەتی هاوکاریکردنی بکوژەکە، رادەستی دەزگاى ئاسایش کرا.” هەر لەگەڵ ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاسایشی سلێمانی وێنەی دەستگیرکراوەکەی بڵاو کردووەتەوە بێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەر بکوژەکە ئاشکرا بکات تەنیا ئەوەی پشت ڕاست کردووەتەوە کە هاوکارێکی بکوژەکە ڕادەستی هێزەکانی کۆماندۆ کراوە بە تۆمەتی ئەوەی هاوکاری بکوژەکەی کردووە لە ڕووداوەکە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هاتە دەنگ
لەو بارەیەوە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کوردستان هاتە دەنگ و ڕایگەیاند:کوشتنی دوو هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە جێگەی پرسیارە. دەستەکە ڕایگەیاندووە ؛ئەرکی بنەڕەتی هێزە ئەمنییەکان بریتیە لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و ناکرێت خۆیان بەشێک بن لە تاوانەکان و ناکرێت ئەوان شوێن و ئەرکی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ئەنجامدانی تاوان و هەڕەشە و کوشتن و لێدان. دەشڵێن:لەکاتێکدا لە هەفتەی ڕابردوو ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی خۆی کەسێکی کوشت و ئەمجارەش دووبارە ئەندامێکی هەمان ئەو هێزە ئەمنییە تۆمەتبارە بە کوشتنی هاووڵاتییەکی کاسبکار کە هەردوو حاڵەت جێگەی پرسیارە کە بەچەکی فەرمی ئەنجام دراوە”. هاوکات دەستەکە نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەوەی هێشتا چەک بەدەستی هاووڵاتییانەوەیە و لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکاردێت و بووەتە مایەی ڕوودانی حاڵەتەکانی کوشتن و تەقەی بەردەوام و دروستکردنی نائارامی لە هەندێک شوێن.

ڕووداوەکە لە سۆشیال میدیا
وەک هەموو ڕووداوەکانی کوشتن، ئەم ڕووداوەش لە سۆشیال میدیا، قسە و باسی زۆری لە بارەوە کرا، بە تایبەت دوای ئەوەی ماوەیەکەچەند هێزێکی ئەو سنوورە لە نێو خەڵکیدا بەوە ناسراون لە جێگای پاراستنی ئەمنییەت بوونە بە هەڕەشە بۆسەر گیانی هاووڵاتیان و هەر کێشەیەک دەتەقێتەوە لە کۆتاییدا ناوی هێزێکی ئەمنی ئەو دەڤەرەی لە پشتەوەیە و باس دەکرێت. یەکێک لەبارەی کوژرانی ئاری چایچیەوە نووسیویەتی؛ خەریکە شەوانی سلێمانی پڕ دەبێتەوە لە زڕەی مەخزەنی تفەنگ و دەنگی تەقە. ئەوەشی نووسیوە تا هێزی چەکدار سەر بە کەس و لایەن بێت و نەچنەوە ژێر فەرمانی سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت و وەزارەتە فەرییەکانی حکوومەت، ئەو دیاردانە بەردەوام دەبن و هەڵگرانی چەک و تەقەکەرەکانیش بێ باکتر دەبن. هاووڵاتیەکی دیکە دەنووسێت؛ ڕۆژێک تێنەپەڕی کۆماندۆ و دژە تیرۆری سنووری سلێمانی کەسێک نەکوژن! هەڵبەت مەبەست لێی زۆر بوونی ئەو ڕووداوانەیە کە زیاتر ناوی ئەو هێزانە لە پشتیانەوە دێت و وەک پێویستیش ڕوونکردنەوە لەدوای ڕووداوەکان بۆ ڕای گشتی نادەن.

ھەواڵی زیاتر