کێشەکانی بەردەم باخداری لە قەزای بازیان

کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد

بەهۆی گونجاوی کەشوهەوا و بوونی خاکی بەپیت و سەرچاوەی ئاو، ساڵانێکە ژمارەیەك لە جوتیارانی قەزای بازیان دەستیانکردووە بە کاری باخداری، هەرچەندە بەهۆی هۆکاری سرووشتی و مرۆییەوە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە یان هیچ سوودێکی ئابووری لێ نابینن، هەربۆیە بەشێکیان وازیان لەو کارە هێناوە، بەڵام سوودەکانی باخداری لە چەندین ڕووەوە وای لە بەشێکی دیکەیان کردووە کە بەردەوامبن یاخود تەنها مەبەستیان ئەوەیە زەوی و گوندەکەیان چۆڵنەکەن و بەرهەمی دەستی خۆیان و خۆماڵییان دەستکەوێت، ئەگەر سوودی ئابووریشی نەبێت، هەندێ جاریش بۆ سەرقاڵی و کاتبەسەر بردن لە ڕوبەرێکی کەمدا باخداری دەکەن.

دەشتی بازیان یەکێکە لە دەشتە بەپیت و گرنگەکانی کشتوکاڵ لە کوردستان، تا ساڵانی سەرەتای دووهەزار بەشی زۆری دەچێنرا بە بەروبوومی جیاوازی وەك: گەنم، برنج، توتن و تەماتە و… زۆربەی دانیشتوانی بازیان کاری کشتوکاڵییان دەکرد و سەرچاوەی سەرەکی داهاتیان بوو، هەربۆیە باخداری لە بازیان گرنگی پێنەدرابوو، بەڵام پاش ئەوەی کشتوکاڵ ئەو گرنگییەی نەما و جوتیاران سوودێکی وایان لێ نەدەبینی کە بژێویان دابین بکات، هەروەها بەشێکی زۆری دانیشتووان لە ڕێگەی دیکەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکرد بەتایبەت فەرمانبەری و چەکداری، هەربۆیە ڕویان کردە کاری باخداری، کە کاری ئاسانتر و سوودێکی ئەگەر کەمیش بێت هەیەتی و هۆکارێکە بۆ مانەوەیان لە گوندەکانیان.
تا ساڵی (٢٠٢١) نزیکەی (٧٠٠) باخی گەورە و بچووك لە بازیاندا هەبوو، تا ئێستاش ژمارەیەکی باشیان ماون، بەروبوومی وەك: هەنجیر، ترێ، هەنار، سێو، هەڵوژە، قۆخ، قەیسی، بەهێ، گوێز، هەرمێ، هەنگی دنیا، چوالە و زەیتون و…یان تێدایە، بەرهەمی ئەم باخانە بوونەتە سەرچاوەیەکی بژێویی بەشێکی خاوەنەکانیان، بەروبوومەکان لەناو قەزای بازیان ساغدەکرێنەوە و بەشێکیشیان دەنێردرێن بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی قەزاکە بەتایبەت بۆ شاری سلێمانی.
چەندین هۆکار هەیە کە ڕێگرن لەوەی باخداری لە بازیان بە فراوانی گەشەبکات، کارگە و پرۆژەکان بەشێکی خاکی بازیانیان کردۆتە شوێنی پیشەسازی و زەوی گوندەکانیان داگیرکردووە، دوکەڵ و تەپوتۆزی کارگەکان کاریگەری هەیە لەسەر نەمام و درەختەکان، گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی و وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو، سوتانی باخەکان، سودێکی ئەوتۆی ئابووری نییە هەرچەندە باخداری کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە زەوی کێڵان و نەمام ناشتن و هەڵپاچین و ئاودان و… هەیە.
پێویستە پلانی زانستی لەلایەن لێپرسراوانەوە دابنرێت بۆ گەشەکردنی باخداری لە قەزای بازیان، چونکە ناوچەیەکی گونلجاوە و دەبێتە هۆکارێك بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی خۆماڵی بەشێوەیەکی فراوان و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی جوتیاران، ئەمەش بە گرتنەبەری چەندین ڕێوشوێن دەبێت، وەك، بەهیچ شێوەیەك زەوی کشتوکاڵی و خاکی گونجاو بۆ باخداری نەکرێنە کارگە و پرۆژەی پیشەسازی، پابەندکردنی کارگەکان بە سەوزکردن و ڕواندنی دار لە دەورووبەریان، پاراستنی باخەکان لە سووتان، دابینکردنی ئاو بۆ باخەکان، دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەروبوومەکان، هاوکاریکردنی جوتیارەکان لەڕووی دابینکردنی نەمام و پەین و پێداویستی دیکەوە.

ھەواڵی زیاتر