تەواوی فەرمانگەکانی دادنووسیی هەرێمی کوردستان کراون بە سیستەمی ئەلیکترۆنی

لە چەند ساڵی ڕابردوودا تەواوی فەرمانگەکانی دادنووسی هەرێمی کوردستان کراون بە سیستەمی ئەلیکترۆنی، ئەمەش وای کردووە بە کەمترین کات زۆرترین مامەڵەی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن.

لە ساڵی 2019ـەوە تەواوی فەرمانگە دادنووسییەکانی هەرێمی کوردستان کراون بە سیستەمی ئەلیکترۆنی، تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر 16 فەرمانگەی دادنووسی هەیە.

لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا زیاتر لە 330 هەزار مامەڵەی هاووڵاتییان جێبەجێ کراون کە 142 هەزاریان مامەڵەی بریکارنامەی تایبەت بوون.

بۆتان کامەران، بەرێوبەری دادنووسی یەکەمی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە ڕۆتین نەماوە و هەر هاووڵاتییەک کە دێتە فەرمانگە دادنووسییەکان بە ماوەی پێنج خوولەک کارەکانی ڕایی دەکرێت.

تەنیا لە فەرمانگە دادنووسییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، ڕۆژانە زیاتر لە دوو هەزار و 500 مامەڵەی هاووڵاتییان جێبەجێ دەکرێت، زیاتر لە 50%ـی مامەڵەکانیش هی هاووڵاتییانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن.

ھەواڵی زیاتر