بۆ جاری دووەم وەزارەتی تەندروستی فەرمان بە قەدەغە کردنی کیسەی نایلۆن دەکات

بەهۆی هەرزانی لە نرخەكەی و ئاسان بەدەستگەیشتنی لە لایەن دوكاندارەكانەوە، كیسەی نایلۆن بەكاردەهێندرێت، ئەمەش بەڕای پسپۆڕانی پزیشكییەوە مەترسیدارە و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی بۆ جاری دووەم فەرماندەكات بە قەدەغەكردنی كیسی نایلۆن و بۆ جێگیرەوەشی پێشنیاری كیسی كاغەز دەكات.

سەنگەر عەلی، خاوەنی یەكێك لە سەمونخانەكانە لە شاری هەولێر، ئەو زیاتر لە 20 ساڵە سەموونخانەی هەیە و وەك خۆی دەڵێت هەزاران بەستە نایلۆنی بەكارهێناوە لەماوەی كاركردنەكەیدا.
سەنگەر باس لەوەشدەكات كاتێك سەموون بە گەرمی دەخەنە نێو كیسی نایلۆنەوە زۆرجار نایلۆنەكە بەشێكی تواوەتەوە بە سەموونەكە و یانیش نایلۆنەكە كون بووە.
لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین هەوڵی جیاجیا درا، بەڵام هەوڵەكان نەیانتوانی بگەنە ئەنجام، بەڵام ئەم جارە وەزارەتی تەندروستی بە نیازە لە ڕێگەی تیمەكانیەوە بڕیارەكە جێبەجێبكەن و بۆ ئەو مەبەستەش، لە نووسراوێکدا کە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستیی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی بە نووسراوێكی فەرمی كە واژۆی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لەسەرە، داوا دەکات بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن لە چێشتخانە، نانەواخانە و سەموونخانەکان قەدەغە بکەن.
بڕیارەکە بەو جۆرەیە لەمەودوا لە جیاتی کیسەی نایلۆن دەبێت کیسەی کاغەز وەك جێگیرەوەی بەکاربهێنرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە ڕووی زانستییەوە کیسەی نایلۆن زیانبەخشە بۆ تەندروستی مرۆڤ و دەکرێت ببێتە هۆی سەرچاوەیەک بۆ توشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجە .
لە جیهاندا بەگشتی، بەهۆی مەترسییە شاراوەکانی کیسی نایلۆنەوە، کیسی کاغەز وەک جێگرەوەی سەرەکی بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ.
لەشكر حەمید ئەندازیاری خۆراك ڕوونی دەكاتەوە كە هەڵگرتنی خۆراك لە نایلۆندا ئەگەر بێت و خۆراكەكە گەرم بێت یات لە شوێنی گەرم دابنرێت سەلامەت نییە، چونكە بە كاریگەری پلەی گەرمی رێژەیەكی زۆر لە مادە كیمیاییەكانی ناو نایلۆنەكە دەچێتە ناو خۆراكەكە، ئەمەش مەترسی دروستبوونی نەخۆشییە شێرپەنجەییەكان زیاد دەكات، چونكە هۆكارە بۆ دروستبوونی پاشماوەی پلاستیكی لەناو خوێندا.
هاووڵاتی سەفین مەمحموود، لە بارەی بڕیارەكەی وەزارەتی تەندروستییەوە جەخت دەكاتەوە كە پێویستە لەمەودوا هاووڵاتیان بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان قبوڵنەكەن لە خاوەن سەموونخانەكان كە سەموون یان نان لە كیسی نایلۆن بدەن پێیان بەمەش پشگیری هاووڵاتیان بۆ بڕیارەكەی وەوارەتی تەندروستی بەهێزتر دەبێت و لە هەمانكاتیشدا بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیانە.
سەفین مەحموود دەشڵێت: جاران كە منداڵ بووم بیرمە دەچووم سەموونم لە كیسی كاغەز دەهێنایەوە تا ئێشتاش ئەو بۆنەی كە لێی دەهات وەك یادگارییەكی خۆش لە هزرمدا ماوە، بەڵام لە ئێستادا كە لە كیسی نایلۆنی دەكەن هەست بە بۆنێكی بێزاركەر دەكەین و لە هەمانكانیشدا زۆرجار تا دەگەینەوە ماڵ بەشێكی سەموونەكە دەبێتەوە هەویر.
دوای بە دواداچوونما بۆ بڕیارەكەی وەزارەتی تەندروستی بەشێكی زۆری خاوەن سەموونخانەكان پشگیری خۆیان بۆ بڕیارەكە دوپاتكردەوە و هیوایان خواست كە كارئاسانی بكرێت لە دابینكردنی كیسی كاغەز، ئەگەر چی كیسی كاغەز بە بەراورد بە كیسی نایلۆن گرانترە.

ھەواڵی زیاتر