پارتی: هەوڵی گرتنی خاڵێکی پاسەوانیی لقەکەمان لە کەرکووک درا

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دەڵێت، “بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، لە هەوڵێکی ترسنۆکانەدا، تەقە لە بارەگای لقی سێی پارتیمان لە کەرکووک کرا، کە دیارە ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە”.

شەممە، 27ـی تەمموزی 2024، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، کاتژمێر 1:50 دەقیقە لە دوو شوێنی جیاوازەوە بە  قەناس و دەستڕێژ، تەقە لە بارەگاکەمان کراوە و پاسەوانەکانی بارەگای لق وەڵامیان داونەتەوە”.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە “ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە، کە یەکەمجار تەقە لەوێ کراوە و دواتر بێنە نێو لقەوە و کردەوەی تیرۆریستی بکەن، ڕووداوەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکرێت”.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی:

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، لە هەوڵێکی ترسنۆکانەدا، تەقە لە بارەگای لقی سێی پارتیمان لە کەرکووک کرا، کە دیارە ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە.

بە دیاریکراوی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 1:50 دەقیقە لە دوو شوێنی جیاوازەوە بە  قەناسە و دەستڕێژ، تەقە لە بارەگاکەمان کراوە و پاسەوانەکانی بارەگای لق وەڵامیان داونەتەوە”.

ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە، کە یەکەمجار تەقە لەوێ کراوە و دواتر بێنە نێو لقەوە و کردەوەی تیرۆریستی بکەن، ڕووداوەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکرێت.

 بۆیە بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە نەزۆکانە و ترسنۆکانەیە دەکەین، ئەگەر لە ژێر هەر ناو و پەردەیەکی شاراوەدا بێت، پێویستە دەستبەجێ تاوانباران دەستگیر بکرێن و ڕاپێچی دادگە بکرێن و بە سزایی یاسایی خۆیان بگەیەنن.

بۆیە دڵنیایی دەدەینە جەماوەری خۆشەویست و سەربەرز و خۆراگری شاری کەرکووک، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە لەسەر هەڵوێست و سیاسەتی لەمێژینەی خۆی بۆ ئایندەی کەرکووک کە ئاشتی و تەبایی و سەقامگیرییە، تاگەیـشتن بەدوا ئامانـجەکانی گەلەکەمان و خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویست و خاوەن هەڵوێستی ئەو شارە، ئەم جۆرە هەوڵانە لە خزمەتکردنی شاری کەرکووک و خەڵکە تێکۆشەرەکەی ساردمان ناکاتەوە.

دەستخۆشی پێزانینی زۆرمان بۆ پاسەوانەکانی بارەگای لق، کە بەو پەڕی چاوکراوەیی و بوێرییەوە، بەرپەرچی ئەم هەوڵە شکستخواردووەیان دایەوە، سوپاس بۆ خوا هەڤاڵانمان سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان