حکوومەتی هەرێم و نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ ڕێگریی لە ماددەی هۆشبەر دەکەن

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر هەماهەنگیی دەکەن، کەنەداش بە پرۆژەیەک بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، ڕووبەڕووی مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر دەبێتەوە.

پێنجشەممە 25ـی تەمموزی 2024، دیندار زێباری رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەریەکە لە کریستینا ئالبرتین نوێنەری هەرێمیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا لە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە ماددەی هۆشبەر و تاوان (UNODC) و عەلی ئەلبەریر بەرپرسی ئۆفیسی عێراقی (UNODC) و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم کۆبوەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا  ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان  ئاماژەی بەوە کرد،لە میانی هەماهەنگیان لەگەڵ (UNODC)، توێژینەوەیەکی وردیان بە ناونیشانی شێوازەکانی بە قاچاخ بردنی ماددەی هۆشبەر لە رێگای عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، توێژینەوەکە بە وردی تیشکی خستۆتە سەر پرۆسەی بە قاچاخ بردنی ماددەی هۆشبەر و شێوازەکانی رووبەڕووبوونەوەی، ئەمەش دەبێتە بەرچاوڕوونی و کارئاسانی زیاتری لایەنە حکومییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر.

 سەبارەت بە راگەیاندنی پرۆژەی پشتیوانی دارایی کەنەدیش، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم پێویستیان بە هاوکاریی هەیە، بەتایبەتی لە ڕاهێنانی کارمەندانی بەش و پسپۆڕییە جیاوازییەکان، بوونی هەماهەنگی زیاتری نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی و لایەنە نێودەوڵەتییەکان، دابینکردنی پێداویستی لۆجیستی له ئامێری پێشکەوتووی پشکنین، ئامێرە پزیشکییەکان، بە دیجیتاڵکردنی داتا، بەهێزکردنی خاڵەکانی پشکنین بەدابینکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، گوتی: لەم ڕووەوە پرۆژەی پشتیوانی دارایی کەنەدی هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێم لەو بوارانەی کە ئاماژەیان پێکرا.

لەلایەن خۆیەوە کریستینا ئالبرتین، پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی لە نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر و هەوڵەکانی حکوومەتی بە گرنگ وەسف کرد.

هەروەها عەلی ئەلبەریر رایگەیاند: لە ئێستادا پرۆژەیەکی لێکۆڵینەوەیان بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی تەندرووستی جیهانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق کردووە بە مەبەستی دۆزینەوەی باشترین میکانیزم بۆ رووبەرووبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە عێراقدا، ئاماژەی بەوەشکرد، بە کۆتایی هاتنی پرۆژەکە دەتوانن هەنگاوی باشتر و وردتر لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەم ڕووەوە بنێن.