کشتوکاڵی دهۆک: نزیکەی 130 هەزار تۆن بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی پارێزگاکانی عێراق کراوە

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ڕایگەیاند، لە حەوت مانگی ڕابردوودا نزیکەی 130 هەزار تۆن بەرهەمی ناوخۆی دهۆک هەناردەی پارێزگاکانی عێراق کراوە.

پێنجشەممە، 25ـی تەمموزی 2024، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، ڕاگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ 25ـی تەمموز، واتە لە حەوت مانگی ڕابردوودا، 129 هەزار و 647 تۆن، بەرهەمی ناوخۆی پارێزگای دهۆک، هەناردەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق کراوە.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، “زۆربوونی ڕێژەی هەناردە، بووەتە هۆی ئەوەی جووتیاران زیاتر ڕوو لە کاری کشتوکاڵی بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دوو ساڵەی کۆتایی هیچ جووتیارێک لە سنووری پارێزگای دهۆک زیانمەند نەبووە”.

گوتیشی: “ئەو بەرهەمانەی زۆرترین خواستیان لەسەرە ئێستە بریتین لە؛ پەتاتە، تەماتە، پیاز، خەیار و شووتی، جگە لەوانەش بەرهەمەکانی دیکەی وەک؛ گێلاس، سێو، خۆخ و کاڵەک هەناردەی پارێزگاکانی عێراق کراون”.

ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک بە گشتی، “10هەزار و 838 دۆنم زەوی بە تەماتە داچێنراوە، خەیار 8 هەزار و 941 دۆنم، باینجان هەزار و 296 دۆنم، پەتاتە 37 هەزار و333 دۆنم، کاڵەک 12 هەزار و 722 دۆنم، شووتی شەش هەزار و 103 دۆنم، پیاز هەشت هەزار و 755دۆنم، هەزار و 817 دۆنم و لۆبیا هەزار و 860 دۆنمن”. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەریی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک وا دەڵێت.