لێخۆشبوونی باج کاریگەری لە سەر دابەزاندنی نرخی مانەوە لە هۆتێل و مۆتێلەکان دەبێت

دلێر محەممەد بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر دەڵێت: بڕیاری سەرۆکوەزیران بۆ لێخۆشبوون لە باجی سەر کەرتە جیاوازەکان، بوژانەوەی باشتری بۆ سێکەرەکە و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتری بۆ دەستی کاری ناوخۆیی دەبێت.

گوتیشی: ئەم بڕیارانەی سەرۆکوەزیران نیازپاکیی و پەرۆشبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەردەخات بۆ بایەخدان بە کەرتە جیاوازەکان و سووککردنی قورسایی سەر شانی پیشەوەران و خاوەن کارەکان.

دلێر محەممەد، ئاماژەی بە 27ی ئاداری ئەمساڵدا و گوتی: سەرۆکوەزیران بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ قەرزە کەڵەکە بووەکانی سەر کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانی دەرکرد، ئەمەش هاوکارییەکی باش بوو بۆ کەرتی گەشتوگوزار و کاریگەریی دەبێت لەسەر دابەزینی نرخی خزمەتگوزارییەکان و کرێی مانەوە لە هۆتێل و مۆتێلەکان.

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر دەڵێت: ئێستا زووە باس لە کۆی سوودمەندبووانی بڕیاری لێخۆشبوونی باج لەسەر کەرتی گەشتوگوزار بدەین. بەڵام با ئاماژەیەکی پێشوەختە لە بارەی سوودمەندبووان بدەم؛ تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر 176 شوێنی گەشتیاری ڕاستەوخۆ سوودمەند دەبن کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە، پێشبینی دەکەین ژمارەی میوانی هۆتێل و مۆتێلەکان زۆر زیاد بکات و ئێمەش لە گەشتوگوزار بایەخی زیاتر بە سێکتەرە بدەین بۆ فراوانبوون و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ دەستی کاری ناوخۆیی.

هەروا ئاماژەی دا، لەلایەکی دیکەوە بڕیاری لێخۆشبوونی باج دەکرێت ببێتە هاندەر بۆ زیادکردن و فراوانتر بوونی کەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی خەڵک لە بازاڕ نەترسێت و بێتە نێو پرۆژەکان و سەرمایەی خۆی بخاتەکار و دەرفەتی کاری بۆ بڕەخسێت. هەروەها لە هەرێمی کوردستان دەتوانین دەرفەتی باشی کار لە کەرتی گەشتوگوزار بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان بڕەخسێنین، هەربۆیە هەر کوڕو کچێک خواستی لە کارکردن لەم کەرتە هەیە، دەتوانیت لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بکات تاوەکوو هاوکاری بکەین.

ھەواڵی زیاتر