به‌ گوژمه‌ی ١٣٨ ملیار دینار پڕۆژه‌ی دووسایدی ده‌ربه‌ندیخان – كه‌لار جێبه‌جێ ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر

به‌ گوژمه‌ی ١٣٨ ملیار دیناری عێراقی، پڕۆژه‌ی دووسایدی ده‌ربه‌ندیخان – كه‌لار جێبه‌جێ ده‌كرێت، دوو سایدی ده‌ربه‌ندیخان كه‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان به‌ سلێمانی ده‌به‌ستێته‌وه‌، سی و پێنج پرد له‌ پڕۆژه‌كه‌دا هه‌یه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌خرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌.

دووسایدی كه‌لار – ده‌ربه‌ندیخان، به‌هۆی ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی به‌ستنه‌وه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان به‌ پارێزگای سلێمانییه‌وه‌، ڕێگه‌یه‌كی قه‌ره‌باڵغ و شه‌و و ڕۆژ، به‌رده‌وام هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت و بارهه‌ڵگری له‌سه‌ره‌، وه‌ك قه‌ره‌باڵغی ڕێگه‌كه‌، ژماره‌ی قوربانیانی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆش به‌رده‌وامه‌.
پێشتر به‌هۆی بوونی ڕێگه‌یه‌كی یه‌ك سایدی باریك له‌ نێوان كه‌لار و ده‌ربه‌ندیخاندا و تێكچوونی هه‌دێك شوێنی ڕێگه‌كه‌، له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ هۆكاری پابه‌ندنه‌بوون به‌ ڕێنماییه‌كانی هاتوچۆ، ژماره‌ی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ له‌و ڕێگه‌یه‌ به‌رز بوو، به‌ جۆرێك ئه‌و ڕێگه‌یه‌ به‌ ڕێگه‌ی مه‌رگ ناوده‌برا، كه‌ ساڵانه‌ گیانی سه‌دان كه‌سی ده‌برد و هه‌زارانیشی په‌ككه‌وته‌ ده‌كرد.
تا دواجار حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیانی، بڕیاری به‌ دووسایدكردنی ڕێگه‌ی كه‌لار – ده‌ربه‌ندیخانی ده‌ركرد و پڕۆژه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی خێرا كار له‌ بنیاتنانی ده‌كرێت.
پڕۆژه‌ی دووسایدی كه‌لار – ده‌ربه‌ندیخان، به‌ درێژایی چل كیلۆمه‌تر چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و له‌ پڕۆژه‌كه‌دا سی و پێنج پرد هه‌ن‌، كه‌ تێیداهه‌یه‌ مه‌وداكه‌ی سه‌رو هه‌زار مه‌تره‌، له‌وانه‌ پردی ئاوه‌خێرییه‌، كه‌ درێژییه‌كه‌ی هه‌زار و دوو سه‌د مه‌تره‌.
پڕۆژه‌ی دووسایدی ده‌ربه‌ندیخان – كه‌لار، كه‌ به‌ گوژمه‌ی سه‌د و سی و هه‌شت ملیار دیناری عێراقی جێبه‌جێ ده‌كرێت، عه‌دنان خه‌لیل به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێگاوبانی گه‌رمیان به‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگه‌یاندووه‌، كاركردن له‌ پڕۆژه‌ی دووسایدی كه‌لار – ده‌ربه‌ندیخان به‌ شێوه‌یه‌كی چڕ به‌رده‌وامه‌ و هه‌وڵده‌درێت به‌ زووترین كات بخرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌.
تا ئێستا ٨٠%ی كاره‌كانی پڕۆژه‌ی دووسایدی كه‌لار – ده‌ربه‌ندیخان، ته‌واو بووه‌ و بڕیاره‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ پڕۆژه‌كه‌ به‌یه‌كجاره‌كی ته‌واو بكرێت.
جیا له‌و پڕۆژه‌یه‌، له‌ ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٤، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێبوونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ردی بناغه‌ی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان دانا، كه‌ ڕاسته‌وخۆ خزمه‌تێكی به‌رچاو به‌ دوازده‌ گوندی سنووره‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌یانبه‌ستێته‌وه‌ به‌ كفری، كه‌ پێشتر ئه‌و گوندنشینانه‌ ناچاربوون زیادتر له‌ بیست كیلۆمه‌تر ببڕن تا بگه‌نه‌ كه‌لار و له‌وێشه‌وه‌ بۆ كفری.
وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێبوونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، “ڕێگاكان بڕبڕه‌ی پشتی ئابووری هه‌موو وڵاتێكن، بۆیه‌ ده‌بێت بزانین تا چه‌ند بایه‌خ به‌ ڕێگه‌وبان ده‌ده‌ین و پارێزگاریی له‌ ڕێگه‌وبانه‌كان ده‌كه‌ین”.
تێچووی پڕۆژه‌كه‌ زیادتر له‌ شه‌ش ملیار و سێ سه‌د ملیۆن دیناری عێراقییه‌، كه‌ به‌ كارگێڕی و یه‌ده‌گه‌وه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ حه‌وت ملیار دینار، له‌ماوه‌ی چوار سه‌د ڕۆژدا ته‌واو ده‌كرێت و ده‌خرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانی سنووره‌كه‌.
سه‌رباری درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی و نه‌ ناردنی به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی ١٠ ساڵ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵه‌وه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان به‌ شاروشارۆچکه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.