پۆلیسی هەولێر:لە هەبوونی هەر هەڕەشەیەک پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوبەرایەتییەکەمانەوە بکەن

پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دوای دەستگیر کردنی تۆمەتبارێک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و داوا لە هاوشاریانی دەکات، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک پەیوەندەی بە هێڵی گەرمی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیس بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.

پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە بەیەننامەیەکدا ڕایگەیاندووە؛ دوای ئەوەی ئافرەتێک پەیوەندی بەهێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کرد، کە کەسێک بەناوی “ل. م. ئیسماعیل” هەڕەشەی لێكردووە، پاش ئاگادارکردنەوەی دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، لەگەڵ ڕەوانەکردنی بەڵگەکان، دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دا بە دەستگیرکردنی تۆمەتبار بەپێی ماددەی 2ـی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، دواتریش تیمەکانی پۆلیس لە 14-1-2024 تۆمەتباری ناوبراویان دەستگیر کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێردا هاتووە؛ دوای لێکۆڵینەوە و پشکنینی مۆبایلەکەی، بۆمان دەرکەوت کە تۆمەتبار “لوقمان” هەڕەشەی لە دادخواز و ئامۆزایەکی دادخواز بە ناوی ( ھ. ف س)، (د. گ .س) کردووە، بە هۆی ئەوەی کە ڤیدیۆی نەشیاوی ڕووتی هەردووكیانی لایە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوی دەكاتەوە.
دەشڵێن؛ پاش لێكۆڵینەوەی چڕ لەم بابەتە، بۆمان دەرکەوت لە ناو مۆبایلەکەی چەندین وێنە و گرتە ڤیدیۆیی نەشیاوی وەك “سیحر و جادوو و وێنەی ماددەی هۆشبەر و تۆماری دەنگی و هەڕەشەکردن دژی ئافرەتان”ـی تێدایە، هەروەها تۆمەتبار چەندین پەیجی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان دروست کردووە بە ناوی گروپی گۆڤەند (CTS) بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی وێنەی بەدڕەوشتی و بەکارهێنانی ناوی ئەم گروپە وەك هەڕەشەكردنێك بووە لەسەر ئافرەتان و بە تایبەتی كچان، بۆ وەرگرتنی بڕە پارەیەكی زۆر بەرامبەر بەوەی كە وێنە و ڤیدیۆكانیان بڵاو نەكرێتەوە .
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لێرەوە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین لە كاتی ڕووبەڕو بوونەوەی هەر هەڕەشەیەك لەگەڵ كەسانی هاوشێوە، تكایە بە زووترین كات پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیەكەمانەوە بكەن بۆ ئەوەی تیمەكانمان رێکاری یاسایی بگرنە بەر.

ھەواڵی زیاتر