گه‌یلان حاجی سه‌عید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر:بیرله‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كوردستان ببێته‌ ناوه‌ندێكی گرنگی هەناردە کردن

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌ولێر، باس له‌ گرنگی هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌می ناوخۆی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌وان پشتیوانیی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌كه‌ن.

  • چیتان كردووه‌ وه‌ك ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌ولێر بۆ پشتیوانیی له‌و جوڵه‌ به‌هێزه‌ی هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆ بۆ وڵاتان؟
    _ بەروبوومی پەتاتە لە کوردستان لە پێداویستیی ناوخۆیی و عێراق زیاترە، بۆیە هەر بەرهەمێک لە پێویستی ناوخۆ زیاتر بێت، بیر لەوە دەکەینەوە بازاڕی بۆ بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێک بۆ جووتیاران، ئەوەش یەک دەگرێتەوە لەگەڵ ستراتیژیەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بۆ هەمەچەشنکردنی داهات و زیادکردنی بەرهەم بۆ ئەوەی ببینە وڵاتێکی بەرهەمهێن نەوەک هەر بەکارهێنەر.
    ئیمارات پێشەنگە لە هاوردەکردنی بەرهەمی هەرێمی کوردستان، هەوڵی ئەوە دەدەین گرێبەستی زیاتر لەگەڵ کۆمپانیاکان بکەین و زۆرترین بازاڕ بۆ بەرهەمەکانمان بدۆزینەوە.
  • تا ئێستا چ بەرهەمێکی ناوخۆیی پێشەنگە لە هەناردە کردن؟
    _ ساڵانە زیاتر لە 800 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت، ئەمەش وای کردووە پێویستییەکانی ناخۆی پێ پڕ بکرێتەوە. چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا 100 تۆن پەتاتە لە ڕێوڕەسمێکدا هەناردەی ئیمارات کرا، چوار کۆنتێنەر پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 100 تۆن دەبوون، كه‌ ئه‌مه‌ زۆر گرنگ بوو پرۆسەی هەناردەکردن لە ماوەی 15 بۆ 20دا ڕۆژ بەردەوام دەبێت تاوەکو هەر پێنج هەزار تۆنەکە ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت ساڵی ڕابردوو بۆ جاری یەکەم زیاتر لە 13 هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی ئیمارات و سعوودییە کرا. پشتیوان به‌ حكوومه‌ت و خه‌ڵك پلان هه‌یه‌ ئه‌مساڵ ئه‌م رێژ‌ه‌یه‌ بگه‌یه‌نرێته‌ 25 تۆن په‌تاته‌.
  • ئه‌م پرۆژانه‌ هه‌لی كار ده‌ره‌خسێنێت؟ گرنگیان له‌رووی بازرگانییه‌وه‌ چۆنه‌؟
    _ ده‌رفه‌تێكی باش بۆ جوتیاران ده‌ڕه‌خسێنێت له‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی دابین بكه‌ن و به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی بكه‌ن و له‌ داهاتوو ئه‌مه‌ ئامانجی گه‌وره‌ی له‌پشته‌ پشتیوانیی سه‌رۆكوه‌زیران له‌هه‌موو ئاسته‌كان وای كردووه‌ كه‌ گه‌شبین بین به‌وه‌ی قۆناغی داهاتوومان زۆر باش ده‌بێت و كۆمپانیا ناوخۆییه‌كانمان زیاتر دێنه‌ پێشه‌وه‌ و كارگه‌ی زۆری ناوخۆ زیاتر په‌ره‌ده‌سێنن دوای هه‌نارده‌ی هه‌نگوین و هه‌نار و سێو ئه‌وه‌ به‌رهه‌می په‌تاته‌و بریاره‌ به‌رهه‌می دیكه‌ش هه‌نارده‌ ده‌كرێت، بێگومان به‌هۆی ئه‌م جوڵه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك هه‌لی كاریان بۆ ره‌خساوه‌ و ئه‌وه‌ی جێگای دڵخۆشییه‌ كه‌ ته‌واوی ئه‌وانه‌ی هه‌لی كاریان بۆ ره‌خساوه‌ له‌خه‌ڵكی خۆمانن و ده‌ستی كاری ناوخۆی زیاتر ده‌بێت ئێمه‌ش وه‌ك ژووری بازرگانی هیواری سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازی، هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌میشه‌ پشتیوانی جوتیاران بكه‌ین و ئه‌مه‌ هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی حکوومەت كه‌ به‌رهه‌مه‌كانمان زیاتر بكه‌ین و به‌رهه‌مه‌كانمان هه‌مه‌چه‌شن بكه‌ین و به‌رهه‌مه‌كانی خۆمان به‌ وڵاتان بناسێنین.
  • هەنگاوە گەورەکان چی بوون کە کاریگەرییان هەبووبێت؟
    _ بەرنامەی کاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەجۆرێك بووه‌، كە پەرەی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ بدات، بۆ ئەمەش چەند رێگایەکی گرتەبەر، جگە لەوەی خەرجکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەو پڕۆژانەی گرنگ و ستراتیجی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بۆردێکی ھەماھەنگی دروست کرا، کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکات و بەئەندامێتی وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرھێنان و چەند وەزارەتێکی دیکە و لە چوارچێوەی بایەخپێدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ، ئێستاش ئێمه‌ پشتیوانی به‌رنامه‌ی حکوومەت ده‌كه‌ین به‌مه‌به‌ستی جوڵه‌یه‌كی به‌هێزی ئابووری له‌ كوردستان خواستێكی زۆر هه‌یه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیا بیانی و عه‌ره‌بییەکان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان كاری وه‌به‌رهێنان بكه‌ن له‌و باره‌وه‌ حكوومه‌تیش كارئاسانی كردووه‌.
  • چۆن له‌ بڕیارەکەی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ لێخۆشبوونی باج ده‌ڕوانن؟
    _ زنجیرەیەك بڕیاری مەسرور بارزانی رڕگەیاندراوە كە خۆیان لە ڕاگرتنی ژمارەیەك باج لەسەر كاسبكار و شوێنە بازرگانی و دامەزراوە ئەهلییەكان و زەوییەكانی خەڵكدا بینییەوە.له‌وانه‌ لابردنی باجی سەر چێشخانه‌ و هۆتێله‌كان، ئه‌وانه‌ی پلە‌ چوار به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ن، كه‌ به‌پێی یاسای بودجەی عێراق و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌و بڕیاره‌ درا، دوای هه‌بوونی كاریگه‌ریی نەرێنی له‌سه‌ر خه‌ڵك، سه‌رۆك وه‌زیران بڕیاری دا ئه‌و باجە لاببرێت، تا یاساكه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیران بڕیاری دا له‌پێناوی خه‌ڵك لە به‌شێك له‌ داهاتی گه‌نجیه‌ی هه‌رێم خۆش بێت ئێمه‌ ده‌ستخۆشی له‌م هه‌نگاوه‌ ده‌كه‌ین پێمان وایه‌ ئه‌مه‌ باشتر ده‌بێت بۆ زیاتر جوڵه‌خستنه‌ بازاڕه‌وه‌ . بڕیاره‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران زۆر گرنگ بوون و له ‌قازانجی هەژار و ده‌وڵه‌مه‌ندانیشه، كەس لەو بڕیارانە‌ زه‌ره‌مه‌ند نابێت، بەپێچەوانە، هه‌موو خه‌ڵك قازانج ده‌كه‌ن، ده‌وڵه‌مه‌ند باجی له‌سه‌ر كه‌م ده‌بێت و بازاڕی به‌هێزتر ده‌بێت، هه‌ژاریش راسته‌وخۆ باجی زۆر شتی له‌سه‌ر كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك ده‌بێت، به‌تایبه‌ت بەسەر جووڵه‌ی بازاڕەوە.