لە ٤ ساڵدا، دوو هەزار و سەد و حەفتا و پێنج پڕۆژەی کشتوکاڵی جێبەجێ کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەک، پێنج هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئیمارات دەکرێت. حکوومەتی هەرێم گرنگی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، هەر لە هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان تا دەگاتە پاڵپشتی جووتیاران بۆ دۆزینەوەی بازاڕی تازە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، بەمەش تاڕادەیەکی باش جووتیاران قازانج دەکەن، ئەوەش وا دەکات گرنگی زیاتر بەو کەرتە گرنگە بدرێت. بەرپرسانی کشتوکاڵ، دەڵێن، ڕۆژبەڕۆژ بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران فراوانتر دەبێت و لە چوار ساڵی ڕابردوودا دوو هەزار و سەد و حەفتا و پێنج پڕۆژەی کشتوکاڵی جێبەجێ کراون.

سێکتەری کشتوکاڵ یەکێکە لە سێکتەرە هەرە گرنگەکان، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆرترین گرنگی و پشتگیری ئەو کەرتە گرنگەی کردووە تاکو ببێتە هۆی گەشانەوەی سێکتەرەکە لە ئێستادا دەستکراوە بە هەناردەکردنی بەرهەمی پەتاتە بۆ ئیمارات، ئەمەش پشتگیری دەبێت بۆ جووتیاران تاکو گرنگی زیاتر بە بەرهەمەکانیان بدەن.
ڕۆژی پێنج شەممە ١٨ی تەممووزی ٢٠٢٤، لە ڕێوەڕەسمێکدا، بۆ جاری یەکەم، نزیکەی دە هەزار کارتۆن چپسی پەتاتەی هەرێمی کوردستان کە لە کارگەیەکی قەزای قۆشتەپە بەرهەمهێنرابوو، هەناردەی سعوودییە و ئوردن کران.
لە ساڵانی ڕابردوو جووتیاران زیانێکی زۆریان دەکرد، بەو پێیەی وەکو پێویست بەرهەمەکانیان ساغ نەدەبوویەوە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دۆزینەوەی بازاڕی تازە و پاڵپشتیکردنی جووتیاران، ئێستا لە هەرێمی کوردستان کاتی پێگەیشتنی بەروبوومی هاوینەیە، ئەو بەرهەمانەی زیادن ڕەوانەی دەرەوە دەکرێن، جووتیارانیش دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێم دەکەن و دەڵێن، بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی ئێمە بووە و بەردەوام کار دەکات بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی ئێمە.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان کۆمپانیای “ئاورا”ـی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیایەکی ئیماراتی نزیکەی پێنج هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئەو وڵاتە دەکرێت. حاجی سابیر خۆشناو، خاوەنی کۆمپانیای “ئاورا” ئاشکرای کرد: لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە، چوار کۆنتێنەر پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی سەد تۆن دەبن، ڕەوانەی وڵاتی ئیمارات کرا. ڕوونیشی کردەوە، پرۆسەی هەناردەکردن لە ماوەی پازدە بۆ بیست ڕۆژ بەردەوام دەبێت تاوەکو هەر پێنج هەزار تۆنەکە ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت.
ساڵی ڕابردوو بۆ جاری یەکەم زیاتر لە سێزدە هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی ئیمارات و سعوودییە کرا. حاجی سابیر خۆشناو، گوتیشی: لە پلانیاندایە، ئەمساڵ پتر لە بیست و پێنج هەزار تۆن پەتاتەی جووتیاران ڕەوانەی وڵاتانی کەنداو بکەن.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سی جۆر پەتاتە بەرهەم دەهێندرێن، بەگوتەی خاوەنی کۆمپانیای “ئاورا”، کوالیتیی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشترینە، ئەمەش وای کردووە لە وڵاتانی کەنداو خواستێکی زۆری لەسەر بێت.
ساڵانە لەسەر ڕووبەری ٨٦،٤٥٣ دۆنم زەوی، زیاتر لە هەشت سەد هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، ئاستی بەرهەمهێنان ٩٠٠% زیادی کردووە، زۆرترین پەتاتە لە دەشتی ناوکوڕی قەزای بەردەڕەش، لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرهەم دەهێندرێت کە ساڵانە زیاتر لە سێ سەد هەزار تۆنە.
حاجی سابیر، سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە پای هەوڵەکانیان بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران و پشتگیریی بەردەوامیان لە کەرتی کشتوکاڵ بەشێوەیەکی گشتی.
بەرنامەی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەجۆرێکە، کە پەرەی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆ بدات، بۆ ئەمەش چەند ڕێگایەکی گرتووەتەبەر، جگە لەوەی خەرجکردنی بوجەی پێویست بۆ ئەو پڕۆژانەی گرنگ و ستراتیجی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بۆردێکی هەماهەنگی دروست کرا، کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکات و بەئەندامێتی وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرهێنان و چەند وەزارەتێکی دیکە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەر ڕۆژە و سەردانی ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات و بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی دادەنێت، سەرۆکوەزیران بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێم، پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە و بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی جووتیاران.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار و سەد و حەفتا و پێنج پڕۆژەی کشتوکاڵی لە شار و شارۆچکە جیاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی هەرێم جێبەجێ کراون، لەو چوارچێوەیەدا، نزیکەی بیست و پێنج هەزار بیری ئاو هەڵکەندراون.
بەرپرسانی کشتوکاڵ لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم، دەڵێن، لە چوارچێوەی ئەو گرنگی پێدانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەوا پێی هەستاوە کار ئاسانی دەکات بۆ هەناردەکردن و ڕەوانەکردنی بەرهەمی جووتیاران کە بەرهەم زیاد دەبێت پێویستی بە ڕەخساندنی دەرفەتی بە بازاڕ کردن هەیە، لەگەڵ ژووری بازرگانی هەولێر زیاتر لە سەد تۆن پەتاتە ڕەوانەی ئیمارات کرا و لەوێ بە بازاڕ دەکرێت خواست لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرهەمی ناوخۆی کوردستان زۆرە، دیارە ئەو وڵاتانەی کەنداو کە پار ساڵ داوای ئەو بەرهەمەیان کردبوو ئەمساڵیش دووبارە داوایان کردووەتەوە ئەوەش لەو چوارچێوەیە سەرچاوە دەگرێت کە ئەو بەرهەمە لەڕووی کواڵێتییەوە، کواڵێتییەکی بەرزی هەیە، بۆیە دووبارە ئەو کۆمپانیانەی کە پێ هەستاون داوای ئەو بەرهەمانە دەکەنەوە. هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی بایەخپێدانی حکوومەتی هەرێم بە کەرتی کشتوکاڵ، ڕۆژبەڕۆژ دەرفەتی بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران فراوانتر دەبێت.

ھەواڵی زیاتر