لە چەند گوندێک کارەبا لە وزەی خۆر بەرهەم دەهێنرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە چەند گوندێکی ھەرێمی کوردستان، بەھۆی کەمی کارەبای نیشتمانی و نەبوونی مووەلیدەی ئەھلی و بەرزی پلەکانی گەرما کارەبا لە وزەی خۆر بەرھەم دەھێندرێت. بەگوتەی شارەزایان کارەبای تیشکی خۆر زۆر باشترە لە مووەلیدە ھەم ژینگە پیس ناکات و دەنگی نییە، ھەمیش بەردەوام بەبێ پچڕان ھەیە.

پڕۆژەی وزەی پاکی کارەبا بەسوود وەرگرتن لە تیشکی خۆر لە گوندی ئێنەمسیدی قەزای مێرگەسۆر، بەگوژمەی دوو سەد ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خرایە خزمەت ھاووڵاتییان. ھاووڵاتییان، دەڵێن: ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگ و پێویست بوو بۆ گوندەکەمان، پێشتر کێشەی کەمی کارەبامان ھەبوو، بەڵام ئێستا ھەموو کات کارەبامان ھەیە، زۆر دڵخۆشین و سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین.
بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و چارەکردنی کارەبا لە گوندە دوورە دەستەکان، حکوومەتی ھەرێم وەکو تاقی کردنەوە لەڕێگەی سلار پەنەل بیست ئەمپێر کارەبای بەردەوام بۆ ھەر ماڵێک لە ھەر دوو گوندی ئێنەمسید و بندەر دابین کردووە، لە بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە لەڕێگەی وزەی خۆر کارەبا بۆ ھەموو گوندەکانی دوورە دەست دابین بکات.
ھەژار جەوھەر، بەڕێوەبەری ناحیەی پیران، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، ڕاگەیاند: وەکو ھاندانێک بۆ ھاووڵاتییانی گوندەکانی دوورە دەست و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری گوندەکان، ھەروەھا وەکو بار سووکییەکیش بۆ حکوومەتی ھەرێم کارەبا لەڕێگەی وزەی خۆر بۆ دوو گوندی سنوورەکە دابین دەکرێت، وەرگرتنەوەی پارەش نیوە بە نیوەیە، نێوە حکوومەت دەدات، نیوەی دیکەش ھاووڵاتییان دەدەن، ئەوەش کراوەتە قیست و مانگانە دەدرێت.

ھەواڵی زیاتر