لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاردرا زۆربەی ئەو داواكارییانەی بەرپرسانی شارۆچكەی كۆیە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان هەیانە جێبەجێ بكرێت كە خۆی لە كەرتەكانی رێگەوبان و خزمەتگوزارییەكان و بەرەوپێشبردنی زانكۆ و پەیمانگاكان دەبینێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی کرد لە تاریق حەیدەری قایمقامی کۆیە و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری ڕيگاوبانی شارۆچكەكە.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر کێشە و گرفتەکانی شارۆچكەی کۆیە کرا و قایمقامی شارەکە چەند داواکارییەکی خستەڕوو کە تایبەتن بە کەرتی ڕێگاوبان و سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان.
وەزیری دارایی ڕەزامەندی لەسەر زۆربەی داواکارییەکان شارۆچكەی كۆیە دا و ڕایگەیاند: سەرەڕای کێشە و قەیرانەکان، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر داواکارییەک لەچوارچێوەی بونیاتنانی ژێرخانی دامەزراوەکانی شارۆچكەكە هەبووبێت ڕەزامەندییان لەسەرداوە.
لە دیدارێكی دیكەدا وەزیری دارایی پێشوازی کرد لە شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و پەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ.
لە کۆبوونەوەیەکدا هەنگاوەکانی بەرەوپێشبردنی کەرتی خوێندنی باڵا و بنیاتنانی ژێرخانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە کابینەی نۆیەم بە بایەخەوە گفتوگۆی لەسەر کرا و ڕۆڵی حكوومەت و وەزارەتی دارایی لە بەرەوپێشبردنی ئەو کەرتە بەرز نرخێنرا.
ئاوات شێخ جەناب گەشبینی خۆی نیشان دا بەچارەسەرکردنی کێشەی مووچە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، زیاتر دەستکراوەتر دەبن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەرەوپێشبردنی زیاتری کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا.