کۆمیسیۆنی عێراق ڕەتی دەکاتەوە هیچ کاندیدێکی پارتیی دوور خستبێتەوە

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هیچ کاندیدێکی پارتییان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە سنووری پارێزگای دهۆک  دوور نەخستووەتەوە.  

سێشەممە، 23-07-2024، د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هیچ بڕیارێکی بۆ دوورخستنەوەی هیچ کاندیدێکی پارتی و تەنانەت کاندیدانی حزبە سیاسییەکانی دیکەش لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دەرنەکردووە.

پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە بازنەی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 48 کەسی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کاندید کردووە؛ وا بڵاو کرابووەوە، گوایە کاندیدێکی بەهۆی ئەوەی لە دایکبووی ناوچەیەکی سەر بە ماددەی 140ـە، لە هەڵبژاردنەکە دوورخراوەتەوە.

سەرچاوەیەک لە مەکتەبی دهۆکی ڕێکخستنی پارتی ڕاگەیاند، پێنجشەممەی ڕابردوو، 18-07-2024، ناوی هەر 48 کاندیدەکەیان داوەتە لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق “ئێستا دەستەی یاسای و دەستپاکی و بەشەکانی دیکەی کۆمیسیۆن لە بەغدا، وردبینی بۆ ناوەکانمان و ناوەکانی حزبەکانی دیکەش دەکەن، لەوانەیە پرۆسەکە هەفتەیەکی دیکەش بخایەنێت؛ تاوەکوو ئێستا کۆمیسیۆن هیچ کاندیدێکمانی دوور نەخستووەتەوە”.

بە گوتەی هەمان سەرچاوە، “ئەگەر کێشەیەکی یاسایش لە کاندیدێکی پارتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەبێت، بە هەماهەنگیی لەگەڵ کۆمییسۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەوڵی چارەکردنی کێشەکە دەدەین”.

بە گوێرەی ڕێساکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەر لیستێکی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەتوانێت دوو هێندەی کورسییەکانی هەر پارێزگایەک کاندیدی بۆ هەڵبژاردنەکە هەبێت و پارتیش بۆ ئەم هەڵبژاردنە 190 کاندیدی هەیە.

دابەشکاریی کاندیدەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

1.  هەولێر: 64 کاندید (44 پیاو و 20 ئافرەت)

2.  دهۆک: 48 کاندید (33 پیاو و 15 ئافرەت)

3.  سلێمانی: 72 کاندید (50 پیاو و 22 ئافرەت)

4.  هەڵەبجە: شەش کاندید (چوار پیاو و دوو ئافرەت)

دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: 32 کورسی

2.  سلێمانی: 36 کورسی

3.  دهۆک: 24 کورسی

4.  هەڵەبجە: سێ کورسی

(کۆی گشتی: 95 کورسی)

دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: دوو کورسی

2.  سلێمانی: دوو کورسی

3.  دهۆک: یەک کورسی

4.  هەڵەبجە: سفر کورسی

(کۆی گشتی: 5 کورسی)

وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت. سەرچاوەیەکی کۆمیسیۆن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، “سەدا 80ـی ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنەکە تەواو کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکارن لەگەڵمان”.

بە گوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کارتی بایۆمەتریی دەنگدان کە تایبەتە بە دەنگدەرانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان؛ تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، 04-07-2024،  لە کۆی 818 هەزار و 979 کارت لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی؛ 438 هەزار و 533ـیان وەرگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکە سەدا 53.5 و 380 هەزار و 464ـیشیان وەرنەگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکەی سەدا 46.5.