ڕێکارەکانی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران خێراتر دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران قۆناغی باشی بڕیوە و ڕێکارەکان بەردەوامن و ئێستاش لە قۆناغی پڕکردنەوەی فۆرمی زانیاری تایبەت بە فەرمانبەرانن. بەرپرسانی وەزارەتی شارەوانی، دەڵێن: ھەر فەرمانبەرێک پێشتر سوودمەند نەبووبێت و خزمەتی لە ھەشت ساڵ زیاتر بێت زەوی وەردەگرێت.

بەڕێوبەرایەتیی شارەوانییەکان ڕاسپێردراون
ڕۆژی ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٤، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوییە بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، بۆ خێراکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار نووسراوێکی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان دەکات.
لە نووسراوێکدا کە گشتاندنی بۆ کردووە، وەزارەتی شارەوانی بڵاویکردووەتەوە، پاڵپشت بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ٢٤٢ و بۆ ئاسانکردن و خێراکردنی پڕۆسەی جێبەجێ کردنی بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، نووسراو ئاڕاستەی شارەوانییەکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، گەرمیان، ھەڵەبجە، سۆران، زاخۆ و ڕاپەڕین کراوە، لە نووسراوەکەدا ھاتووە، بۆ ئامادەکردنی ڕووبەری ئەو زەویانەی بۆ بەکارھێنانی نیشتەجێبوون و بەپێی ماستەرپلانی پەسەندکراوبوون، نەخشەی کەرتی بەپێی کۆنووسەکە بۆ ئامادە بکرێت، ئەوەشی لە دەرەوەی سنووری ماستەرپلان بوو، دوای دیراسەکردن ڕێکارەکانی پێویستی بۆ بگرێتەبەر، ئەگەر زەوی پێویست لە سنووری شارەوانی و ماستەر پلاندا نەبوو، پێشنیاری گونجاو بۆ فراوانکردن ئامادەبکرێت، بەڵام بەگرتنەبەر و جێبەجێکردنی ڕێکاری یاسایی و پلانسازی بێت، دواتر و پاڵپشت بە ماددەی ٨ لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان سنوورەکە فراوان بکرێت.

ئەو فەرمانبەرانەی سودمەند دەبن
بەپێی ئەو ڕێنمایانەی بڵاوکراونەتەوە دەبێت فەرمانبەر پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبووبێت، ساڵانی خزمەت، خێزان، منداڵ لەگەڵ بڕوانامە بە خاڵ بۆی ھەژمار دەکرێت و ھەر فەرمانبەرێکیش لە ھەشت ساڵ خزمەتی زیاتر بێت مافی وەرگرتنی زەوی دەگرێتەوە.

فۆرمی زانیاری تایبەت بە فەرمانبەران پڕ دەکرێتەوە
ڕووبەری ئەو پارچە زەویانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێت نابێت لە دوو سەد مەتر کەمتر بێت واتە درێژیەکەی ھەشت مەتر و پانییەکەی بیست و پێنج مەتر بێت. کۆبوونەوەی تیمی یاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ نوێنەری یاسای تەواوی فەرمانگەکانی حکوومەتی ھەرێم لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ پێدانی ڕێنمای چۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆرمی زانیاری فەرمانبەران تایبەت بە وەرگرتنی زەوی. بەڕێوەبەری یاسایی وەزارەتی شارەوانی مەرج و خاڵەکانی سوودمەندبوونی فەرمانبەران دەخاتەڕوو و دەڵێت، ئەو فۆرمە سێ شتی سەرەکی تێدایە، ناوی داواکار کە پێشتر سوودمەند نەبووبێت، کارتی زانیاری و شوێنی نیشتەجێبوون و کارکردنی خۆی، ئەوانە پەسەند دەکرێن لەلایەن فەرمانبەری یاسایی کە ڕێگە پێدراوە وەکو نووسەری داد، ئەو زانیارییانە پشت ڕاست دەکاتەوە پاش ئەوەی کە بەڵێنامە دەدات و پەنجەمۆر دەکات، کە ھەشت ساڵ خزمەتی کەمتر نەبێت، لەناو فۆرمەکەش خاڵەکان دیاری کراون، خاڵەکانیش چۆن ئەژمار دەکرێن، ساڵی خزمەت، بۆ نموونە دە ساڵ خزمەتی ھەیە ئەوە دە خاڵ، لەگەڵ پێنج ئەندامی خێزان خۆی و خێزان و سێ منداڵی ئەوە پێنج خاڵ، ھەموو ئەو خاڵانە کۆ دەکرێتەوە و دەبنە پازدە خاڵ، ئەگەر خۆی و خێزانەکەی فەرمانبەر بوون، ھیچ کام لە ھەر دووکیان پێشتر زەوییان وەرنەگرت بێت، ئەوەی خزمەتی زیاترە داواکارییەکە پێشکەش دەکات.

زەوییەکان ئامادەن
شارەوانییەکان زەوییەکانیان ئامادە کردووە، بۆ ئەو مەبەستە چەندین ڕێکارییان گرتووەتەبەر. ئەندازیار کارزان عەبدولھادی، سەرۆکی شارەوانی ھەولێر، دەڵێت: ئەو زەوییانەی لە شاری ھەولێر بۆ فەرمانبەران دیاریکراون لە قۆناغی نەخشەی کەرتی و کوژانەوەی زەوییەکانن، چونکە ڕەنگە ئەو زەویانە بەشێک بەناوی سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر نەبن، یان بەناوی وەزارەتی دارایی، یان ڕەگەزیان کشتوکاڵیی بێت، بۆ ئەوەی بتوانین بەزووترین کات کارەکان تێپەڕێنین، ھەم لەڕووی یاساییەوە، ھەمیش لەڕووی ھونەرییەوە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت، ئەو ڕێنمایانەی کە بۆ ئێمە ھاتوونە زەوییەکان ڕووبەڕیان دوو سەد مەترە و پانتایی کۆڵانەکانیش لە دوازدە مەتر کەمتر نییە.

ھەواڵی زیاتر