“ڕێککەوتن لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی پارێزگاکە کراوە کە پێکەوە ئیدارەی پارێزگاکە بکەن بە هاوبەشی”

دوای یەکەمین دانیشتنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پێدانی شەرعیەت بە ئەندامانی هەڵبژێردراو، حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک کۆبوونەوە و داوای ئەوەیان کرد کوردێک ببێتە پارێزگاری کەرکووک.

ئەگەرچی هێشتا حزبە کوردستانییەکان پێویستیان بە کاتی زیاترە بۆ ئەوەی لە نێوخۆیاندا لەسەر کاندیدێک ڕێکبکەون و ڕەنگە پێویست بەوە بکات کۆبوونەوەی فراوانی نێوان لایەنەکان لە ئاستی باڵا لەو بارەیەوە بەڕێوە بچێت، بەڵام لایەنە کوردستانییەکان دەیانەوێت ئەوە مسۆگەر بکەن کە پارێزگاری کەرکووک مافی خۆیانە.
کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک، هەوڵێکی باشە بۆئەوەی کۆدەنگییەک لە نێویاندا هەبێت و بتوانن بە ڕێککەوتن و ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ دانووستاندنەکان بکەن بە مەبستی پێکهێنانی ئیدارەی خۆ جێی شارەکە.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک، جەخت کردنەوە بووە لەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک پشکی کوردە و دەبێت کوردێک ببێتە پارێزگار.
داوای ئەوەش دەکەن لایەنە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە زووترین کات حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکبهێنن بۆ خزمەتکردنی شاری کەرکووک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە؛ بە دڵنیاییەوە کوردێک دەبێتە پارێزگار بەهۆی ئەوەی کورد زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی بەدەست هێناوە.
دەشڵێت؛ ڕێککەوتن لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی پارێزگاکە کراوە کە پێکەوە ئیدارەی پارێزگاکە بکەن بە هاوبەشی.
دوای ١٩ ساڵ دواجار هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەڕێوەچوو، لە هەڵبژاردنەکەدا کورد توانی ببێت براوەی یەکەم و زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەدەست بهێنێت.

ھەواڵی زیاتر