ئایدن مەعرووف: پێکهاتەکان داوای مافی ڤیتۆ و زیادکردنی کورسییەکانیان دەکەن

دوای کۆبوونەوەی ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی پێکهاتە نەتەوە و ئایینەکان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “پێکهاتەکان داواکارن لە خولی نوێی پەرلەمانی کوردستاندا، مافی ڤیتۆیان هەبێت و یاسای هەڵبژاردنیش هەموار بکرێتەوە و کورسی پێکهاتەکان بۆ 15 کورسی زیاد بکرێت”.

ئایدن مەعروف گوتیشی: بەشێک لە پێکهاتەکان لە دەرەوەی سیستمی کۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، بەشێکیش لە پێکهاتەکان وەک کاردانەوەیەک لە دژی ئەو سیستمەی بۆ کورسیی کۆتای پێکهاتەکان و دابەشکردنە جوگرافیاکەی کراوە بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، هەر وەک پێشتر ڕایان گەیاندبوو پێنج کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکان کەمە و شێوزای دابەشکردنە جوگرافییەکەشی هەڵەیە، چونکە پێشتر هیچ ڕاوێژێک لەگەڵ پێکهاتەکان نەکراوە.

هەروا گوتی: وەک وەزیری پێکهاتەکان لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەکەم. دیارە لە هەرێمی کوردستان وەک پێکهاتەی نەتەوە بەشداریی لە هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام لە عێراق لەسەر بنەمای ئایینی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن. کۆبوونەوەی ئەمڕۆش لەگەڵ چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی پێکهاتەکان، ڕاوێژکاریی بوو، هەربۆیە لە کۆبوونەوە ڕاوێژکارییەکان بەردەوام دەبین و ڕا و پێشنیازەکان لە چوارچێوەی ڕاپۆرت گەڵاڵە دەکەین دەیدەینە لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان پشتیوانیی باشتر و زیاتری پێکهاتەکان بکرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا “حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانییەکی تەواوی لە مافی پێکهاتەکان کردووە و بەرهەمی هەوڵەکانی حکوومەتیش لەم تەبایی و پێکەوە ژیانەی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان ڕەنگیداوەتەوە کە ئاستێکی بەرزدایە”.

ئایدن مەعرووف ڕاشیگەیاند “لەم کۆبوونەوەیەدا چالاکوانانی پێکهاتەکان هەموو هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دەبێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراویدا بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسیی و پێکهاتەکان بکرێت”.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێت: هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێکهاتەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لە خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان دەبێت هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێتەوە و کورسی پێکهاتەکان زیاد بکرێت و کاریش بۆ ئەوە دەکەین ئەو پێنج کورسیی کۆتایە بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە بکرێتە 15 کورسی، کە 11 کورسی بۆ کۆتای پێکهاتە نەتەوەییەکان و چوار کورسیی کۆتاش بۆ پێکهاتە ئاینییەکان بێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش نوێنەریان هەبێت لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ نموونە گرنگە ئێزدیی و شەبەکەکانیش نوێنەر خۆیان لە پەرلەمان هەبێت.

گوتیشی: لە عێراق سیستمی کۆتا بۆ پێکهاتەکان شکستی هێناوە و نەیتوانی سەرکەوتوو بێت. هەر بۆیە بە باشی دەزانین نوێنەری پێکهاتەکان لە خولی داهاتووی پەرلەمان مافی ڤیتۆی هەبێت، بۆ ئەوەی زیاتر ڕەچاوی مافی پێکهاتەکان بکرێت، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانیش دەکەین دەستوەردان لە ماف و کاروباری پێکهاتەکان نەکەن، چونکە پێکهاتەکان لایەنگیری هیچ لایەنێک دژی لایەنێکی دیکە ناکەن و بەڵکو دەیانەویت ببنە فاکتەرێکی باش بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان.

ھەواڵی زیاتر