کشتوکاڵی هەولێر: گەنمەشامی پێداویستی ناوخۆی پڕکردووەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، گەنمەشامی ناوخۆ بوار بە هاوردە نادات و بەجۆرێک زیادی کردووە کە دەتوانێت پێویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە و پێویست بە هاوردەکردنی ناکات.

یەکشەممە، 21ـی تەمموزی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ڕاگەیاند، زیادبوونی پڕۆژە پەلەوەرییەکان و پڕۆژەکانی ئاژەڵی شیری و گۆشتی، لە هەرێمی کوردستان هۆی سەرەکی زیادبوونی ئەم بەرهەمەیە، چونکە گەنمەشامی وەک ئالیک بەکار دێت، بەم هۆیەوە چەندان کارگەی بەرهەمهێنانی ئالیکی پەلەوەر و ئاژەڵ دامەزراون.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، “بەهۆی ئەوەی گەنمەشامی ئاوی زۆر دەوێت، هەندێک جار جووتیار تووشی گرفت دەبێت، بەڵام ئێستە گەنمەشامی ناوخۆ بوار بە هاوردە نادات و بەجۆرێک زیادی کردووە کە دەتوانێت پێویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە”.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر، چەندان کارگەی وشککردنەوەی گەنمەشامی لە هەرێمی کوردستان دامەزراون، هەروەها دەستەی وەبەرهێنان هەلی دامەزراندنی کارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی گەنمەشامی بە وەبەرهێنەران داوە، بەڵام تا ئێستە دەستپێشخەریی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ ئەو بابەتە نەکراوە.

هێمن سەید موراد دەشڵێت: “ژمارەی پڕۆژەی مۆڵەتی کارگەی ئالیک 26 مۆڵەتە و ژمارەی کارگەی وشکردنەوەی گەنمەشامی 3 مۆڵەت”.

ڕاشیگەیاند “بەشی زۆری کارگەکانی ئالیک ئامێری وشکردنەوەی گەنمەشامیان هەیە. هەروەها  پار گەنمەشامیان بە 350 هەزار دینار وەرگرتووە و ئیستەش نرخەکەی 300 هەزار دینارە”.