سەعید جردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش: سەرۆکی حکوومەت هەموو کارێکی پێویستی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەبڕیاری سەرۆکوەزیران قوتابییانی ڕزگاربووی دەستی داعش دەگەڕێنەوە بەر خوێندن و بڕیارەکە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش ڕزگاربووانی دەستی داعشی خۆشحاڵکردووە و سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم دەکەن. سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش، دەڵێت: سەرۆکی حکوومەت ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ ئەو کەسانەی کە لە دەستی داعش ڕزگار بوونە کردوویەتی، پێش ماوەیەک پڕۆژەی پاڵپشتیی مانگانەی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش ڕاگەیاند، لە ڕۆژانی داھاتوودا ئەو مینحەیە بەسەر ڕزگاربووان دابەشدەکرێت.

لە ھێرشەکەی ڕۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان ھانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش، ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە ھەڵھاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال، بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا – پێشخابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان چوونە وڵاتانی دەرەوە، بەھۆی ھێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال، زیاتر لە پێنج ھەزار کوردی ئێزدی شەھید بوون و نزیکەی دوو ھەزار و حەوت سەد و چل و پێنج منداڵ بێ دایک و باوک بوون.
ھەر بەھۆی ھێرشەکەوە زیاتر لە سێ سەد و بیست و پێنج ھەزار ئێزدیی ئاوارە بوون، بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بەھۆی ھێرشەکەی داعشەوە، سەد و سی و پێنج ھەزار و ھەشت سەد و شەست کوردی ئێزدی ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، ھەروەھا سەد و ھەشتا و نۆ ھەزار و سێ سەد و سی و حەوت کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی ھەرێمی کوردستان بوون و زیاتر لە سەد ھەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.
بڕیارەکە
بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک ئاسانکاریی بۆ قوتابییانی ڕزگاربووی دەستی داعش دەکات، بە مەبەستی گەڕاندنەوەیان بۆ سەر پرۆسەی خوێندن.
ڕۆژی پێنج شەممە، ١٨-٧-٢٠٢٤، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا و بە ئامادەبوونی سێ ڕزگاربووی کوردی ئێزدی، باسی لە بڕیارێکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی قوتابییانی ڕزگاربووی داعش بۆ سەر پرۆسەی خوێندن.
وەزیری پەروەردە، ڕوونی کردەوە: لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا، ڕزگاربووانی شاڵاوی تیرۆریستانی داعش کە ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمارکراوە و لە خوێندن دابڕاون، تەواوی ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکو دەست بە خوێندن بکەنەوە.
لە هەموو مەرجەکان دەبەخشرێن
سەعید جردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ڕزگاربووانی دەستی داعش چاوەڕوانی ئەوە بوون کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەرفەتیان بۆ برەخسێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە درێژە بە خوێندن بدەنەوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزیری پەروەردە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئاسانکاری بۆ ئەو قوتابییانە کراوە کە لە دەستی داعش ڕزگار بوونە، بۆ ئەوەی دووبارە درێژە بە خوێندن بدەنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان گەورەیە، یان لە خوێندن دابڕاون، ھەروەھا ئەوانەی پۆلی نۆیان تەواوکردووە و دەرفەتیان نەبووە درێژە بە خوێندن بدەن، لە ھەموو مەرجەکان دەبەخشرێن، بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن و دەتوانن لە ھەر پەیمانگەیەکی حکوومی کە بیانەوێت بخوێنن، ئەگەر تەمەنیان گەورە بێت لە ڕێگەی خوێندنی خێرا خوێندنی خۆیان تەواو دەکەن، ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە جێگەی خۆیدا بوو و بووە جێگەی خۆشحاڵی ھەموو ڕزگاربووانی دەستی داعش، چونکە ئێش و ئازارێکی زۆریان بینیوە و دەرفەتیان بۆ نەرەخساوە دوای ڕزگاربوونیان درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن.
لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە پێک دێت
سەعید جردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش، ئاشکراشی کرد: ئەو فەرمانە لە ڕۆژی ١٨-٧-٢٠٢٤، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤ – ٢٠٢٥ پەیڕەو دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەک لەسەر ئاستی پەروەردەی گشتی پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێکدێت بۆ ئەوەی ئەو قوتابییانەی دەچنەوە بەر خوێندن سەردانی ئەو لیژنەیە بکەن بۆ ئەوەی بەردەوامی بە خوێندنی خۆیان بدەن، کە تا ئێستا سێ ھەزار و پێنج سەد و حەفتا و چوار کەس لە دەستی داعش ڕزگار بوونە، بەشێکی زۆر لەوانەی ڕزگاربوونە لە خوێندن دابڕا بوون، ئەوانە بەپێی ڕێنمایەکان دەگەڕێنەوە بەر خوێندن بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن.
سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش، دەشڵێ: سەرۆکی حکوومەت ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ ئەو کەسانەی کە لە دەستی داعش ڕزگار بوونە کردووە، پێش ماوەیەک پڕۆژەی پاڵپشتیی مانگانەی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش ڕاگەیاند، کە لە ڕۆژانی داھاتوودا ئەو مینحەیە بەسەر ڕزگاربووان دابەشدەکرێت، ھەروەھا لە ماوەیەکی نزیکدا سەنتەرێکی پشتگیری کۆمەڵایەتی و چارەسەری دەروونی، بۆ گرنگیدان بە ڕزگاربووانی داعش و دابینکردنی دەرفەتی کار دەکرێتەوە و کەسانی پسپۆر تێدا کار دەکەن بۆ پشتگیری لەو کەسانەی کە لە دەستی داعش ڕزگار بوونە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ھەر شتێک پێویست بێت سەرۆکی حکوومەت بێ یەک و دوو بۆ ئێزدییەکان دەکات و تا ئێستاش ئەوەی پێویست بووە کردووە، ئێمەش وەکو بنکەی لالش پێشنیاز و داواکارییەکانی خۆمان پێشکەشی حکوومەتی ھەرێم دەکەین، سەرۆکی حکوومەتی ڕاستەوخۆ ڕەزامەندی لەسەر دەدات و جێبەجێ دەکات.

ھەواڵی زیاتر