هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە لە هەولێر زۆرن و چارەسەرییەکان کەمن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ساڵانی پێشتر کاتێک سەیری ئاسمانی هەولێرت دەکرد هەندێک جار تەم و دووکەڵ بەسەر ئاسمانی شارەکەدا دەبینرا، بەڵام ئێستا هەموو کات ئەو تەمە دەبینرێت و تا زیاتر لە سەنتەری شار نزیک ببیتەوە هەست بە کەمبوونەوەی زیاتری ئۆکسجین و بەرزبوونەوەی گازە ژەهراوییەکان دەکەی. بوونی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل، گەشەی پیشەسازی و هەبوونی ژمارەیەکی زۆری مۆلیدەی ئەهلی و پەرەسەندنی پڕۆژەکانی بواری نەوت و پێترۆکیمیایی لە لایەک و کەمیی چارەسەرییەکانی ژینگە بە گرنگترین هۆکار هەژمار دەکرێن.

هەولێر یەکێک لەو شارانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە کە لە سەدەی نوێی زاییندا بە خێرایی گەشەی سەندووە و لەسەر نەخشەی سیاسیی، ئابووری، کلتووری جیهان زیاتر بەرجەستە بووە، بەڵام ئەو پێشکەوتنە هەندێک رۆڵی نەرێنیشی بە شارەکە بەخشیوە و هاتووەتە ریزی ئەو شارە گەورە و پێشکەوتووانەی کە رۆڵیان هەیە لە پیسکردنی ژینگە.

گەشەی خێرای هەولێر
گەشەی خێرای ئەم شارە ئەگەر لە لایەک بووبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار و جووڵەی بازاڕ و بووبێت بە شارێکی پڕ جموجۆڵی بازرگانی لە لایەکی دیکە هەموو شارێک کە پێش دەکەوێت کۆمەڵێک دەرهاویشتەی خراپیشی دەبێت کە ئەم پێویستییە دەهێنێتە کایەوە بەرپرسانی حکوومەت لەگەڵ بیرکردنەوە لە گەشەی شارەکە بیر لە کاریگەرییە خراپەکانیشی بکەنەوە.
لە ئاستی جیهاندا وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکان بە گرنگترین هۆکاری پیسبوونی ژینگەش هەژمار دەکرێن شارە گەورەکانی وەک لەندەن و پاریس و نیۆیۆرک بەقەدەر جوانیی و پێشکەوتنیان رۆڵی خراپیشیان بۆ پیسکردنی ژینگە هەیە. بوونی ژمارەیەکی زۆری کارگەی پیشەسازی و پاڵاوگە و چالاکی ئابووری و گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر، هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەش زیاد دەکات.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی ئاشتیی سەوز پێشتر پەنجا شاری جیهانی دەستنیشان کردبوو کە رۆڵی زیاتریان هەیە بۆ پیسبوونی ژینگە و لەو ژمارەیەش هەشت شاریان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵکەوتبوون و هەولێریش لە پاڵ بەغدا و چەند شارێکی تر ناوی هێنرابوو.
گازی دووەمی نایترۆجین، گازێکی زۆر مەترسیدارە و لە کاتی سووتانی وزە بەردینەکان بە هەوادا بڵاودەبێتەوە، بە تایبەت لە کاتی سووتانی ڕۆن و گازوایل، کە بەشێکی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و کارگە گەورەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەو سووتەمەنیانە کار دەکەن.
ژمارەی زۆری ئۆتۆمبێل
لە هەولێر جگە لەوەی کە ژمارەی ئۆتۆمبێل و کارگەکانی پیشەسازی زیادی کردووە، ئەوەی تا رادەیەک هۆکار بووە لە پیسبوونی ژینگە، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پاڵاوگەکانی بەرهەمهێنانی بەنزین بووە، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پێشتر بە گازوایل کاریان دەکرد بەڵام زۆربەیان سووتەمەنییەکەیان بۆ گازی سروشتی گۆڕدراوە هەر چەندە ئەو جۆرە سووتەمەنییەش پیسکەرەوەی ژینگەن بەڵام رێژەی پیسکردنی ژینگەیان لەچاو جۆری گازوایل زۆر کەمترە.
یەکێکی تر لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی پیسکردنی ژینگە لە هەولێر پێوەندیدارە بەو مۆلیدانەی کە لە گەڕەکەکان لانی کەم نیوەی پیداویستییەکانی کارەبا دابین دەکەن و بەهۆی ئەوەی کە سووتەمەنییەکەیان گازوایلە دووکەڵی رەش و پیس بە گەڕەکەکاندا بڵاو دەکەنەوە.
سەرچاوەیەکی تری پیسکردنی ژینگە لە کوردستان بوونی ژمارەیەکی زۆری پاڵاوگەن کە لەو ژمارەیە ئەگەر هەندێکیان یاسایی بن ژمارەیەکیشیان بە نایاسایی کار دەکەن و هۆکارن لە پیسکردنی ژینگەی کوردستان.

هەوڵەکانی حکوومەت
لە چەند ساڵی رابردوو حکوومەت بەشێکی بەرچاو لە پاڵاوگە نایاساییەکانی داخستووە هەر چەندە هێشتا هەندێکیان لە کارکردن بەردەوامن. کێشە لەوەدایە تەنانەت ئەو پاڵاوگانەیش کە یاسایین و لە ژێر چاودێریی حکوومەت و دەستە و رێکخراوەکانی ژینگەدان و فیلتەر بۆ ئەو دووکەڵانەیان داندراوە کە دەیدەنە دەرەوە، بەڵام بە پێی ئەو زانیارییانەی کە سەرچاوەیەک بۆ رۆژنامەی هەولێری خستە روو، هەندێک جار بە تایبەت لە شەودا یان لە رۆژانی پشوودا، کارگەکان یان پاڵاوگەکان بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان فیلتەرەکانیان لادەبەن و هەموو جۆرەکانی پیسی دەخەنە ژینگەوە و هەر بۆیەش هەندێک رۆژ یان شەو بۆنێکی پیس لە گەڕەکەکانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی هەولێر هەست پێ دەکرێت.

لاوازی گواستنەوەی گشتی
بەدەر لەمە لە هەولێر گواستنەوەی گشتی زۆر لاوازە و زۆرینە هەر بە ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان دەچنە دەوام و بازاڕەکان و ئەگەر سیستمێکی پێشکەوتووی گواستنەوە هەبوایە ئەوا پێویستی نەدەکرد ئەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلە بەسەر شەقامەکاندا تێپەڕن کە جگە لە زیانی ژینگە زیان بە ئابووری کوردستانیش دەگەیەنن و بۆیەش ئەو پێویستییە هاتووەتە کایەوە ئەوەندەی بایەخ بە پێشکەوتن و بەرهەمهێنان دەدرێ ئەوەندەش گرینگی بە ژینگە بدرێ کە سەلامەتیی هەمووان بە بوونی ژینگەیەکی پاک گرێ دراوە.

ھەواڵی زیاتر