مەسعود کاڕەش: بەم نزیکانە 75 لە سەدی کێشەی کەمئاوی هەولێر چارە دەبێت

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێ: لە هەفتەی داهاتووە بە زیادکردنی ئاوی ئیفراز 3، بۆ نێو تۆڕی دابەشکردنی ئاو، پێشبینی دەکەین %75ی کێشەی کەمئاوی لە هەولێر چارە ببێت.

جێگری پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: بڕیارە لەم نزیکانە مژدەیەکی خۆش لە بارەی چارەکردنی کێشەی کەمئاوی گەڕەکەکانی هەولێر لەلایەن پارێزگارەوە ڕابگەیەنرێت، بۆ ئەمەش دوو پرۆژەمان لەبەردەستە، پێشبینی دەکەم لە هەفتەی داهاتوودا جێبەجێ بکرێن.

لە بارەی دوو پرۆژەکەشەوە گوتی: زیادکردنی ئاوی ئیفراز 3، تا 48 هەزار مەترسێجا دەبێت، لەگەڵ زیادکردنی دوو ماتۆڕی دیکەی هەناردەی ئاو لە ئیفرازەوە بۆ ناو تۆڕی دابەشکردنە، بەمەش پێشبینی دەکەین %75 کێشەی کەمئاوی ناو بازنەی شەقامی 120 مەتری و بەشێکی هەولێری نوێ چارە ببێت.

سەبارەت بە چارەکردنی گرفتی کەمئاوی لە شاری هەولێر، مەسعود کاڕەش گوتی: ڕەنگە تێچووی چارەکردنی ئەم گرفتە زۆر زیاتر بێت لەو بودجەیەی لەبەردەستی پارێزگای هەولێر هەیە، چونکە ئەو پارە و بودجەیەی لەبەردەستە تەنیا دەتوانین لە لێدانی بیرێکی ئاو، یان نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەیەک یان چارەکردنی گرفتی کارەبای ناوچەیەک خەرجی بکەین. هەربۆیە چارەکردن و بنەبڕکردنی کێشەی کەمئاوی هەولێر بە یەکجاری، پێویستی بە بودجەیەکی زەبەلاحە، بە نموونە کاتی خۆی تێچووی پرۆژەی ئیفراز 3ی ئاوی هەولێر 220 ملیۆن دۆلار بوو، هەر بۆیە، سەردانەکەی پارێزگاری هەولێر بۆ سعوودیە تایبەت بوو پارەدارکردنی ئەو پرۆژانەی کە تێچووەکانیان نزیکەی 700 ملیۆن دۆلارە.

هەروەها لە بارەی پرۆژەکانی پەرەپێدان لە پارێزگای هەولێر، مەسعود کاڕەش گوتی: لە کۆی ئەو پرۆژانەی پەرەپێدان لە سنووری هەولێر هەن، هەندێکیان لەسەر سلفەی مانگانەی پارێزگاوە جێبەجێ کراون و کۆی هەموویان زیاتر لە 300 پرۆژە دەبێت.

ڕاشیگەیاند، بەر لە 2014 لە بەغداوە بودجەیەکی تایبەت بە پارێزگاکان خەرج دەکرا، بەڵام لە دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانەوە و تاوەکوو ئێستا هیچ بودجەیەکی تایبەت بە پەرەپێدانی پارێزگاکان لە بەغداوە بۆ هەولێر ڕەوانە نەکراوە، بەڵام بۆ نەهێشتنی گرفتەکانی کەمیی خزمەتگوزاری، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە بودجەیەکی تایبەت خەرج دەکات بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و چارەکردنی کێشەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان.

کاڕەش گوتیشی: سەرەڕای قەیرانی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی یەکەم بە بڕی 28 ملیار دینار پرۆژەکانی پەرەپێدانی دەستی پێ کردەوە و دواتر قۆناغ بە قۆناغ پارەکەی زیاد کرا و تا گەیشتە 150 ملیار دینار، بەڵام لە 2023 بەهۆی کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی نەتوانرا تەواوی پرۆژەکان جێبەجێ بکرێن، تەنیا ئەو پرۆژانەی گرنگ بوون جێبەجێ کران، لەوانە جووتسایدی بنەسڵاوە و ڕێگەی خەبات کە بەم نزیکانە قۆناغی دووەمیان جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها ئاماژەی دا “جۆرێکی دیکەی پرۆژە لە پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی دیکە هەیە، کە ئێمە لە پارێزگای هەولێر لە سەر بودجەی پارێزگا چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریمان لە گەیاندنی ئاو، حزمەتگوزارییەکانی کەرتی پەروەردە و تەندروستی و ڕێگەوبان جێبەجێ کردووە”.