بە بڕیاری سەرۆکوەزیران قوتابییانی ڕزگاربووی دەستی داعش، دەگەڕێنەوە سەر خوێندن

بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک ئاسانکاریی بۆ قوتابییانی ڕزگاربووی دەستی داعش دەکات، بە مەبەستی گەڕاندنەوەیان بۆ سەر پرۆسەی خوێندن.

پێنجشەممە، 18-07-2024، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا و بە ئامادەبوونی سێ ڕزگاربووی کوردی ئێزدی؛ باسی لە بڕیارێکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی قوتابییانی ڕزگاربووی داعش بۆ سەر پرۆسەی خوێندن.

وەزیری پەروەردە ڕوونی کردەوە، لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، ڕزگاربووانی شاڵاوی تیرۆرستانی داعش کە ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمارکراوە و لە خوێندن دابڕاون، تەواوی ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکو دەست بە خوێندن بکەنەوە.

 لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکوەزیران، ئەم فەرمانە وەزارییە دەرکراوە:

1.  بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان خۆیان سەرپەرشتیی لیژنەیەکی تایبەتمەند بکەن بۆ ئەو بوارە، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەو پێیەی زۆرینەی ڕزگاربووان لەو سنوورە نیشتەجێن.

2.  تەواوی دەسەڵاتەکان بۆ بەدەرکردن لە مەرجەکانی تەمەن، دەبەخشرێتە بەڕێوەبەری گشتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان بۆ بابەتی ئاماژە پێ کراو بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ڕزگاربووان بۆ سەر خوێندن.

3.   هەموو ئەو ڕزگاربووانەی پۆلی 9ـی بنەڕەتییان تەواو کردووە، بەڵام دواتر کەوتوونەتە دەستی داعش، لە خوێندن دابڕاون و دوای ئازادکردنیان تەمەنی یاساییان تێپەڕیوە، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، هەموویان لە مەرجەکان دەبەخشرێن و دەتوانن لە هەر پەیمانگەیەکی حکوومی کە بیانەوێت بخوێنن.

4.  هەموو ڕزگاربووانی دەستی داعش ئەوانەی ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمار کراوە و دەرچوونی پۆلی 9ـی بنەڕەتی بن، مافیان هەیە لە هەموو پەیمانگە ئەهلییەکان بخوێنن بەبێ بەرامبەر بۆ هەر پێنج ساڵی خوێندن.

بڕیارەکە بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 جێبەجێ دەکرێت

بە گوتەی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو فەرمانە لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە، 18-07-2024، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و بۆ ساڵی خوێندنی 2024 – 2025 پەیڕەو دەکرێت.

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە “هەرچی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش بکەین هەر کەمە، بەڵام ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بەو پێیەی پەیوەندی بە بابەتی خوێندنەوە هەیە”.

هێرشەکەی داعش لە 2014 بۆ سەر شنگال؛ کوژران و ئاوارەبوونی هەزاران ئێزدی

لە هێرشەکەی ڕۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا – پێشخابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان چوونە وڵاتانی دەرەوە.

بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارە بوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.

ھەواڵی زیاتر