36 ساڵ بەسەر داستانی خواکوڕکدا تێدەپەڕێت

سی و شەش ساڵ بەسەر یەکێک لە داستانە بەناوبانگەکەی شەڕی بەرگری خەڵکی کوردستان تێدەپەڕێت ئەویش داستانی خواکوڕکە، ئەو داستانەی لە ماوەی چل و شەش ڕۆژدا، پێشمەرگەی کوردستان ھێرشێکی بەرفراوانی سوپای عێراقی تێکشکاند کە جگە لە تۆپ و فڕۆکە، چەکی کیمیاییشی بەکارھێنا، ئەو داستانە بە سەرکردایەتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی ئومێدێکی گەورەی بۆ خەڵکی کوردستان گەڕاندەوە.

سەرەتای داستانەکە
لە ١٩ی ٧ی ساڵی ١٩٨٨، سوپای ڕژێمی بەعس ھێرشێکی فراوانی کردە سەر ھێزەکانیی پێشمەرگە لە گەلی خواکوڕک لە ناوچەی برادۆستی باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای ھەولێر، بەڵام ھێزەکانیی پێشمەرگە بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی توانییان بۆ ماوەی زیاتر لە چل و شەش ڕۆژ بەرگری بکەن و دواجار سوپای ڕژێم ناچار بە پاشەکشە بکەن و داستانی خواکوڕک لە ‮ ‬٥/٩/١٩٨٨ ‮تۆمار کرا.‬‬‬‬

گرنگی داستانەکە
پێشمەرگەکانی کوردستان بە سەرکردایەتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی ڕووبەڕووی سوپای عێراق وەستانەوە کە ئەوکات بە پێنجەمین سوپای جیھان دادەنرا، شەڕەکە لەڕووی سیاسیی و سەربازیی و ستراتیجییەوە، بایەخێکی مەزنی ھەبوو، چونکە پێشمەرگە توانی دەستکەوتێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی بەدەست بھێنێت. لە ڕووی سیاسییشەوە لە گۆڕنانی ئەو خەونەی دوژمن بوو، کە باوەڕی وابوو بەکۆتاییھاتنی جەنگی عێراق-ئێران، بەرگری و شۆڕشی کوردستانیش لەناو دەچێت، بەڵام بەرگری پێشمەرگە لە خواکوڕک خەونەکانی ڕژێمی بەعسی لە گۆڕنا.

ڕۆڵی سەرۆک بارزانی
عەمید مرادخان دری، پێشمەرگەی دێرین و ھەڵگری مەدالیای بارزانیی نەمر، دەڵێت: لە یەکەم تەقەی داستانی خواکوڕکەوە تا دوا تەقە من لەوێ بووم، سەرۆک بارزانی ھاتە گوندی نار و گوتی، ڕێکخراوی سەربازی دادەنێین، ڕێکخراوێکمان بەناوی چوارچەل دانا و خاڵد شلی، سەرپەرشتی دەکرد و منیش بەرپرسی ڕێکخستن بووم، یەکەمین تەقە لە ڕێکخراوەکەمان کرا، دوای شەڕێکی دوور و درێژ توانیمان شکەست بکەینە بەشی ڕژێمی بەعس و داستانی خواکوڕک بە خوێنی چەند پێشمەرگەیەک تۆمار بکەین.
دری، دەشڵێ: سەرۆک بارزانی، ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕەکەی دەکرد، ئەوەش بووە ھۆکاری ئەوەی کە پێشمەرگە ورەی زیاتر بەرز ببێتەوە و بەسەر دوژمندا سەرکەوێت، لە ھەمان کاتدا لە خواکوڕک سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی ئەوەی کرد، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا زۆر شت ڕووندەبێتەوە و بارودۆخی ناوخۆ بەگشتی دەگۆڕێت، یا ئەوەیە دوژمن ناچار دەبێت لە بەرانبەر ئەم جۆرە بەرگرییەی پێشمەرگە بە خۆیدا بچێتەوە، یان دەبێت دەست لە سوپاکەی بشوات، زۆری پێ نەچوو قسەکانی سەرۆک بارزانی ھاتنە جێ و کوردستان بۆ دوژمن بووە گۆڕستان.
ئەشقی ئێدلبی، بەشداربوویەکی دیکەی داستانی خواکوڕکە، گوتی: لەو شەوەی شەڕی خواکوڕک دەستی پێ کرد، زۆر بە توندی وەڵامی دوژمنمان دایەوە ھەر زوو سوپای عێراق تێکشکا و پاشەکشەی کرد، ئەگەرچی چەکی ئێمە زۆر سادەبوو، بەڵام شەڕی مان و نەمانمان کرد، پارتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی لە داستانی خواکوڕکدا بە تەنیا ملی دایە بەر ئەو ھێزە زەبەلاحە، ڕژێمی بەعس ھەرچی ھێزی ھەبوو، کۆیان کردبوویەوە کە لە چەندین فەیلەق و لیوای سەربازی پێکھاتبوو، بە پاڵپشتی تانک و فڕۆکە و چەکی قورس ھێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، لەژێر کاریگەری داستانەکە دوژمن ناچار بوو بیر لە وەزعی خۆی بکاتەوە، بۆیە داستانی خواکوڕک داستانێکی گەورە و مێژووییە.
ئێدلبی، گوتیشی: سەرۆک بارزانی، ڕاستەوخۆ بەشداری لەو شەڕەی کرد و لە نزیکەوە ڕێنمایی دەدایە پێشمەرگە، کاتێک کە دەمانزانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ پێشمەرگەیە، ئیدی ھیچ ترسێکمان نەما، زۆر بە قارەمانانە وەستاین بەرامبەر بە دوژمن، ھەر لە دەستپێکی شەڕەکە تا دوا فیشەک ڕاستەوخۆ بەشداری ئەو بەرگری و بەرخودانەی کرد، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی ھەوێنی سەرکەوتنی ئەو داستانە گەورە و سەروەرییە بوو، توانیومان شکستێکی گەورەی سەربازی و سیاسی بە ڕژێمی ڕووخاوی بەعس بدەین، لە ھەمان کاتدا ئەم داستانە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ناوچەکە و جیهانیشدا لێکەوتەوە.

دەسکەوتەکانی داستانی خواکوڕک
پێشمەرگە خۆڕاگرانە توانیان زیانێکی زۆر بە ھێزە ھێرشبەرەکەی ڕژێمی عێراق بگەیەنن، داستانەکە لەڕووی سیاسی و سەربازی و ستراتیژییەوە بایەخێکی مەزنی ھەبوو، چونکە پێشمەرگە دەسکەوتێکی زۆری لە چەک و تەقەمەنی ھەبوو، لەڕووی سیاسیشەوە پووچکردنەوەی ئەو خەونەی بەغدا بوو کە دەیویست وانیشان بدات بە وەستانی شەڕی عێراق – ئێران، بەرگری و شۆڕشی کوردستانیش لەناو دەچێت، بەڵام بەرگری پێشمەرگە لە خواکوڕک زۆر لە ھاوکێشە و خەونەکانی حکوومەتی بەغدای لەناوبرد. ئەشقی، ڕوونیشیکردەوە: ئەو بەرگرییەی پێشمەرگە قارەمانەکان لەو داستانە کردیان دەرسێکی گەورەیان بە دوژمن دا و شیرازەی دوژمن بە تەواوەتی لەناوچوو، بۆیە دەتوانم بڵێم داستانی خواکوڕک بووە ھاندەرێک کە خەڵکی کوردستان دژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕن، لە ھەمانکاتدا داستانی خواکوڕک پەیامێکی دایە دوژمنانی کوردستان کە ھیچ کاتێک ڕێبازی پارتی و بارزانی تەسلیمی ئیرادەی دوژمن و داگیرکەران نابێت، ئەو ئیرادەیە بەھێزترە لە ئاگر و ئاسنی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان، جگە لەوەی لەو شەڕەدا پێشمەرگە دەسکەوتی زۆر بوو، ژمارەیەکی زۆر لە سوپای عێراق کوژران، ھەروەھا چەکێکی باشیش کەوتە دەست ھێزی پێشمەرگە وەکو تۆپ، کلاشینکۆف، ئارپێچی، تەقەمەنی و بە دەیان لاشەی دوژمن کەوتبوونە مەیدانی شەڕ و ورەی دوژمن بە تەواوەتی دابەزی بوو و بە دەیان دیلیشمان گرتن، بە بڕیاری سەرۆک بارزانی ھەموو ئەو دیلانەی کە خۆیان تەسلیم بە ئێمە کردبوو، ئازاد کران.
ڕۆلی ئافرەتان و ئاوارەکان نابێت لە بیر بکرێت
عەمید مرادخان بشۆ دری، بەشداربووی داستانی خواکوڕک، ئاشکراشی کرد: خەڵکی ئێمە کە ئاوارەی ئێران ببوون، ڕۆلێکی کارایان ھەبوو لە داستانی خواکوڕک، بەتایبەتی ئافرەتەکان ھەرچی پێداویستی ھەبوو لە نێو شارەکان کۆیان دەکردەوە، لەگەڵ نان و خواردنیان بۆ ھێزی پێشمەرگە ڕەوانەی سەنگەرەکانی پێشەوە دەکرد و لەو ڕوویەوە نەیان ھێشت پێشمەرگە ھیچ کەموکوڕیەکی ھەبێت، بۆیە نابێت ڕۆلی ئەوان لەبیر بکرێت، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو ئەوە بوو کاتێک پێشمەرگە زانی سەرۆک بارزانی لە بەرەکانی پێشەوەیە، پێشمەرگە ھیچ ئاگای لە برسێتی و تینوێتی نەبوو.

ھەواڵی زیاتر