لە هەرێمی کوردستان هەزار و نۆسەد و هەشت پڕۆژەی پەلەوەر هەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی حکوومەتی ھەرێم بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات و بووژاندنەوەی کەرتە ستراتیژی و گرنگەکان، بایەخ و گرنگییەکی بەرچاو بە بواری کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ دراوە، پڕۆژەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر لە ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بەشێکی بەرھەمەکەشیان ھەناردەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.

ئەگەر جاران بینی بەرھەمی ناوخۆ لە بازاڕەکانی کوردستان تەنیا ھیوایەک بووبێت، بەڵام ئێستا حکوومەتی ھەرێم ئەو ھیوایەی کردووەتە ڕاستی و لە ھەموو بازاڕەکاندا بەرھەمی ناوخۆ ھەیە، ھەتا بەشێکی زۆری ئەو بەرھەمانە ھەناردەی دەرەوە دەکرێن. لە پێناو گەشەسەندنی ئابووری لە کەرتی پەلەوەر حکوومەتی ھەرێم ھەوڵی داوە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگرێت، بەمەبەستی وەبەرھێنان و بەرەو پێش بردنی کەرتی پەلەوەر لە ھەرێمی کوردستان.
سەرەڕای ناجێگیریی نرخ و سکاڵای بەردەوامی خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەر لەسەر ساغ نەبوونەوەی بەرھەمەکانیان، ساڵ بە ساڵ ژمارەی پرۆژەکان لەزیادبووندان. وەکو بەشێک لە خاوەنی پڕۆژەکانی پەلەوەر بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن: داوا لە حکوومەت دەکەین وەکو چۆن لەو چەند ساڵەی ڕابردوو گرنگی بە کەرتی پەلەوەر داوە، لە داھاتووشدا زیاتر گرنگی بەو کەرتە بدات، بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت. ئەحمەد ساڵح، ھەشت ساڵە کێڵگەی پەلەوەری ھەیە و توانای بەخێوکردنی نۆ ھەزار مریشکی ھەیە، پێشتر لە ساڵێکدا چل و پێنج ھەزار مریشکی دەخستە بازاڕەوە، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی دابەزینی نرخی مریشک ناتوانێت وەک پێشتر بەردەوام بێت و لەترسی زیان بیر لە داخستنی کێڵگەکەی دەکاتەوە، دەڵێ: دەمانەوێت بەرھەمەکەمان زیاد بکەین، بۆ ئەوەی تەواوی پێداویستی ناوخۆ دابین بکەین و مریشکی زیندوو لە بڕی مریشکی بەستوو بخەینە سەر سفرە و خوانی ھاووڵاتییان، بۆ ئەوەش پاڵپشتی زیاتری حکوومەتمان دەوێت، کە ڕێگری بکات لە ھاوردەکردنی مریشکی بەستوو.
زیاد غەفوور، دوکانی فرۆشتی مریشکی ھەیە، ئاشکرای کرد: ئەگەر نرخی مریشک ھەرزان بێت ڕۆژانە نزیکەی پەنجا مریشک دەفرۆشم، ھەر کیلۆیەک دوو سەد و پەنجا دینار قازانجی منە، ئەگەر نرخیشی لەسەرووی دوو ھەزارەوە بێت تەنیا بیست و پێنج تا سی مریشک دەفرۆشم، کەواتە چەند نرخی مریشک ھەرزانتر بێت خەڵک زۆرتر ڕوومان تێدەکات.
وەزارەتی کشتوکاڵ پێویستیی ساڵانەی تاکی بۆ گۆشتی مریشک بە ٢٣.٩ کیلۆ دیاریکردووە، ساڵانە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان سەد و چل و حەوت ھەزار تۆن گۆشتی مریشک دەخۆن، بەم پێوەرە بێت ھەرێمی کوردستان پێویستی بە مریشکی ھاوردە نییە. لە کەرتی پەلەوەر جگە لە کردنەوەی پڕۆژەی نوێ بەو پشتگیرییەی حکوومەتی ھەرێم وایکردووە بەرھەمی پەلەوەر بگاتە خۆبژێوی و تەنانەت ھەناردەی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانیش بکرێت، بەگوتەی بەرپرسانی ئەو کەرتە ئێستا پڕۆژەی پەلەوەر ژمارەیان بەرزبووەتەوە بۆ ھەزار و نۆسەد و ھەشت پڕۆژە، توانای بەرھەمھێنانی ساڵانەیان لە سەد و سی و پێنج ھەزار تۆنەوە بۆ دوو سەد و شەست و پێنج ھەزار تۆن زیادی کردووە، لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان پێویستی بە سەد و چل و حەوت ھەزار تۆنە، بڕی بەرھەمی زیادە ڕەوانەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر