پارێزگاری هه‌ولێر و كونسوڵی فه‌ڕه‌نسا دووپاتی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی و هاوبه‌شییه‌كانیان كرده‌وه‌

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17-7-2024 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ دیوانی پارێزگا پێشوازی له‌ (یان برایم) کونسوڵی گشتی فه‌ڕه‌نسا و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌ دیدارێكدا وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، پارێزگاری هه‌ولێر دووباره‌ پیرۆزبایی رۆژی نیشتمانی ئه‌و وڵاته‌ی له‌ كونسوڵ و شاندی یاوه‌ری كرد و رایگه‌یاند، ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی له‌ رێوره‌سمی رۆژی نیشتمانی فه‌ڕه‌نسا دووپاتكردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی و هاوپه‌یمانیی و هاوبه‌شی نێوان گه‌لی كورد و فه‌ڕه‌نسایه‌.
پارێزگاری هه‌ولێر سوپاسی هاوكارییه‌كانی حكوومه‌ت و گه‌لی فه‌ڕه‌نسای بۆ گه‌لی كورد و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و داواشیكرد هاوكاریی و پێكه‌وه‌كاركردنی هه‌ردوولا بۆ‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت.
هه‌روه‌ها پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌ پڕۆژه‌ی دروستكردنی رێڕه‌وی پایسكلسواری له‌هه‌ولێر كرد و رایگه‌یاند، سوودی زۆرمان له‌ بیرۆكه‌كانی ئان هیداڵگۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی پڕۆژه‌یه‌كه‌وه‌ پاریسی له‌ خنكانی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل رزگاركرد و هه‌ولێریش له‌مڕوه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێت.
ئاشكراشیكرد، له‌ پێناو سه‌رخستنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ و پاراستنی ژینگه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی، سوود له‌ شاره‌ فڕانكۆفۆنییه‌كانیش وه‌رده‌گرین.
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ كونسوڵی فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر كرد و دووپاتی بره‌ودان و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه مێژوویی و دۆستاییه‌تییه‌كانی نێوان گه‌لی كورد و فه‌ڕه‌نسای كرده‌وه‌.
خۆشحاڵی خۆشی به‌ به‌شداری و ئاماده‌بوونی پارێزگاری هه‌ولێر له‌ ئاهه‌نگی ده‌ستپێكی یارییه‌كانی ئۆلۆمپیادی پاریس ده‌ربڕی كه‌ له‌ 26ـی ته‌مموز ده‌ستپێده‌كات و تاكو 11ـی ئاب به‌رده‌وام ده‌بێت.
پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و بابه‌تی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو، كونسوڵی فه‌ره‌نسا هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ پرۆسه‌كه‌ خواست.
له‌ پێناو جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ دۆستایه‌تی نێوان هه‌ردوو گه‌لی فه‌ره‌نسا و كورد، هه‌ردولا رێككه‌وتن رێوڕه‌سمێكی شایسته‌ له‌سه‌ر قه‌ڵای هه‌ولێر به‌ بۆنه‌ی ده‌ستپێكی یارییه‌كانی ئۆلۆمپیاد له‌ پاریس رێكبخه‌ن و تێیدا مێژووی دۆستایه‌تی پاریس و هه‌ولێر دووپات بكه‌نه‌وه‌.