خاوبووەنەوەی گرژییەکانی هەولێر و بەغدا لێکەوتەی ئیجابی دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆ و دانوستاندنە لەگەڵ بەغدا بۆ دۆزینەوەی چارە بۆ کێشەکان کە تێیدا دەستوور بنەمای سەرەکی و کۆتایی بێت، چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، ھەردوولا بۆ چارەکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان لەسەر ڕێگەیەکی فراوانی گفتوگۆکردنن کاردەکرێت لەو ڕێگەیەوە سەرجەم کێشە سیاسی، ئابووریی و داراییەکانی نێوانیان چارە بکەن. پەرلەمانتارێکیش، دەڵێت، ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە و کۆتایی بەو کێشەیە دێت.

ھەولێر و بەغدا لاپەڕەیەکی نوێیان بۆ چارەکردنی کێشە سیاسیی و ئابووری و داراییەکانی نێوانیان ھەڵداوەتەوە، گفتوگۆی حکوومەتی ھەرێم بە ئاراستەی چارەکردنی کێشەکانە لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆک، لایەنەکانیش پێیانوایە بەراورد بە ڕابردوو ئێستا لە بەغدا نیەتێکی جیددیتر بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەردوولا ھەست پێ دەکەن.
د. سەعید محەممەد، چاودێری سیاسی، دەڵێت: ئەم لێکنزیکبوونەوەیە ھەنگاوێکی باشە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەی گونجاو بۆ ھەموو کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەر دوو حکوومەت، بەتایبەتی بابەتی مووچە و بودجە و نەوت، لەگەڵ ھەموو ئەو کێشانەی دیکە کە پەیوەندی بە ھەردوولاوە ھەیە.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: ھەولێر و بەغدا ئێستا کار لەسەر خاوکردنەوەی گرژییەکانی ڕابردوو دەکەن، لەڕووی سیاسییەوە پەیوەندییەکی توند و تۆڵ لە نێوانیاندا دروست بووە و لەڕووی ئابووریشەوە ھەنگاوی باشیان بۆ چارەکردنی کێشەی بودجە و مووچە بڕیوە، بەردەوامی ئەو پەیوەندییانە کاریگەری باش لەسەر دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێت.
ئاراس حەسەن، شارەزای بواری ئابووری، ڕایگەیاند، دەکرێت ھەموو کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە بکرێن، بەتایبەتی ئێستا نیەتێکی جیددی لەلایەن حکوومەتی عێراق و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان ھەیە، بۆ کۆتایی ھێنان بە ھەموو کێشەکان، بەتایبەتی یاسای نەوت و گاز کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: لە دوایین کۆبوونەوەی ئەپیکۆر ئەوەی سەرپەرشتیی کۆمپانیاکانی دەرھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکات لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، باسی دوو پرس کرا، ئەوانیش بریتی بوون لە گرێبەستە نەوتییەکان و تێچووی دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان، کە ئەنجامەکان ئەرێنی بوون و بناغەی ڕێککەوتن دانرا، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بگەنە ڕێککەوتن و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ئەوەی گرنگە، ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق زۆر جیددین لەسەر ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و دووبارە دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکرێتەوە، چونکە ھەڵوێستی ھەردوو لایەن ئەرێنین و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کارێکی باشی کردووە و ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەو گرفتانەی ھەن چارە بکرێن و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە و کۆتایی بەو کێشەیە بێت.

ھەواڵی زیاتر