دیندار زێباری: سەنتەرەکانی دووبارە شیاندنەوەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان دادەمەزرێنرێن

دیندار زێباری، ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مارك سترۆ، کونسوڵى گشتیی ئەمەریکا و شاندى یاوەرى کرد.

لە دیدارێکدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لە پلانى حکوومەتی هەرێمى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ کرد و گوتی: لە ڕوانگەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری بە پلانەکە داوە و ئێستە پلانەکە کەوتووەتە قۆناغی جێبەجێکردنی و پڕۆسەکەش هەنگاوی باشی بڕیوە، هەروەها ژمارەیەک ڕێکارمان دەرکردووە بۆ خێرا کردنی پرۆسەکە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونیشی کردەوە: لە مەلەفی مافی مرۆڤ بە گشتی و ئەو ڕێککەوتننامانەی عێراق لەم ڕووەوە پەسەندی کردوون هەماهەنگییەکی باش و بەردەواممان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵی هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ وەزارەتەکانى داد و دەرەوە لە حکوومەتى فیدراڵی، حکوومەتی هەرێمى کوردستان بەشدارییەکی کارای هەیە شانبەشانى حکوومەتى فیدراڵی لەسەر ئاستی دەرەوە ئەمەش پێگەی هەرێمی کوردستان و بەغدای بەهێزتر کردووە لە بواری پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە دۆسیەی مافی مرۆڤدا.

لەبارەى بابەتەکانی بازرگانى بە مرۆڤ، ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، دیندار زێباری ئەوەی خستە ڕوو: بە حووکمی پێگەی جوگرافییەوە ئێستا هەرێمی کوردستان وەک ترانزێتێکی لێهاتووە بۆ بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان و ژمارەی بەکارهێنەرانی لە هەڵکشانی بەردەوامدایە و لەم ڕووەوە هێزە چەکدارە ناعێراقییەکانیش ڕۆڵێکی نەرێنی دەبینن بەتایبەتی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و لە ڕێگای سنوورەکانەوە، سەرەڕای ئەمەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ‌ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان. 

ئەوەشی باس کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ دامەزراندنی سەنتەرەکانی دووبارە شیاندنەوەی بەکارهێنەران و ئەم هەنگاوەی لە چاکسازییەکان دەست پێ کردووە و بڕیار وایە بەم نزیکانە لە شارەکان سەنتەری نوێ و مۆدێرن بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دابمەزرێنێت، بەڵام لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە حکوومەتی هەرێم پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەیە.

 سەبارەت بە نەهێشتنی بازرگانی کردن بە مرۆڤ هەنگاوی زۆر نراوە و تا ئێستا چەندین کەس و کۆمپانیا کە بەم کارە تێوەگلاون سزا دراون.

دواتر ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر بابەتی ئازادی ڕوژنامەوانی و ڕادەربڕین و ئاشکرای کرد کە ئەمانە لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی مافی مرۆڤن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆریان پێدەدات، لە هەرێمی کوردستان ئەم دوو بابەتە بە یاسای ڕێکخراون، وبەپێی یاسا بەرکارەکان بە سەدان دەزگای مێدیایی بینراو و بیستراو و خوێنراو ئازادانە کاری خۆیان دەکەن؛ هەروەها دەسەڵاتی دادوەری ڕۆڵی هەیە لە یەکلایی کردنەوەی کەیسەکانی تایبەت بە کاری ڕۆژنامەوانی و حکوومەتی هەرێم تەنیا لایەنی جێبەجێکاری فەرمانەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمى کوردستان.

دیندار زێباری ئاماژەی بە هەنگاوەکانی حکوومەت کرد بۆ کارئاسانی و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان کارئاسانی زۆریان بۆ دەکرێت بەتایبەتی ئەوانەی لە بواری هاوکاری کردنی ئاوارە و پەنابەران.

لەلاى خۆیەوە بەڕێز مارک سترۆ کونسڵى گشتى ئەمەریکا ستایشى هەوڵەکانى حکوومەتی هەرێمى کوردستانى کرد لە ڕووبەڕوو بوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانى کردن بە مرۆڤ کە ئێستا هەرێم نمونەیەکى ئەرێنییە، هەروەها  ئامادەیى خۆیان دەربڕى بۆ هاوکارى و هەماهەنگى و کارى پێکەوەیى زیاتر لە داهاتوودا.

ھەواڵی زیاتر