دژه‌تیرۆری عێراق: هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی به‌رده‌وامه‌

ده‌زگه‌ی دژه‌تیرۆری عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ ده‌ تیرۆریستیان له‌ پله‌ی جیا جیا ده‌ستگیر كردووه‌.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 15ـی ته‌ممووزی 2024، سه‌باح نوعمان، گوته‌بێژی ده‌زگه‌ی دژه‌تیرۆری عێراق ڕایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی نیوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵدا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان توانیویانه‌ 11 تیرۆریستی پله‌دار له‌ پله‌ی جیا جیا ده‌ستگیر بكه‌ن، كه‌ چواریان به‌ پێی مادده‌ی (4) ده‌ستگیر كراون.

سه‌باح نوعمان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی به‌رده‌وامه‌ و ئه‌و هه‌ماهه‌نگییانه‌یش به‌رده‌وام پێش ده‌كه‌ون و له‌ ئه‌نجامیشدا ئاسایشی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌ند كۆنترۆڵ كراوه‌.

گوته‌بێژی ده‌زگه‌ی دژه‌تیرۆری عێراق سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشاوه‌، هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان وایكردووه‌ “ڕاسته‌وخۆ بڕبڕه‌ی پشتی تیرۆریستان بشكێنێت.”

ناوبراو جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئه‌منییه‌كانیان له‌ ناوچه‌ جوگرافییه‌ سه‌خته‌كان كه‌ تیرۆریستان كردوویانه‌ته‌ شوێنی جێگیربوون و  كرده‌ تیرۆریستییه‌كانیان، به‌رده‌وامیان هه‌یه‌.