ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی وەرگرتنی لیستی کاندیدانە و ئەگەری درێژکردنەوەی وادەکە هەیە

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان داوای بکەن، لەوانەیە وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیداکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژ بکەنەوە.

کاتژمێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دووشەممە، 15-07-2024، وادەی پێشکەشکردنی لیستی کاندیداکانی هاوپەیمانی، پارت و کاندیدا سەربەخۆ و تاکەکەسی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی دێت.

د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئەگەری درێژکردنەوەی وادەکە، ڕاگەیاند، “تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیدان نییە، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان داوای درێژکردنەوەی بکەن، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆ دەبێتەوە و لەوانەیە وادەکە بۆ چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک درێژ بکاتەوە”.

لە لایەکی دیکەوە مەروان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، “ژمارەیەک پارت و هاوپەیمانیی سیاسی داوای درێژکردنەوەی وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیداکانیان کردووە، ئێمەش ئەو چەندەمان بە کۆمیسیۆن ڕاگەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی وادەکەمان پێ نەگەیشتووە”.

بە گوتەی مەروان محەممەد، “لەبەر ئەوەی پارت و هاوپەیمانییە سیاسییەکان داوای درێژکردنەوەی وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیداکانیان کردووە، لەوانەیە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وادەکە درێژ بکاتەوە؛ نزیکەی کاتژمێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ بۆمان ڕوون دەبێتەوە درێژ دەکرێتەوە یان نا”.

لەبارەی ژمارەی لیستی کاندیداکان کە پێشکەشی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە، بەرپرسی لقەکە گوتی، “تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە، 15-07-2024، دوو هاوپەیمانی، 11 پارتی سیاسی و 35 کاندید لیستی ناوەکانیان پێشکێش کردووە”.
ڕۆژی 20-05-2024، دەستەى دادوەریی هەڵبژاردنی سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆی 100 کورسی، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستانی بۆ کۆتاى پێکهاتەکان تەرخان کرد و ژمارەی کورسییە گشتییەکانیشی کەم کردەوە، بەم شێوەیە: سلێمانی 36 کورسی، هەولێر 32 کورسی و دهۆکیش 24 کورسی.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت. سەرچاوەیەکی کۆمیسیۆن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، “سەدا 80ـی ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنەکە تەواو کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکارن لەگەڵمان”.

بە گوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کارتی بایۆمەتریی دەنگدان کە تایبەتە بە دەنگدەرانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان؛ تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، 04-07-2024،  لە کۆی 818 هەزار و 979 کارت لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی؛ 438 هەزار و 533ـیان وەرگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکە سەدا 53.5 و 380 هەزار و 464ـیشیان وەرنەگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکەی سەدا 46.5.

ھەواڵی زیاتر