مەترسییەکانی پەکەکە لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر بووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

مانگێک دەبێت شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە سنووری ئامێدی بەردەوامە، ئارامی و تەناھی دەیان گوند کەوتوونەتە مەترسییەوە، جگە لەوەی ئاگر بەربووەتە پوش و پاوان و دارستانی سنوورەکە، لەبەر شەڕ و ئاژاوە کەس ناتوانێت کۆنتڕۆڵ بکات.

پەکەکە بووەتە بەڵا بەسەر ھەرێمی کوردستانەوە، شەڕی خۆی لەگەڵ تورکیا ھێناوەتە نێو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە، بەھۆی ئەوانەوە نزیکەی چوار سەد گوند چۆڵ کراون و دانیشتووانەکەشی بەرەو شارەکان کۆچیان کردووە.
شەڕی پەکەکە و تورکیا زیانێکی زۆری ماددی و گیانی بە خەڵکی سنووری ئامێدی گەیاندووە. وەکو ھاووڵاتییان دەڵێن، سروشت و ژینگەی سنوورەکە بە تەواوەتی لەناو چووە و تا ئێستا زیاتر لە چوار ھەزار و سێ سەد دۆنم زەوی و ڕەز و باخی ھاووڵاتییان لە قەزای ئامێدی سووتاوە. ھاووڵاتییان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ھەرچی ڕەز و باخ ھەبووە ھەموو لەناوچوونە و زیانێکی زۆر بە سرووشت و ژینگەی ناوچەکەمان کەوتووە، دار ھەبووە تەمەنی زیاتر لە دوو سەد ساڵ بووە لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا لەناوچووە.
بەرپرسانی ئامێدی، دەڵێن، لەبەر بەردەوامی شەڕی پەکەکە و تورکیا ھیچ لیژنەیەکی ئێمە ناتوانێت سەردانی ئەو شوێنانە بکات کە زەرەر و زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام تا دێت زەرەر و زیانەکان زیاتر دەبن، زیاتر لە دوو سەد و پەنجا ھەزار دۆنم دارستان زیانی بەرکەوتووە، جگە لەوەی زیاتر لە سەد و نەوەد و پێنج گوند لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵ بوونە و خەڵکەکەی ئاوارەی ناوچەکانی دیکە بوونە. وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی، ئاشکرای کرد: پەکەکە کێشەی سەرەکییە بۆ خەڵکی سنووری ئامێدی، ھەر ئەویش ھۆکارە ئەو گوندانە چۆڵبکرێن و ئاوەدان نەکرێنەوە و حکوومەت نەتوانێت دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو گوندانە درێژ بکات.
سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، باس لە مەترسییەکانی پەکەکە دەکات و دەڵێت؛ پەکەکە ئەوە دەیان ساڵە بووەتە بەڵا بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەو شەڕەی لە نێوان ئەوان و تورکیادا ھەیە، ھێناویانە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر پەکەکە سیاسەتێکی ھەبووایە، ھزر و بیرێکی کوردایەتی لابایە، بارودۆخی ھەرێمی کوردستانی لەبەرچاو بووایە نەدەبووە ھۆکار بۆ چۆڵبوونی گوندەکان و ھێنانی تورکیا بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان، جگە لەوەی بەھۆی ئەوانەوە زیانێکی زۆری ماددی و گیانی بەر ھەرێمی کوردستان کەوتووە.

ھەواڵی زیاتر