گەلی شێرانە لە دهۆک

گەرمیان گلی- هه‌ولێر

لە باشووری کوردستاندا سەدان شوێنی گەشتیاری هەیە کە ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆی دەچن، یەکێک لەو شوێنانە گەلی شێرانەیە،گەلی شێرانە دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی، بە ئاڤا شینیش ناوبانگی دەرکردووە، ئاوێکی رەنگ شینی زۆر جوانە، لە گەرمترین وەرزەکانی ساڵدا پلەی گەرما لە گەلی شێرانە ٢٠ە، کە گەشتیاران دەتوانن کاتێکی خۆش لەو فێنکاییە بەسەر ببەن، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان سەدان شوێنی گەشتیاری و سەرنجڕاکێش هەیە، تەواوی شوێنە گەشتیارییەکانیش سروشتین و هێچ شوێنێک یاخود تاڤگەو چەمی دەستکردی تێدا نییە، کاتێک گەشتیاران سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کاتێکی خۆش بەسەردەبەن.

گەلی شێرانە، شوێنێکی گەرشتیاری سەرنجڕاکێشە، خاوەنی ناوچەیەکی شاخاوی سەرنجڕاکێش و ئاوێکی سازگارە، کە رەنگی ئاوەکەی سەرنجی تەواوی گەشتیاران رادەکێشێ. کاتێک سەردانی ئەو گەلییە دەکەی، تەماشای هەر لایەک دەکەی دیمەنی هێندە جوان دەبینی کە جێگەی باوەڕ نین، دەتوانی چێژێکی تایبەت لەو ناوچە گەشتیارییە ببینی. ئاوە سازگارەکەی گەلی شێرانە لە بەفراوی چیاکانی ئەو ناوچەیە دێتە خوارەوە، لەگەڵ چەندین کانی ئاو، ئاوێکی ساف و ساردە، ناوچەکە بە دارستانی چڕ داپۆشراوە، کە لە گەرمترین وەرزەکانی ساڵدا پلەی گەرمی لە ٢٠ پلە تێپەرناکات.
سیڤان بەکر ماوەیەکی زۆرە لەگەلی شێرانە کار دەکات و چێشتخانەیەکی لە گەلی شێرانە کردووەتەوە، ئەو رۆژانە خواردن و چای پێشکەش بە گەشتیاران دەکات و دەڵێ: زۆر دڵخۆشم کە ئەو گەلییە بووەتە سەرچاوەی ئابووری بۆ گەنجانی گوندەکەمان.
گەلی شێرانە، دەکەوێتە ناحییەی دێرەلووکی سەربە قەزای ئامێدی لە پارێزگەی دهۆک، ئەگەر بتەوێ لە دهۆکەوە بە ئۆتۆمبێل سەردانی گەلی شێرانە بکەی، بە کەمتر لە ٢ کاژێر دەگەیتە ئەم شوێنە، لەسەر رێگەدا بە هاوینە هەوارەکانی زاویتە و سەرسەنگ و سۆلاڤ دا تێدەپەڕی، پێش ئەوەی بگەیتە گەلی شێرانە، دەتوانی چێژ لەم هاوینە هەوارانە وەربگری. ئەگەر بتەوێ بە نێو شاخەکەدا سەربکەوی، دەبێ بە پێ بڕۆی، بەڵام هەتا زیاتر بڕۆیتە قوڵایی شاخەکە دیمەنی سەرنجڕاکێشتر و کەشێکی فێنکتر دەبینی، سەرسام دەبیت بە رەنگی ئاوەکەی. لەسەر رێگە چەندین خێزان و گرووپی گەشتیاران لە کەناری رووبارە دانیشتوون و خەریکی خواردن و خواردنەوەن لە هەوایەکی فێنک و خۆشدا. لەنێو ئاوە ساردەکەدا کاتێکی خۆش بە مەلەکردن بەسەر دەکەن..
هەرێم نوری، گەشتیارە و هاتۆتە گەلی شێرانە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و دەڵێ: من یەکەمجارە سەردانی گەلی شێرانە دەکەم و لە ئامێدییەوە هاتووم، لەلایەن براکەمەوە بانگکراوم بۆ ئێرە، براکەم چەندین وڵات گەڕاوە و دەڵێ تا ئێستا شوێنی خۆشی وەکوو ئێرەم نەبینیوە.قی
زۆربەی گەشتیاران کە دەگەنە ئێرە زیاتر ناڕۆن، لەبەر ئەوەی رێگەکە سەخت دەبێت و مەترسی کەوتنەخوارەوەی هەیە، بەڵام لێرە گەنجان زۆربەی کاتەکانیان بە مەلەکردن بەڕێدەکەن.
زمناکۆ خەسرۆ گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵی گوندی هەریکا ئاغایە، لە دێرەلووک، ئەو هەموو رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، کە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روو لە گەلی شێرانە دەکەن، دێتە ئێرە و چای دەفرۆشێ، رۆژانە بە چا فرۆشتن ٥٠ هەزار دیناری دەستدەکەوێ.
تەواوی ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئەو ش وێنە گەشتیارییەیان کردووە، تاوەکو و رۆژئاوابوون لەوێ دەمێننەوە، بەڵام کە شەو دادێ، بەهۆی ساردی ناوچەکە دەگەڕێنەوە نزیک ئۆتۆمبێلەکانیان و لە ژێر کەپرەکان پشوو دەدەن. بەشێک لە گەنجانیش بە هەڵپەڕکێی کوردی و گوێگرتن لە میوزیک گەتەکەیان دەڕازێننەوە، پێش ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
ئەوەی ئاوی گەلی شێرانە جیا دەکات لە ئاوەکانی تر بوونی کانزای کبریتە لەنێو ئاوەکەیدا کە دیمەنێکی سەرنجڕاکێش دروست دەکات و رەنگی ئاوەکە بە شینێکی کاڵ و سازگار دەردەکەوێت، بۆیە ھەندێک کەس ناوی دەنێن ئاوی شین و ئەم دیمەنە سەرنجڕاکێشە وا دەکات کە گەشتیاران تامەزرۆی بینینی بن و بەکۆمەڵ سەردانی ئەم شوێنە بکەن کە ھەندێکیان ناوی دەنێن بە دیمەنێک لە بەھەشت.
لە بارەی سرووشتی گەلی شێرانە کارگێڕی ھاوینەھەوارەکانی گەلی شێرانە، ھەرمان سدقی محەمەد دەڵێ: سرووشتی ئەم ناوچەیە سرووشتێکی خورسکە و ھیچ دەستکاریەک نەکراوە و بەپێی لێکۆڵینەوەکانی شارەزایانی بواری ئاو، ئاوی ئەم ناوچەیە سازگارترین ئاوە لە سەرتاسەری عێراق.
لەبارەی رێژەی گەشتیاران و سەردانکردنیان بۆ گەلی شێرانە، لە ساڵی ٢٠١٧ ئەم ناوچەیە کراوە بە چەندین ھاوینەھەوار کە ژمارەیان ١٥ ھاوینەھەوارە، لەو ساڵەدا كە یەكەمین ساڵ بۆ ٣٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ئەم ناوچەیەی کرد و لە ساڵی ٢٠١٨ ژمارەکە بەرزبووە بۆ ١٥٠ ھەزار گەشتیار و لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بوو و بوو بە ٥٢٠ ھەزار گەشتیار، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠ بەھۆی کۆرونا وەک ھەموو شوێنە گەشتیاریەکانی تر ھاوینەھەوارەکانی ئەم ناوچەیەش بە داخراوی مانەوە و لە ئێستاشدا ژمارەی گەشتیاران دوو هێندە زیادی کردووە .

ھەواڵی زیاتر